ئایفۆنی چەماوەی ئەپڵ بە نرخی ٢٠٠٠ دۆلار لەبازاڕەکان خێرا فرۆشرا
  2026-10-17     

کۆمپانیای ئەپل بە ناساندنی مۆبایلی چەماوەی نوێی خۆی بە ناوی iPhone Duo، هەنگاوێکی نوێی نایە نێو بازاڕی مۆبایلە چەماوەکان؛ بەرهەمێک کە بە تایبەتمەندییە تەکنەلۆژییەکان و نرخی بەرزەکەی، سەرنجی کڕیاران و شیکەرەوەکانی ڕاکێشاوە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی فانینشیاڵ تایمز، هەموو بڕی بەردەست لە ماڵپەڕی ئەپڵ لەماوەیەکی زۆر کورتدا فرۆشراوە.

 

ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، نرخی دەستپێکی ئەم مۆبایلە لە بازاڕی ئەمریکا ١,٩٩٩ دۆلارە، لە کاتێکدا نرخی مۆدێلی بەرزترین بیرگەکەی (زاکیرەکەی) کە ٢ تێرایە دەگاتە ٣,١٩٩ دۆلار. ئەم نرخە بەرزە پرسیارێکی سەرەکی دروست دەکات: ئەم مۆبایلە بۆ کام جۆرە کڕیارێک دروست کراوە؟

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەپل لەکاتی ناساندنی بەرهەمەکەدا تواناکانی شاشە گەورەکەی پیشان دا، کە دەتوانرێت بۆ کار، بەکارهێنانی ئەپە جیاوازەکان، دروستکردنی ناوەڕۆک و خۆشگوزەرانی بەکاربهێنرێت. هەروەها بەرپرسانی کۆمپانیا ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ئامێرە دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی کەسی بۆ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد.

بەڵام هەندێک شیکەرەوە پێیان وایە؛ ئەپل بە ڕوونی دیارینەکردووە کە iPhone Duo زیاتر بۆ کارە، یان بۆ خۆشگوزەرانی و بەکارهێنانی ڕۆژانە. ئەم ناڕوونییە، لەگەڵ نرخی بەرزەکەی، دەتوانێت ببێتە بەربەستێک لەبەردەم فراوانبوونی بازاڕی ئەم مۆبایلە.

بەپێی داتای کۆمپانیای توێژینەوەی IDC، مۆبایلە چەماوەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا کەمتر لە ٣٪ی بازاڕی جیهانیی مۆبایل پێکدەهێنن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم جۆرە ئامێرانە هێشتا بەشێکی سنوورداری بازاڕیان هەیە.

لەلایەکی ترەوە، هەندێک شیکەرەوە پێشبینی دەکەن ناوبانگی ئەپل و خوازیارانی بەشێک لە بەکارهێنەرانی ئایفۆن بە براندەکە، دەتوانێت فرۆشتنی سەرەتایی iPhone Duo بەهێز بکات. بەپێی خەمڵاندنی Counterpoint Research، ئەپل لەوانەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ نزیکەی ٦ ملیۆن دانە لەم مۆبایلە بفرۆشێت.

هەرچەندە هاتنی ئەپل دەتوانێت ڕکابەری لە بازاڕی مۆبایلە چەماوەکاندا توندتر بکات، بەڵام سەرکەوتنی درێژخایەنی ئەم بەرهەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تا چەند بتوانێت لەگەڵ پێویستییەکانی بەکارهێنەران بگونجێت و نرخی بەرزەکەی دیاری بکات.

هاوکات بەپێی هەریەکە لە ماڵپەڕەکانی فاینەنشڵ تایمز و ماکڕۆمۆرس، ئایفۆنی چەماوەی ئەپڵ، iPhone Duo، لەکاتی دەستپێکردنی پێشوەختە داواکردندا ڕووبەڕووی داواکارییەکی زۆر بووە؛ بەشێوەیەک کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەموو بڕی بەردەست لە ماڵپەڕی ئەپڵ لەماوەیەکی زۆر کورتدا فرۆشراوە. لە ئەنجامدا، کاتی گەیاندنی داواکارییە نوێیەکان بۆ کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ دواخراوە.
 

زۆرترین بینراو
پێکدادانی قورس و هێرشی درۆنی لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ ڕوویدا
وتاربێژی هەینیی نەجەف هێرش دەکاتە سەر کابینەکەی زەیدی: دروستکردنی سێ وەزارەتە نوێیەکە بارگرانییە
پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من: بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاییزی ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌
دوای ١٨ ساڵ کارپێکردن؛ وەزارەتی دارایی عێراق مەرجێکی پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە
كه‌شناسی: باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌
فواد حسێن: به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوه‌
محەمەد سەمعان: لە چەند ڕۆژی داهاتودا پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک دەستبەکاردەبێت
تره‌مپ: پێویست ناكات چه‌كی ئه‌تۆمی له‌دژی ئێران به‌كاربهێنین
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
ئه‌و بانكه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزادرا: تۆمه‌تباركردنمان پاڵپشته‌ به‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاست
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×