کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هۆشداری دەدات لە سستبوونەوەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا، و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حکوومەتی ئەنقەرە تاوەکو ئێستا هەنگاوی کرداری بۆ پێشخستنی پرۆسەکە نەناوە. لەو چوارچێوەیەشدا، داواکارییەکانی بۆ پێدانی رۆڵی زیاتر بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا نوێ دەکاتەوە.
ئاوێنە: مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، تیشکی خستە سەر رەوشی ئێستای پرۆسەکە و رایگەیاند؛ سەرەڕای ئەوەی لە ١٠ی ئابی رابردوودا پەرلەمانی تورکیا یاسای چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری پەسەند کردووە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانیشدا، هیچ هەوڵێکی رژد بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی بەدی ناکرێت.
ئەو بەرپرسەی کەجەکە جەختی لەوە کردەوە کە لایەنی ئەوان تەواوی بەرپرسیاریەتییەکانی سەرشانی خۆیان جێبەجێ کردووە، بەتایبەتیش لە رێگەی راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری، بەڵام لە بەرانبەردا رەخنەی ئەوەی گرت کە دەسەڵاتی تورکیا ئامادە نییە بە کردار هەنگاو بۆ ئەم قۆناخە نوێیە بنێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەرەسوو هۆشداری دا لەوەی کە پرۆسەی ئاشتی بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی هەڵبژاردن و ململانێ سیاسییەکان، چونکە پێی وایە هێشتنەوەی پرسی کورد بە چارەسەرنەکراوی زیانی گەورە بە تەواوی ناوچەکە دەگەیەنێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بەردەوامبوونی یاسا کۆنەکان، کە رێگە بە پێشێلکاریی مافەکان، دەستگیرکردنی نەیاران و دانانی قەیوم (سەرپەرشتیار) دەدەن، گەیشتن بە ئاشتی قورس دەکەن. لەبەر ئەوە، داوا دەکات پەرلەمانی تورکیا یاسای تایبەت بە دەستەبەرکردنی ئازادی و تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتی دەربکات.
سەبارەت بە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند کە هێشتا دەرفەتی پێویست بە ئۆجەلان نەدراوە بۆ ئەوەی رۆڵی کارای خۆی بگێڕێت. داواشی کرد گۆڕانکاری لە هەلومەرجی مانەوەیدا بکرێت، بۆ ئەوەی وەک رێکخەری دەستەی تایبەت بە پرۆسەکە بتوانێت بە ئازادی چاوی بە رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و هێزە سیاسییەکان بکەویت و پەیامەکانی راستەوخۆ ئاراستەی رای گشتیی تورکیا بکات. لەم پێناوەشدا، بانگەوازی بۆ سەرجەم لایەنەکان کرد کە بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و گوشار دروست بکەن بۆ شەفافکردنی سەرجەم هەنگاوەکانی پرۆسەکە بۆ کۆمەڵگە و دەرکردنی یاساکانی ئازادی.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥، هەوڵێکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکرد. لە هەنگاوێکی گرنگدا، لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و کۆتایی بە تێکۆشانی سەربازی بهێنێت. بەدوای ئەوەشدا، لە ١٢ی ئایاری هەمان ساڵ، پەکەکە لە کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا بە فەرمی بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری راگەیاند.
لە بەرانبەر ئەم هەنگاوانەدا، حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی، بەڵێنی جێبەجێکردنی هەنگاوی یاساییان دا و یاسای چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییان لە پەرلەمان پەسەند کرد. بەڵام ئێستا، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەو وێستگانەدا، سەرکردەکانی کەجەکە و پەکەکە رەخنەی تووند لە دەسەڵاتی ئەنقەرە دەگرن.
ئەوان پێیان وایە، دەسەڵات لە تورکیا تەنیا داوای چەکدانان دەکات و هیچ جووڵەیەکی سیاسی بۆ فراوانکردنی ئازادییەکان و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد نانێت، لە هەمان کاتیشدا رێگرییەکانی بەردەم ئۆجەلان بۆ ئەنجامدانی دیداری ئازاد لەگەڵ لایەنەکان بە مەبەستی گێڕانی رۆڵی رێکخەری پرۆسەکە، وەک خۆیان ماونەتەوە.