پەرلەمانتارێکی یەکێتی: بڕیارەکانی عێراق لەنەجەفـەوە دەردەچێت نەک لەپەرلەمان
  2019-12-04       1884       

ئا: ئاوێنه‌

 

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ''عێراقی دوای عادل عەبدولمەھدی عێراقێکی جیاواز و ناسەقامگیرە، بریار لە نەجفەوە دەردەچێت، نەک لە پەرلەمانەوە''.
 
 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، ڕایگەیاندووە، ''نە نارەزایی ھاوڵاتیان و نە داوای خۆپیشاندەران و رێکخراو و کۆمەڵگای مەدەنی و نێودەوڵەتی و نە حزبەکان نەیان توانی قەناعەت بە عادل عبدالمھدی بکەن واز لە کورسیەکەی بێنێت بەڵام داواکاریەک کە لە خانوێکی قورینی بچوکی نه‌جه‌ف نوسرایەوە و ئاراستەی کرا چۆکی پێ دانا، بریار لە نه‌جه‌فەوە دەردەچێت، نەک لە پەرلەمانەوە''.

ئاماژەی بەوەشکرد، ''لەدوای روخانی سه‌دام حسین ھەوڵ درا وڵاتێکی فیدراڵ و ئازاد بنیاد بنرێت و لەلایەن گەلەوە بەرێوەبچێت و دەستاو دەست کردنی دەسەڵاتی تێدا بێت و بنەماکانی دیمکراسیەت و فیدرالی پێگەی سەرەکی ئەم عێراقە نوێیە بن''.

وتیشی، ''بێگومان بنیاتنانی دیموکراسیەت لە وڵاتیکی فرە مەزھب و فرە نەتەوەی کە ساڵانیکی زۆر شەر لە نێوانیان دا ھەبووە و رقی سەدان ساڵە لە دڵیان چەسپیوە ئاسان نییە''.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، ''لە ھەلومەرجێکی دژواردا سەرکردەکانی کورد توانیان لە دەستوری عێراق دا مافی نەتەوەکەمان زامن بکەن و دەوری رەھایان ھەبوو لە نوسینەوەی دەستورێکی ھاوچەرخدا''.

هەروەها دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق دەڵیت ''ئەوەی لەم ساتەدا تینیبی دەکرێت دەست بەسەرگرتنی سیاست و حکومرانی عیراقە لە لایە کەسانی ئاینیەوە، تەنھا چەند سعاتێک دوای راگەیاندراوی مرجعیەت کە تێیدا ناڕاستەوخۆ داوای رۆشتنی سەروک وەزیرانی کرد، عادل عبدالمھدی دەستی لە کارەکەی ھەڵگرت''.

''لە نوسراوی دەست لەکارکێشانەوەکەی بۆ پەرلەمانی عیراقی عادل عبدالمھدی ئاماژە بەوە دەکات کە بەدەم داواکاریەکەی مرجه‌عیەتەوە چووە و لەسەر داوای ئەوان دەستی لە کار کێشاوەتەوە''.

داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران و ھەروەھا ھەندێک لە فراکسیونەکان و حزبەکان، دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام عادل عبدالمھدی پێداگر بوو لەسەر ئەوەی دەبیت بەردەوام بێت و کێشەکان چارەسەر بکات.

وتیشی، دوومانگە لەسەر شەقامەکانی عیراق ھاوڵاتی بێتاوان دەکوژرێت و ھەڵسوراوانی کۆمەڵگان مەدەنی دەرفێنرێن و مافی مرۆڤ پێشێڵ دەکرێت، ''لایەنە ئەمنیەکان بە راشکاوی باسیان لە لایەن سێیەم دەکرد و بێتوانایی خۆیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە دەردەبڕی''.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ''ئەمە عەھدی ئێستاو دوای عادل عبدالمھدیە، مرجعیەتی دینی و ئارستە جیاوازەکانی شیعە رەوتی بەرێوەبرنی وڵات دیاری دەکەن''.

''بەمەش عیراق بەرەو ناسەقامگیری زیاتر ھەنگاو دەنێت، حەوزوکان چوارچێوەی حکومرانی دیاری دەکەن نەک دەستور، ئەمەش دەبێتە ھۆی زیاتر ئاڵوز بوونی نێو ماڵی شیعی و ناکۆکی زێاتر و لەناو بردنی سیستێمی پەرلەمانی''.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×