ئا: بارام سوبحی
وه‌زیری پێشوتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مادلین ئۆڵبرایت، له‌كتێبێكدا باس له‌رۆڵی ئایین له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئهمریكاو چۆنێتی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی رێكخراوی قاعیده ده‌كات، ئۆڵبرایت ده‌ڵێت "روخانی راسته‌قینه‌یی بۆ ئیسلام له‌و بكوژانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه خۆیان وانیشانده‌ده‌ن موسڵمانی ئایندارن".
كتێبی(ده‌سه‌ڵات‌و ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها)، له‌نوسینی وه‌زیری پێشوتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مادلین ئۆڵبرایته، فوئاد یونس فه‌رحان كردویه‌تی به‌كوردی‌و ده‌زگای موكریانی چاپ‌و بڵاویكردۆته‌وه. له‌سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌دا نوسه‌ر باس له‌وه‌ده‌كات كاتێك له‌ساڵی (1993) پرۆفیسیۆر ساموێل هه‌نتیكتۆن پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌و ماوه‌یه‌ی دوابه‌دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی سارد هات، به‌گه‌واهیده‌رێكی باشی به‌ریه‌ككه‌وتنی ئایینی شارستانییه‌كان داده‌نرێت، هه‌مو شتێكیان كردوه تاوه‌كو خۆیان له‌و تیۆرییه به‌دور بگرن.
رێگاكانی پاراستنی ئه‌مریكا
به‌بۆچونی ئۆڵبرایتی ته‌مه‌ن (88 ساڵ)، سێ رێباز زۆر گرنگ‌و پێویستن بۆ دیموكراتیه‌تی ئهمریكاو پاراستنی ناسنامه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئه‌وانیش: نه‌بونی تاقیكردنه‌وه‌ی ئایینی له‌هیچ ئیش‌و كارێكی گشتیدا، نه‌بونی ئاینێكی دیاریكراو له‌ده‌وڵه‌ت، نه‌بونی هیچ پوخته‌یه‌ك له‌مافی ئازادیی ئایین.
ناوبراو، كه له‌ماوه‌ی ساڵانی (1997-2001) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بوه، له‌کتێبه‌که‌یدا ده‌نوسێت "بۆ پێشڕه‌ویكردنی جیهان، پێویسته له‌سه‌ر دانه‌رانی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا تا ده‌توانن له‌ئایین فێرببن، دواتر زانیارییه‌كان له‌گه‌ڵ ستراتیژه‌كه‌یان یه‌كده‌گرێته‌وه". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێمه سه‌ركه‌وتن له‌جیهان به‌ده‌ست ناهێنین تاوه‌كو له‌سه‌ره‌تادا له‌و كه‌سانه تێنه‌گه‌ین كه ئێمه پێویستمان به‌كاریگه‌رییان هه‌یه، به‌تایبه‌تی شوێنکه‌وتوانی ئیسلام".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ئێستادا وه‌زیری ده‌ره‌وه بوایه چیی ده‌كرد، ئۆڵبرایت ده‌نوسێت "چیتر له‌سه‌ر بنه‌مای رێسای ئاینیه‌كانه‌وه به‌دوای گفتوگۆی ناوبژیكارانه نه‌ده‌كه‌وتم، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی دانوساندنی رێكه‌وتنه بازرگانییه ئاڵۆزه‌كان‌و په‌یماننامه‌كانی چه‌ك داماڵینم ده‌كرد".
ئێران‌و تیرۆر
مادلین ئۆڵبرایت به‌شی زۆری كێتبه‌كه‌ی بۆ كێشمه‌كێشه ئایینیه‌كان له‌وڵاتانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و ئه‌فریقا ته‌رخانكردوه، به‌بڕوای ئه‌و "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شوێنێكه تیایدا برینه‌كان وا به‌ئاسانی ساڕ‌ێژ نابن، غه‌مه‌كان زو له‌بیر ناكرێن، هه‌روه‌ها كاتیش به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی، هاوڕێیه‌تی ئاشتی ناكات".
له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌یدا به‌تایبه‌تی ئاماژه به‌ئێران ده‌كات، لێره‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردو، واته سه‌روه‌ختی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، له‌وباره‌یه‌وه ده‌نوسێت "ئه‌زمونه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڤێتنام‌و ئێران له‌ساڵانی حه‌فتاكان، چه‌ند وانه‌یه‌كی پێشكه‌شكرد، یه‌كه‌م: ئێمه ده‌بێ زۆر به‌رزتر بیر له‌خۆمان بكه‌ینه‌وه، به‌ر له‌و كه‌سانه‌ی بیرمان لێده‌كه‌نه‌وه. دوه‌م: ئێمه گرنگی نه‌ریت‌و باوه‌ڕی موسڵمانه ئێرانیه‌كانمان به‌كه‌م زانیبو، دوژمنمان دروستكرد كه‌چی مه‌به‌ستمان له‌دروستكردنیان نه‌بو".
نوسه‌ر رێزنه‌گرتن له‌ئایینه‌كان‌و تیرۆر پێكه‌وه ده‌به‌ستێت‌و پێی وایه که "ئه‌گه‌ر حكومه‌تێك ڕێزی كه‌رامه‌تی هاوڵاتیانی خۆی نه‌گرت، مانای وایه ڕێزی كه‌سانی تری لا گرنگ نییه. ئه‌و وڵاتانه‌ی كه وا چه‌وساندنه‌وه‌ی ئاینی تێیدا به‌رچاوه (وه‌ك كۆریای باكور، ئێران، بۆرماو سودان) ئه‌مانه سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیه‌كانن وه‌ك تیرۆریزم‌و بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی".
ده‌رباره‌ی جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ده‌وڵه‌ت، مادلین ده‌نوسێت "ئێمه پاڵپشتی له‌جیاكردنه‌وه‌ی كڵێسه له‌وڵات ده‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌رگیز پاڵپشتی له‌جیاكردنه‌وه‌ی به‌زۆری ئایین له‌ژیانی گشتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ناكه‌ین".
هه‌مو شت جگه له‌دیموكراسی
نوسه‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات هه‌رچه‌نده ئیسلام له‌نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بیه‌وه په‌یدابوه‌و له‌ئه‌مڕۆدا له‌كۆی پێنج موسڵمانی هه‌مو جیهان یه‌كێكیان عه‌ره‌به، كه‌چی "له‌كۆی پێنج عه‌ره‌ب ته‌نها یه‌كێكیان موسڵمانه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری موسڵمانان كه‌وتونه‌ته لای كیشوه‌ری ئاسیای باشور‌و ناوه‌ڕاست".
ده‌رباره‌ی ئه‌زمونی حوكمڕانی وڵاته ئیسلامیه‌كان، ئۆڵبرایت بڕوای وایه "ئه‌و وڵاتانه‌ی كه گه‌وره‌ترین ژماره‌ی موسڵمانانی تێدایه: ئه‌نده‌نوسیا، هندستان، پاكستان، به‌نگلادیش‌و توركیا، هه‌ریه‌ك له‌وانه ئافره‌تێكیان هه‌ڵبژاردوه وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌مه‌ش نه وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان‌و نه ئه‌مریكا ئه‌مه‌یان قه‌بوڵه".
مادلین ئۆڵبرایت، ئاشكرای ده‌كات سه‌ركرده ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌كاتی كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده عه‌ره‌به‌كان، قسه له‌باره‌ی ئه‌و پێویستیانه بۆ حكومه‌ته‌كانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن كه گونجاوبێ بۆ ریفۆرمی سیسته‌مه‌كه‌یان، زیاتر له‌وه‌ی كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستینی باس بكه‌ن، كه‌چی "سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی قسه له‌باره‌ی هه‌مو شتێكه‌وه ده‌كه‌ن، جگه له‌دیموكراسی نه‌بێ".
دوانه‌ی ئهمریكاو ئیسرائیل
هه‌رچه‌نده نوسه‌ری کتێبه‌که رایده‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ سیاسه‌تی حكومه‌تی ئیسرائیلی‌دا كۆك نیه، به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه به‌ته‌واوی پابه‌نده به‌پاراستنی بون‌و ئاسایشی ئیسرائیل، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "زۆربه‌ی ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش به‌مجۆره ده‌ڕواننه دۆخه‌كه"، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گێڕێته‌وه بۆ"هاوبه‌شی كولتوره ئایینییه‌كانیان". هه‌روه‌ها ده‌نوسێت "زۆربه‌ی ئه‌مه‌ریكیه‌كان ئیسلام به‌ئاینێكی غه‌ریب‌و ئاڵۆز وه‌رده‌گرن، جیاواز له‌گه‌ڵ نه‌ریتی مه‌سیحی‌و جوله‌كه كه زۆر پێیانه‌وه ئارام‌و مورتاحن".
به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین، به‌وته‌ی ئۆڵبرایت له‌ساڵانی (2000) له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كلینتۆن‌و نوێنه‌رانی ئیسرائیلی‌و فه‌ڵه‌ستینی هه‌وڵی زۆریان داوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ لابردنی هه‌مو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی دێنه به‌رده‌م به‌رقه‌رابونی ئاشتی، كه له‌هه‌مویان زه‌حمه‌تتر شاری قودس بو.. ئۆڵبرایت له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "له‌كاتی ئه‌م گفتوگۆیانه‌دا، سه‌رۆك كلینتۆن به‌تایبه‌ت كاتی خۆی ته‌رخانكردبو بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی قورئان‌و ته‌ورات".
شیعه‌و سوننه له‌عێراق
عێراق ئه‌و وڵاته‌ی ساڵانێكه شه‌ڕی مه‌زهه‌بی نێوان هه‌ردو رێباوه‌ڕی ئیسلامی شیعه‌و سوننه تێیدا تاوی سه‌ندوه، به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌ی ئۆڵبرایته. به‌بۆچونی نوسه‌ر "سوننه‌كانی عێراق كێشه‌ی بونی سه‌ركرده‌یه‌كی به‌ویقاریان هه‌یه كه هاوشانی سیستانی بێت. هه‌ندێك له‌كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانیان تیرۆركراوه، ئه‌وانیتر له‌رابردودا ناوی خۆیان له‌په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن پیسكردبو، هێشتا هه‌ندێكیان دورخراونه‌ته‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆیان به‌حیزبه‌كانه‌وه نه‌ماوه".
له‌باره‌ی ململانێی نێوان شیعه‌و سوننه‌وه، باس له‌وه‌ده‌كات له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌واشنتۆن له‌به‌هاری (2005)، شاعه‌بدوڵای پادشای ئوردن پێی وتوه "هه‌رچه‌نده له‌ناو سوننه‌و شیعه‌كاندا كه‌سانی میانڕه‌و هه‌ن بۆ كپكردنی توندڕه‌وییه‌كان، به‌ڵام ئێمه ده‌بێ حیسابی رودانی ناكۆكی نێوانیان بكه‌ین، شه‌ڕه قسه‌ی نێوانیان بۆ تیرۆركردنی یه‌كتر به‌كاردێنن، له‌كۆتاییدا ده‌بێته پێشبڕكێی چه‌كی ئه‌تۆمی نێوان شیعه‌و سوننه".
ئۆڵبرایت كه له(17/9/1998)، تاڵه‌بانی‌و بارزانی به‌یه‌ك گه‌یاندو كۆتایی به‌شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی هێنا، له‌باره‌ی کورده‌وه له‌کتێبه‌که‌یدا ده‌نوسێت "ئێستا كورده‌كان سه‌قامگیریان به‌خۆوه بینیوه، به‌ڵام پێشینه‌ی هه‌مو شتێكیان‌و ئامانجی كۆتاییان، دامه‌زراندنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆیه".
بوش‌و ئیسلام‌و تیرۆر
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی نێوان ئیسلام‌و تیرۆر، نوسه‌ر زۆر راشكاوانه ده‌ڵێت "هیچ شتێك نییه له‌ناو ئیسلام به‌ناوی تیرۆریزم، زه‌حمه‌ته به‌هۆی كاری توندوتیژی هه‌ندێ كه‌سانی سه‌ره‌ڕۆو ناتێگه‌یشتو له‌ئیسلام، ناوی ملیارێك‌و سێسه‌د ملیۆن خه‌ڵك به‌لاوه بنێی‌و وه‌ك ئه‌م كه‌سانه حیسابیان بكه‌یت".
یه‌كێك له‌روداوه دیاره‌كانی ده‌یه‌ی رابردو، هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001 بو بۆ سه‌ر تاوه‌ره‌كانی سه‌نته‌ری بازرگانی ئه‌مریكا له‌نیویۆرك، نوسه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێت هیچ نیشانه‌یه‌كی خودایی له‌و روداوه نابینێت، "هیچ كاریگه‌رییه‌كی عه‌قیده‌ی ئاینی‌و هیچ ویژدانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هاندانه‌كانیانه‌وه نییه. ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه پێویست ناكات به‌هۆی ئه‌م كردارانه‌یان دڵسۆزی خۆیان بۆ ئیسلام ده‌رببڕن، به‌ڵكو خیانه‌تیان له‌فێربونی عه‌قیده‌كه‌ی خۆیانه‌وه كردوه".
نوسه‌ر هێما بۆ توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌كات، كه ده‌ریخستوه "ئه‌وانه‌ی له‌پشت ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كانن، زۆر به‌ده‌گمه‌ن له‌لایه‌ن باوه‌ڕه ئاینیه‌كانیانه‌وه هانده‌درێن".
ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره ئه‌مریكیه، به‌توندی ره‌خنه له‌كاردانه‌وه‌كانی جۆرج بۆشی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و په‌لاماره ده‌رده‌بڕێت، چونكه پێیوایه "په‌لاماردانی ئه‌فغانستان‌و عێراق بونه هۆی فراوانبونی بۆشایی نێوان موسڵمانان‌و ئه‌مریكا، ژیانێكی نوێی به‌خشیه قاعیده، هه‌روه‌ها ئه‌مریكای هه‌نگاوێك دورخسته‌وه له‌زاڵبونی به‌سه‌ر تیرۆری نێوده‌وڵه‌تیدا". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "بۆش زۆر به‌جدییه‌وه به‌ڵێنی به‌سوپادا كه‌وا هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان له‌سه‌ر ئهمریكاو جیهان كه‌م ده‌بێته‌وه، له‌و ساته‌ی سه‌دام حسێن چه‌ك ده‌كرێت، له‌ڕاستیدا داگیركردن‌و شه‌ڕكردن بوه هۆی زیادكردنی ئه‌م مه‌ترسیانه".
چۆن به‌ره‌نگاری قاعیده ببینه‌وه؟
نوسه‌ر، ئه‌و بۆچونه ره‌تده‌كاته‌وه كه پێیوایه تیرۆریزم به‌پله‌ی یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌ربازییه، به‌ڵكو به‌پێویستی ده‌زانێت به‌شێوازی سیاسی‌و ده‌رونی به‌ره‌نگاریان بكرێت. له‌وباره‌یه‌وه له‌کتێبه‌که‌یدا ده‌نوسێت "شێوازی قاعیده بۆ كاری تیرۆریستی ئه‌وكاته له‌ناوده‌چێ ئه‌گه‌ربێت‌و گوتاری سه‌ره‌كیان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه باوه‌ڕیان پێی هه‌یه به‌درۆ بخرێته‌وه". هه‌روه‌ها له‌به‌شێکی دیکه‌شدا ده‌نوسێت "له‌نێو تۆڕه تیرۆریستیه‌كان بیروبۆچونی جیاواز هه‌یه، پێویسته له‌سه‌رمان هه‌مو هه‌وڵمان بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێستانه بخه‌ینه‌گه‌ڕ".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی پێشنیاره‌كانیدا، ده‌نوسێت "ترس خۆراكی تیرۆریزمه. ته‌نها ئه‌گه‌ر ترس رێگه به‌بڵاوبونه‌وه‌ی درا ئه‌وا قاعیده پاڵپشتی به‌رده‌وامی ده‌بێ. باشترین رێگا بۆ زاڵبون به‌سه‌ر قاعیده بێبه‌شكردنی ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستیه له‌پاڵپشتی‌و سۆزی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌نێو موسڵمانانن‌و قاعیده هۆشی ئه‌وانی بۆ خۆی كێشكردوه". دواتر ده‌ڵێت "سه‌ركه‌وتنی راسته‌قینه به‌سه‌ر تیرۆریزم به‌بێده‌نگكردنی خه‌ڵكان نایه‌ته بون، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی گه‌وره‌تركردنی ده‌نگه عه‌قڵانیه‌كانه‌وه ده‌بێ".
سه‌باره‌ت به‌رۆڵی وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان، مادلین ده‌ڵێت "له‌ڕاستیدا ئه‌مریكا به‌بێ یارمه‌تی عه‌ره‌به‌كان ناتوانێت به‌سه‌ر قاعیده‌دا زاڵ بێت، عه‌ره‌به‌كانیش به‌بێ وه‌به‌رهێنه‌كانی رۆژئاوا ناتوانن ته‌ندروستی ئابوری خۆیان بپارێزن، كه‌واته هیچ شتێ له‌ئارادا نییه به‌ناوی شه‌ڕی پیرۆز: جیهاد".
نوسه‌ر داڕوخانی ئیسلام ده‌به‌سێته‌وه به‌خۆكوژه‌كانی قاعیده‌وه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "روخانی راسته‌قینه‌یی بۆ ئیسلام له‌و بكوژانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه خۆیان وانیشانده‌ده‌ن موسڵمانی ئایندارن، هه‌ڵده‌ستن به‌دروستكردنی وێنه‌یه‌كی ناشرین بۆ ئیمانه‌كه‌یان. ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌یه‌وێت پێشڕه‌وی بكات له‌به‌رگریكردنی ئیسلام، ئه‌مانه دوژمنن پێویسته له‌سه‌ره‌تادا به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا زاڵ بێت".
له‌ستایشی ئه‌م كتێبه‌دا
سه‌رۆكی پێشوتری ئه‌مریكا بیل كلینتۆن، له‌باره‌ی ئه‌م كتێبه‌وه نوسیویه‌تی "له‌م كتێبه‌دا ئۆڵبرایت به‌ڕاشكاوییه‌كی سه‌یره‌وه هه‌مو ورده‌كارییه‌كانی رۆڵی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌جیهاندا ده‌خاته به‌رده‌ستی خوێنه‌ره‌كانی، ئایین، ئاكارزانی، هه‌روه‌ها ئه‌و ولایه‌ته پارچه پارچه‌كراوانه‌ی ئێستای جیهان... به‌گوێره‌ی زانیاری خۆم تائێستا هیچ وه‌زیرێكی پێشوی ده‌ره‌وه شاكارێكی ئاوای نه‌نوسیوه".
ئۆلبرایت.. ئه‌و خانمه‌ی بارزانی‌و تاڵه‌بانی ئاشت کرده‌وه
مادلین ئۆلبرایت له‌ساڵی 1937 له‌پراگی پایته‌ختی چیکۆسلۆفاکیا له‌خێزانێکی جوله‌که له‌دایکبوه که دواتر به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی نازییه‌کانه‌وه بون به‌مه‌سیحیی کاسۆلیکی. دوای ماوه‌یه‌کی که‌م له‌وه‌ی ئه‌و شاره که‌وته ده‌ست نازییه‌کانه‌وه له‌سه‌ره‌تاکانی هه‌ڵگیرساندنی له‌جه‌نگی جیهانی دوه‌مدا، خێزانه‌که‌ی ئۆلبرانت به‌ره‌و له‌نده‌ن کۆچیان کرد. له‌دوای ته‌واوبونی ئه‌و جه‌نگه‌شه‌وه، ئۆلبرات‌و خێزانه‌که‌ی گه‌ڕانه‌وه زێدی خۆیان. له‌ساڵی 1948 له‌کاتی کوده‌تای شیوعییه‌کاندا له‌چیکسلۆفاکیا، جارێکی دی ئه‌و خێزانه ناچار ده‌بن کۆچ بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ره‌و کیشورێکی دیکه، به‌ره‌و ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
مادلین ئۆلبرات له‌ئه‌مه‌ریکا ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ده‌دره‌شێته‌وه، له‌وێ له‌کۆلێژی ولیسلی، زانستی سیاسیی‌و یاسا ده‌خوێنێت. دواتر زانستییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌زانکۆی کۆڵۆمبیا ده‌خوێنێت‌و له‌ساڵی 1976 ته‌واوی ده‌کات.
له‌ژیانی سیاسیی‌دا، ئۆلبرات له‌ساڵی 1993 ده‌بێته نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریکا له‌نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، دوای سێ ساڵ له‌وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته، له‌لایه‌ن کلینتۆنی سه‌رۆکه‌وه کاندیدکرا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، دواجار له23ی کانونی دوه‌می 1997 وه‌ک یه‌که‌مین ژن، به‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی زلهێزترین وڵاتی دونیا، دیارییکرا.
جگه له‌ئۆلبرایت، له‌ئه‌مریکادا که‌سانی به‌ڕه‌گه‌ز جوله‌که، پۆستی هه‌ستیارو گرنگیان پێ به‌خشراوه. جوله‌که‌کانی ئه‌مه‌ریکا رۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئه‌مه‌ریکادا. هه‌روه‌ها هێنری کیسنجه‌ر که یه‌کێک بو له‌وه‌زیره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، به‌ڕه‌گه‌ز جوله‌که‌بوه.
مادلین ئۆلبرایت یه‌کێک بو له‌و که‌سایه‌تییه گرنگانه‌ی ده‌ستی هه‌بو له‌کۆتاییهێنان به‌شه‌ڕی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان له‌نێوان هه‌ردو حیزبی یه‌کێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموکراتی کوردستان، تا دواجار جه‌لال تاڵه‌بانی‌و مه‌سعود بارزانی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و خانمه‌دا، له‌ساڵی 1998 کۆتایی شه‌ڕی ناوخۆیان ڕاگه‌یاند.