سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکوک ڕایگەیاند، گرووپێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی "داعش" هێرشیان کردووەتەسەر فەوجی دووەمی لیوای ٦١ لە حەشدی شەعبی، لە گوندی بەرغلیە ـ دەندیش کە سەربە قەزای حەویجەیە، لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوک.
ئاوێنە: ئاژانسی شەفەق نیوز لەزاری سەرچاوە ئەمنیەکەوە بڵاویکردەوە، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتەسەر ناوچەی فەوجەکە، بەڵام هێزەکانی ئامادە لە ناوچەکە بەرەنگاری هێرشەکە بوونەوە. لە هەمانکاتدا، هێزە ئەمنییەکان و حەشدە شعبی لە ناوچە دەوروبەرەکاندا بە تەواوی بەئاگاداری و ئامادەباشی هاتنە دۆخێکی ئامادەباشی.
هەروەها سەرچاوەکە وتیشی "یەکێک لە قەناس بەدەستەکانی داعش کامێرایەکی چاودێری حەراری سەربازی کردووەتە ئامانج، کە وایکردووە کامێراکە زیانی پێبگات و چیتر کار نەکات، بەڵام هێشتا وردەکارییەکانی زیانەکانی دیکەی هێرشەکە دیار نییە.
لەدوای هێرشەکەش، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە پشکنین و بەدواداچوون لە دەوروبەری گوندەکە و ناوچە نزیکەکان کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە. هەروەها ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان.
سەرچاوەکە هیچ زانیارییەکی لەبارەی برینداربوونی ئەندامانی حەشدی شەعبی نەداوە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە دۆخی ئەمنی هێشتا لەژێر چاودێرییە.
ئەم هێرشە دوای ئەو ڕووداوە هاتووە کە شەوی ڕابردوو یەک کەس گیانی لەدەست دا و چوار کەسی دیکە بریندار بوون، کاتێک داعش هێرشی کردەسەر ناوچەی فەوجی سێیەم لە لیوای نۆیەمی پۆلیسی فیدراڵ، لە ناوچەی بەرغلیە ـ دەندیش لە قەزای حەویجە.