ئایا چاکسازی بەحکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەکرێت؟
  2019-12-16       2972       

بڕوا بەرزنجی

هیچ حکومەتێک پێکنەهاتوە لە کوردستان و یەکێک لە دروشم و پایەکانی بەرنامەی کاری دژایەتی گەندەڵی نەبوبێت. لە ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆیش، سەرۆک حکومەتەکان لە ماڵی بارزانی و چەند کەسێکی باڵای یەکێتی تێپەڕینەکردوە. بەڵام لەوکاتەوە بۆ ئێستا، گەندەڵی کاری بێسەرو بەری وڕۆتیناتەوە گۆڕاوەو سیستەمایزکراوە و هەتا بە یاسایکردنی.ئەی بۆ لەوکاتەوە بۆئێستا هیچ حکومەتێک نەک سنوری بۆ دانەنا، بەڵکو بەشێک بون لەو سیستەمایزکردنە.


کاتێک سەرۆک حکومەتەکان و جێگرەکان و وەزیری وەزارەتە سیادییەکان، لەو دەستەیەبون کە لە ڕاپەڕینەوە ئەم هەرێمە بەڕێوەدەبەن. کێ ڕێگربو؟ بەڕێوبەرە گشتییەکان؟ فەرمانبەران؟ میدیا و ڕۆژنامەنوسانێک کە تیرۆیانکردن؟!
بۆ نێچیرڤان بارزانی، بەرهەم ساڵح، کۆسرەت ڕەسوڵ، سنورییان بۆ دانەنا؟ ئەی بۆ مەسرور بارزانی دەڵێت حکومەتەکەی دژی گەندەڵی دەوەستێتەوە؟ ئایا ئەوان بەشێکبون لە پڕۆسەکەو مەسرور بارزانی لە دەرەوەیەتی!؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە زۆر قورس نییە، چونکە پەیکەری گەندەڵی هەڕەمییە، واتە لە سەری سەرەوە هاتۆتە خوارەوە و پەیکەرەکەیشی هێند گەورەیە، لەهەر لایەکەوە سەیربکەیت، بەڕونی دەیبینیت.
وێنەکە ئەوەیە، دوو هەرێممان هەیە تا ئێستا، هەردو هەرێمەکە لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەوەی لەسەری یەکیانگرتۆتەوەو کۆکن لەسەری گەندەڵییە، واتە پردێک کە هەر دوو هەرێمەکە بەیەکدەگەیەنێت لە دێگەڵە؛ پردی گەندەڵییە.
بەڵام جیاوازییەک لە گەندەڵییا کە هەبێت لەم دوو هەرێمە ئەوەیە؛ لە هەرێمی زەرد پەیکەرەکەی ستونییە، واتە گەندەڵی خاڵی دەستپێکردنی لای ماڵی بارزانییە. چونکە چەقی دەسەڵات تەنها خۆیانن. کە سەرۆکی حکومەتی ئێستایش لە دڵی دەسەڵاتی ماڵباتی بارزانییە. لە هەرێمی سەوزیش ئاسۆییە، چەند قوتبێکی گەندەڵی هەیەو بۆیشی زیاد دەبێت ناوە ناوە. چونکە هەرگیز ئەم هەرێمە لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە کۆنترۆڵنەکراوە. ئێستا لەماڵی مام جەلالەوە بۆ ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ، ماڵی حەمەی حاجی مەحمود، ماڵی نەوشیروان مستەفا، تا شاسوار عەبدولواحید، قوتبەکە دابەشبوەو شێوەیەکی ئاسۆیی وەرگرتوە.
بۆیە ئەوەی لە پەیکەری گەندەڵییا دەیبینین،  سەرۆک حکومەت و سەرۆک هەرێم و جێگرانیان و وەزارەتە گرنگەکانیش، لە سەری هەڕەمەکەدان.
ئیتر چۆن هیچ هەنگاوێک دژی گەندەڵی دەنێن و بەچی لۆژیکێک!؟
وەک ڕۆژنامەنوسێک چەند پرسیارێک لە سەرۆکی حکومەت دەپرسم:
١: یەکێک لە مەلەفەگەورەکانی گەندەڵی نەوتە، ئایا پەرلەمان و خەڵک و تەنانەت کابینەی حکومەتەکەیشت،دەزانن نەوت و گازی هەرێم چۆن دەفرۆشێت و پارەکەی لەکوێیەو چەندەو چۆن سەرفدەکرێت؟
٢_یەکێکیتر لە مەلەفە گەندەڵی و خاڵی لە ئەخلاقەییەت، بازرگانیی دەرمانە، کە ڕاستر بازرگانییە بەژیانی هاوڵاتیان و بەوهۆیەشەوە دەیان کەس مرد و چاو کوێرو کەمئەندامبون. ئایا بۆ بەهیچ جۆرێک ناتانەوێت خۆتان لەم مەلەفەبەن؟ لەبەرئەوەی ئەم جۆرە مەلەفانە هی ئەو دەستە حکومڕانەی هەرێمن، کە خۆیشتان لەو بازنەیەن؟
٣_دیسان مەلەفێکیتری گەندەڵی، کە مەلەفێکی تەواو پڕ لە خیانەتیی نیشتیمانی و دور لەهەر مۆراڵ و پرەنسیپێکی نیشتیمانی بو، ئەویش بازرگانی لەگەڵ داعش، ئایا دەکرێت لانیکەم خەڵک بزانێت کێن؟ بزانێت بۆ بە هەزاران کوڕی هەژار شەهید و کەمئەندام و بێسەرو شوێن بو، بەڵام مەلەفێکی وا بێدەنگی لێدەکرێت و دەیشارنەوە؟
٤_هەرچییەک دەکەن و کردوتانە، بۆ دژایەتی گەندەڵی، کە تا ئێستا شتی زۆر بچوک و لەخواری خوارەوەن، لەگەڵیم و بەڵێی بۆدەکەم. بەڵام ڕاست و ڕون و ڕەوان بەمجۆرە هیچ لەگەڵ گەندەڵی ناکرێت، کە تا ئێستا نەک بازنەی یەکەمی گەندەڵی، کە لە بازنەی یەکەمی حکومڕانییە، نەیگرتۆتەوە بەڵکو وەزیرو تەنانەت بەڕێوبەرێکی گشتیش لەسەر گەندەڵی نەدراوەتە دادگا.

٥: بەڕێز کاک مەسرور بارزانی، مانگانە چەند ملیۆن دۆلارت بۆ کەناڵ ۲٤ تەرخانکردوەوئەو پارەیە چۆن تەرخاندەکەیت؟
٦: کەناڵی ڕوداوی سەرۆکی هەرێم ، چەندی پارە تێدەچێت و سەرۆک ئەم پارەیەی چۆن بۆ تەرخانکردوە؟
٧: کوڕی سەرۆکی هەرێم تەمەنی  ۱۹ ساڵەو  خاوەنی دەزگای ڕوانگەو زانکۆی کوردستان و چەندان پڕۆژەیترە، ئایا دەکرێت بزانین پارەکەی لە کوێوە هێناوە؟
٨: ئایا دەکرێت لیژنەیەکی پسپۆڕ و بێلایەن بە چاودێری میدیاکان،  بزانن چۆن کۆمپانیای کار لە چەند ساڵێکا لە حکومەت و میللەت دەوڵەمەندترە؟
٩:ئایا دەکرێت سەرۆکی هەرێمی پێشو موڵک و ماڵی بۆ میللەتەکەی ئاشکرابکات؟
ئایا مییلەت مافی ئەوەی هەیە بزانێت موڵک و ماڵ و کۆشکەکانی سەرۆکایەتی هەرێم لەکوێن و دوایی سەرۆکی پێشوو چییان لێبەسەرهاتوە؟
پرسیارەکانی هەرێمی سەوزت لێناکەم چونکە دەزانم سەرۆکی حکومەتی ئەوێنیت.
ئەم چەند پرسیارە سادە بەسە ئەگەر توانیت لێرەوە شەفافبیت، ئەوا دەکرێت بیر لە دژایەتی گەندەڵی بەکردار بکەینەوە.
بۆ هەمو ئەم پڕۆسەیەیش، خاڵێکی زۆر گرنگ، سەربەخۆیی دادگایە. بێ دادگایەکی سەربەخۆ، هەرشتێک لەبارەی دژایەتی گەندەڵی و عەدالەتەوە بوترێت، بێجگە لە قسەو بەیاننامەو تانەنەت ئەو یاسایانەی پەڕلەمانیش دەریاندەکات، تەنها درێژەدانە بەڕۆحی پاکی گەندەڵی. بەڵام هەموان دەزانین، دادگا نەک سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەجۆرێک بێ ئیشکراوە، ئەویش بوە بە قورسایی بەسەر بوجەی گشتی و خۆی بەشێکە لە گەندەڵی و پێویستی بە ناشتنی ئەم لاشە مردوەی ئێستایەتی. تا دادگایەکی سەربەخۆ لەدایکبێت.
کورت و پوخت، سەری گەندەڵی، بریتییە لەو نوخبەیەیی لە ڕاپەڕینەوە هەر خۆیان بازنەی یەکەمی حکومڕانین، کە سیاسەتیان گۆڕی بە بازرگانی.
بۆیە ئەگەر بەڕاست دەتەوێت حکومەتەکەت حکومەتی دژە گەندەڵی بێت، هەنگاوی یەکەم و ڕاست لەخۆت و بنەماڵەو حزبەکەتەوە دەست پێبکە، کە تا ڕاپەڕین، شۆڕشگێڕی ئاوارەبون. باپیرت ژەنراڵ مستەفا بارزانی، لە ئەمریکا مرد و ئیدریس بارزانی لە ئێران، تەنانەت لە هەموکوردستاندا جێی قەبرێکتان نەبو، ئێستا بەس خۆت بپرسە نەک کوڕ و کوڕەزازاکانی مستەفا بارزانی، بەڵکو دەست و پێوەندەکانتان، چی بازرگانێکن؟ بپرسە چیتان بۆ خەڵک و خاک کرد و چیتان بۆ خۆتان؟ جیاوازی ئێوەی دەستەیەک حکومڕان لەگەڵ ملیۆنان هاوڵاتی، ڕێک ملیۆنان فەرسەخە!
نەک هەر ئەوەنە، كوردستان ئابوریەكەی ٢٦ ملیار دۆلارە بەڵام نزیكەی ١١ ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی لەسەرە كە نزیكەی  لەسەدا ٤٥% ئابوری هەرێم پێكدەهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×