دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق بڵاویکردەوە، ماوەی مۆڵەتی دراو بە بەکارهێنەرانی سیمکارتەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیكوم تاوەکو ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ درێژکرايەوە.
ئاوێنە: دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "ماوەی مۆڵەتی دراو بە بەکارهێنەرانی سیمکارتەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیكوم تاوەکو ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ درێژکردووەتەوە، لەسەر داوای لیژنەی گواستنەوەو گەیاندنی پەرلەمان".
ئاماژەی بەوەشکرد، مۆڵەتەكە بۆ بەكارهێنەران بۆ تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان بەمەبەستی پاراستنی هەژمارەکان و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان کە بە ژمارەکانی کۆمپانیاکەوە بەستراونەتەوە.
دەستەکە وتوشیەتی "مۆڵەتی پێشوو لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا کۆتایی دەهات پێش دەستکردن بە کوژاندنەوەی ناوەندەکانی گۆڕینی (بدالات) کۆمپانیاکە، بەڵام وادەی نوێ بۆ ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ دیاریکرا.
هاوکات داوا لە بەکارهێنەرانی کۆڕەک دەكەن كە پشت بە ژمارەکانیان دەبەستن لە وەرگرتنی کۆدی دڵنیایی و سەلماندنی ناسنامە و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان، ژمارەیەکی سەربە یەکێک لە هەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێل یان زەین عێراق بۆ ئەو ئەپ و پلاتفۆرمانە زیاد بکەن کە ڕێگە بە تۆمارکردنی زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن.
سەبارەت بەو ئەپانەی کە ڕێگە نادەن زیاتر لە ژمارەیەک زیاد بکرێت، دەستەكە داوای کردووە، ژمارەی پشت پێبەستراو بۆ مەبەستی دڵنیایی و سەلماندنی ناسنامە و گەڕاندنەوەی هەژمار نوێ بکرێتەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی ژمارەی کۆڕەک کاتێک ئەوە گونجاو بێت، هەروەها چالاککردنی رێگاکانی تری گەڕاندنەوە وەکو ئیمەیل و ئەپەکانی دڵنیایی.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق ئەوەشی خستووتە روو، رۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ وادەی نوێیە بۆ کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە و لەدوای ئەوە رێکارە رێکخراوەیی و یاساییەکانی تایبەت بە کوژاندنەوەی بەدالەكانی کۆمپانیای کۆڕەک تەواو دەکرێن.
"رێکارەکان داوا لە بەکارهێنەران ناکەن کە سیمکارتەکانی کۆڕەک فڕێ بدەن یان دەستبەرداری ژمارەکانیان ببن، بەڵکو ئامانجیان پاراستنی گەیشتنیانە بە هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان و پاراستنی مافی بەکارهێنەران و دەوڵەت".