دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێرانی بە "ڕاهێنانێکی سەربازی" وەسف کردووە. ئەم لێدوانە لەکاتێکدا دێت کە پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە ژمارەی سەربازە ئەمریکییە کوژراوەکان لەو شەڕەدا بەرز بووەتەوە. ئەمەش ئەو گومانە بەهێز دەکات کە ترەمپ لە ئاستی بانگەشە و ڕاگەیاندندا هەوڵدەدات قەبارە و کاریگەریی شەڕەکە بچووک پیشان بدات، بە تایبەتی لە ئاستەنگییەکانی پێش هەڵبژاردنە ناوەڕاستەکانی کۆنگرێسدا.
ئاوێنە: گۆڤاری نیوزویک بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی جۆرجیا، شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێرانی بە "ڕاهێنانێکی سەربازی" ناوبرد. ئەم قسەیە کەمتر لە سێ هەفتە دوای ئەوە هات کە پێنتاگۆن ڕایگەیاند؛ ژمارەی سەربازە ئەمریکییە کوژراوەکان لەم شەڕەدا گەیشتووەتە ٢١ کەس.
ترەمپ لە هەمانکاتدا هەوڵیدا ستایشی دۆخی بازاڕی پشک و ئەدای حکومەتەکەی بکات، هەرچەندە شەڕەکە بووەتە هۆی لەدەستدانی ژیانی مرۆڤە بێتاوان و هاوڵاتییە مەدەنییەکان. ئەو وتی "ئەمریکا گەشەسەندووترین بازاڕی پشکی لە مێژوودا هەیە" و دووبارە جەختی کردەوە کە شەڕی ئێران تەنها "ڕاهێنانێکی سەربازی"ـیە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی سەربازە ئەمریکییە کوژراوەکان لە شەڕی ئێران، لە ئەیلوولی ڕابردووەوە تا ئێستا، لە ١٨ کەسەوە گەیشتووەتە ٢١ کەس. هەروەها، دوا ڕاپۆرتی پێنتاگۆن دەڵێت؛ ٨٦٥ سەربازی ئەمریکی لەم شەڕەدا بریندار بوون.
هاوکات مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وتی "ئێمە لە شەڕدا نین و نیتمان نییە ببینە بەشێک لە شەڕ". هەروەها جۆنسن هێرشەکەی بە "ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار" وەسف کرد و رایگەیاند، ئەرکی ئەو ئۆپەراسیۆنە "نزیکە لە تەواوبوون".
جگە لەوەش، ناوەندی توێژینەوەی "پیو" لە ڕاپرسییەکدا کە ڕۆژی ٨ی ئۆکتۆبەر بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە ٦٥٪ی ئەمریکییەکان لە شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ هێرشی سەربازیی بۆسەر ئێران ڕازی نین.
پێشتریش بەکارهێنانی دەستەواژەی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" لەلایەن ترەمپەوە، لەبری وشەی "شەڕ"، کاردانەوەی ڕەخنەگرانەی لێکەوتەوە. چاک شومەر، ڕێبەری حیزبی دیموکرات لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیبووی "ئەوان دەتوانن درۆ بکەن و هەر ناوێک کە دەیانەوێت لەسەری بنێن، بەڵام خەڵکی ئەمریکا ڕاستییەکە دەزانن".
هەروەها شومەر ئاماژەی بەوەشکردبوو کە ترەمپ ئەمریکای خستووەتە ناو شەڕێکی بێکۆتایی؛ شەڕێک کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ناوخۆی وڵات و لە هەمانکاتدا ژیانی سەربازە ئەمریکییەکانی خستووەتە مەترسییەوە لە دەرەوەی وڵات.