دانیال میتەران.. ژنێك كە بۆ داکۆکیکردن لەئازادی ژیا
  2019-11-22       3667       

ئا: ئاوێنە



هەشت ساڵ لەمەوبەر، "دانیال میتران" راستگۆترین‌، دڵسۆزترین‌و بەئەمەكترین دۆستی كورد كۆچی دوایی كرد، ئەو كە لەرۆژە رەش‌و سەخت‌و دژوارەكاندا دەنگی كوردی بەهەمو جیهان گەیاند، كوردستانی بەوڵاتی خۆی‌و خۆیشی بەكورد دەزانی، بۆیە بە"دایكی كورد" ناونرا.


دانیال میتران (٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٤ - ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١١)، ئەو دەمەی تەمەنی 17 ساڵ بو، تێكەڵ بەكاری سیاسی‌و خەباتی چەكداری‌و بەرگری فەرەنسیەكان لەدژی ئەڵمانیای نازی بو، هەر لەم رێگەیەشەوە بەفرانسوا میتران ئاشنا بو، كە سێ‌ مانگ پاش ئازادی فەرەنسا، لەئۆكتۆبەری 1944دا پێكەوە هاوسەرگیرییان كرد.


فرانسوا میترانی هاوسەری، دواتر لەدەیەی پەنجاكان‌و شەستەكانی سەدەی رابردودا چەندین پۆستی وەزاری وەرگرت‌و پاشان لەساڵی 1971دا بوە سەركردەی پارتی سۆسیالیست، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەوکاتەی فەرەنسا بو. لەساڵی 1981یشدا وەك سەرۆكی فەرەنسا هەڵبژێردرا‌و بۆ ماوەی 14 سال سەرۆكایەتی فەرەنسای كرد. خاتو دانیال بەدرێژایی ئەو ساڵانە پشت‌و پەنای فرانسوا بو.


ئەو كە ساڵی 1986 خانمی یەكەمی فەرەنسا بو، دامەزراوەی فرانس لیبرێتی دامەزراندن‌و شێلگیرانە داكۆكی لەئازادی‌و مافی مرۆڤ‌و دادی كۆمەلایەتی كرد لەسەرتاسەری جیهاندا، بەو وڵاتانەشەوە كە بەدۆستی فەرەنسا دەناسران.


خاتو میتران، هەرچەندە هەواداری سەرسەختی شۆڕشی كوبا‌و دۆستی نزیكی كاسترۆ بو، بەڵام لێبڕاوانە هەوڵی بۆ ئازادكردنی ئەو زیندانیانە سیاسیانە دەدا كە لەلایەن رژێمی سۆشسیالیستی كوباوە خرابونە زیندانەوە.


پشتیوانی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفەریقا‌و دژ بەرژێمی ئاپارتهایدی ئەفەریقای باشور بو، لەهەوڵی بەردەوامدا بو بۆ ئازادی ماندێلا.


پشتیوانی ساندنیستە چەپەكانی نیكارگوا‌و ئازادایخوازانی ئەمەریكای لاتین بو كە دژ بەو رژێمە پۆلیسیانە دەجەنگان ئەمەریكا سەرسەختانە پشتیوانی لێدەكردن.


دژ بەرژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و چەوساندنەوەی گەلان‌و ژنان‌و گەنجانی ئەو وڵاتە بو.


سەرسەختانە رەخنەی لەسیستەمی سیاسی توركیا دەگرت‌و دژایەتی هەوڵەكانی بۆ بون بەئەندام لەیەكێتی ئەوروپادا دەكرد.


پشتیوانی لەبوزییەكانی تبت‌و خوازیاری سەربەخۆیی بیابانی رۆژئاوا بو، بۆیە دەسەڵاتدارانی چین‌و شا حەسەنی دوەم لێی بێزارو توڕە بون.


دانیال میتران لەرێگەی رێكخراوی  France Libertés - Fondation Danielle Mitterrandەوە یارمەتی مرۆیی بەهەژارو لێقەومان‌و كۆمەكی دارایی بەچالاكوانانی مافی مرۆڤ لەسەرتاسەری جیهان دەكرد.


دانیال میتران بەڕاستی دایكی كوردیش بو. چونكە وەک بیانییەک زۆرترین خزمەتی کوردی کردوەو خۆیشی بەکورد ناودەبرد.


ئەو لەساتەوەختێكدا هاواری كوردی بەرای گشتی جیهان گەیاند، كە كەس بایەخی بەجینۆساید‌و كوشتاری كورد نەئەدا، لەرۆژە سەختەكانی ئەنفالدا، سەردانی ئاوارەكانی بادینانی لەکەمپەکانی توركیا كردو سەرنجی جیهانی بۆ ئەو كارەساتە گەورەیە راكێشا كە كوردی تێكەوتبو.


لەدروستكردنی ناوچەی ئارام‌و په‌‌سه‌‌ند كردنی بریاری ڕیكخراوه‌ی نه‌‌ته‌‌‌و‌‌ه‌‌ یه‌‌كگرتۆكان بۆ پاراستنی ئاسمانی كوردستان به‌‌رامبه‌‌ر به‌‌هێرشه‌‌كانی رژێمی سه‌‌ددام، كه‌‌ له‌‌سه‌‌ر داوای ده‌‌‌و‌‌ڵه‌‌ تی فه‌‌ەنسا ‌ هاته‌‌ ئاراوه‌‌ له‌‌ڕاستیدا بەری رەنج‌و تێكۆشانی خاتو مێتران بو.


خاتو میتران لە ساڵی ١٩٩٢دا لەگەڵ بیرنارد کوشنیر وەزیری پێشوی دەرەوەی فەرەنسا سەردانی کوردستانی کرد‌و هانی هێزە كوردییەكانی دا سیستەمێكی دیموكراسی‌و دادپەروەرانە دابمەزرێنن بۆ ئەوەی خەڵکی وڵاتەکەتان‌و جیهان پشتیوانیتان بکات.


بۆ یەكەمجار بەهەوڵی خاتو میتران ده‌‌رگای كۆشكی ئیلیزه‌‌ له‌‌كاتی سه‌‌رۆك كۆماری فرانسوا میترانی هاوسەریدا، بۆ سەركردەكانی كورد كرایەوەو بەمەش مەسەلەی كوردی لە‌‌بواری دیپلۆماسی جیهانیدا بەنێودەوڵەتی كردو پێشخست.


ئه‌‌‌و‌‌ كاته‌‌ی پارتی‌و یەكێتی شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرسان، خاتو میتران بەڕاسته‌‌‌و‌‌خۆ‌و‌‌ ناڕاسته‌‌‌و‌‌خۆ هەوڵی كۆتایهێنان بەو شەڕە دڵتەزێنەی داو لەكاتی  ده‌‌ستپێكردنه‌‌‌و‌‌ه‌‌ی یەكگرتنەوەی پارلەمانی كوردستانیشدا له‌‌ساڵی ٢٠٠٢ به‌‌دڵخۆشییه‌وه‌‌ به‌‌شداری دانیشتنه‌‌كه‌‌ی كرد. 


ئەودەمەی عه‌‌بدوڵا ئۆجەلان رویكردە ‌‌ئیتالیا،‌‌ خاتو میتران تاقە كەسایەتییەكی دیاری ئەوروپی بو كە سەردانی ئۆجەلانی كردو چالاكانە هه‌‌‌و‌‌ڵیدا ‌ ئیتالیا‌و ئه‌وروپا رازی بكا بەوەی باوەش بۆ ئۆجەلان بكەنەوەو مه‌‌سه‌‌له‌‌ی كورد چارەسەر بكه‌‌ن۔ 


 خاتو میتران بەردەوام كوردیشی لەوە ئاگادار دەكردەوە متمانە بەئەمەریكا نەكەن، بەتایبەتی كە ئەزمونێكی تاڵتان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە. هەر بۆیە دوای ساڵی 2003 كە ئەمەریكا رویكردە كوردستان‌و عێراق، رێكخراوی فرانس لیبێرتی پڕۆژەكانی لەكوردستان كشانەوە.


بەكۆچی دوایی خاتو دانیال میتران، كورد گه‌‌‌و‌‌ره‌‌ترین‌و‌‌ بەئەمەكترین‌و‌‌ دڵسۆزترین ‌ پشتیوانی له‌ئاستی جیهاندا له‌‌ده‌‌ست دا.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×