"سه‌ید هاشمی حه‌یده‌ری" ناسراو به"ئهبوباقر" لەم سالانەی دواییدا به‌وتاره ئاگرینو ده‌ربڕینه پاراوهكانی سه‌باره‌ت به‌ستایشكردنی عه‌لی خامهنهئیو حه‌سه‌ن نه‌سروڵاو ناوبردنی هه‌مو مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕی دژ بهداعشو سعودیه بهكهربهلا، سه‌رنجی هه‌مو ناوه‌نده سیاسی‌و میدیاكانی به‌ره‌و لای خۆی راكێشاوه.
سه‌ید هاشمی حه‌یده‌ری كه پله‌ی ئایینی "حوجه‌ت ئیسلام"هو له‌نێو شیعه‌كاندا به"ئه‌بو باقر" ناوده‌برێت، پیاوێكی ته‌مه‌ن ٦١ ساڵی به‌غدادیه كه پاش به‌سه‌ربردنی ساڵانێك لهوانهوتنهوهی ئهخلاقیو شهرعو ئایینی‌دا، رویکردە به‌ره‌كانی شه‌ڕی دژ بهداعشو فه‌رمانده‌یی گروپێكی توندڕه‌و و توڕه‌ی حه‌شدی شه‌عبی دهكاو له‌وتاره‌كانیدا هه‌مو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بهكهربهلا ناوده‌بات هه‌ر له‌باشوری لوبنانه‌وه بگره تا ده‌گات به‌سوریاو عێراق‌و یهمهنو به‌حرێن كه گۆڕه‌پانی شه‌ڕو ململانێی نێوان سوننه‌و شیعه‌كانه، ئه‌و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه "ئێمه هه‌میشه ده‌ڵێین لهبهیك یا حسێن‌و ئێمه حسێنین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ حسێن له‌كه‌ربه‌لا نییه، به‌ڵكو له‌به‌ره‌ی شه‌ڕه، ئێوه هه‌میشه ناتوانن بهگریانو سنگ كوتان په‌یوه‌ندی بهحسێنهوه ببه‌ستن، ئه‌مڕۆ بهجیهادو چه‌ك هه‌ڵگرتن ده‌توانن له‌په‌نا حسێندا بن".
ئه‌بو باقر كه له‌هونه‌ری ده‌ربڕیندا شاره‌زایه‌و توانای خوتبه‌دانی به‌هێزه‌و سیمایه‌كی سه‌رنجڕاكێشی هاوشێوه‌ی سه‌ركرده‌ی حیزبوڵای لوبنانی هه‌یه، ماڵپه‌ری مانیتۆری ئه‌مه‌ریكی ئه‌و به"حه‌سه‌ن نه‌سروڵای عێراق" ناوده‌بات.
ئه‌بو باقر جێی متمانه‌ی ته‌واوی حه‌سه‌ن نه‌سروڵای سه‌ركرده‌ی حیزبوڵای لوبنانه‌و خۆی به‌سه‌ربازی ئه‌و به‌موریدی عه‌لی خامه‌نه‌ئی رابه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌زانێت.
ناوبراو، خامه‌نه‌ئی نه‌ك ته‌نها به‌مه‌رجه‌ع ده‌زانێت، به‌ڵكو پێشیوایه زانا‌و فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره‌ی جیهانی ئیسلامه، ئه‌بو باقر ده‌ڵێت "عه‌لی سیستانی خۆی رایگهندوه كه شاگردی قوتابخانه‌ی ئیمام خومه‌ینیه، دوعا خوێندنیش بۆ خامهنهئیو حه‌سه‌ن نه‌سروڵا به‌واجبی شه‌رعی خۆی ده‌زانێ، راسته سیستانی له‌كاروباری سیاسی عێراقدا قسهرۆشتوه، به‌ڵام ئێمه ئایه‌توڵا خامه‌نه‌ئی به‌وه‌لی ئه‌مری موسڵمانان ده‌زانین".
باس له‌وه‌ش ده‌كات كه "دوژمنایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێران، هاوشێوه‌ی دوژمنایه‌تی قوڕه‌یشه بۆ پێغه‌مبه‌ر"، ئه‌و ده‌ڵێت "دوای سه‌رهه‌ڵدانی ئایینی ئیسلام، ته‌نها چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی به‌مانای واقیعی ئه‌و وشه‌یه دروستبون، كه كۆماری ئیسلامی ئێران یه‌كێكیانه".
ده‌شڵێت "ئیسلامی راسته‌قینه ئه‌مڕۆ له‌كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێ‌و حزبوڵای لوبنان‌و به‌ره‌ی به‌رگری له‌عێراق، سوریا، لوبنان به‌سه‌ركردایه‌تی ئێران ئه‌م هێڵه له‌ئیسلامی راسته‌قینه به‌رجه‌سته دهكهنو موسڵمانان نابێت ئه‌وه له‌بیربكه‌ن كه كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی به‌رگری له‌م ناوچه‌یه‌دا كۆماری ئیسلامی ئێرانه".
له‌وتاره‌كانیدا جه‌غت له‌وه‌ش ده‌كات كه بونی پیاوانێكی وه‌ك قاسمی سلێمانی رێگه‌ی له‌كه‌وتنی عێراق به‌ده‌ستی داعش گرت، به‌تایبه‌تی له‌قۆناغی سه‌ره‌تادا كه "نه‌یهێشت شاری سامه‌ڕا بكه‌وێته ده‌ست تیرۆریستانی داعشه‌وه"، ئه‌و ده‌ڵێت "ئێستا له‌سه‌رده‌می سهكهوتنهكانداینو رۆژگاری شكستهێنان به‌سه‌رچو".
ئه‌و پێیوایه كه كاتێك زۆرێك له‌سه‌ركرده‌كانی شیعه ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌یان قبوڵ كردوه، ئه‌وا وه‌سیه‌تی پێغه‌مبه‌ریان فه‌رامۆش كردوه كه وتویه‌تی "ئه‌گه‌ر موسڵمانێك بایه‌خ به‌كاروباری موسڵمانان نه‌دات، موسڵمان نیه".
ئه‌م پیاوه ئایینیه كه پێشتر به‌رپرسی كه‌ناڵی فورات بوه‌و پاشان دامه‌زراوه‌ی "الرایه"ی دامه‌زراندوه، كه كاری فهرههنگیو كلتوری ده‌كات به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری شیعه‌كان، به‌رده‌وام لهخوتبهكانیدا هێرشی توند ده‌كاته سه‌ر ئهمهریكاو سعودیه‌و ئیسرائیل، ئه‌و ده‌ڵێت "گرفتی ئێستای عێراق نه‌بونی بیركردنه‌وه‌و تێڕامانی قوڵ‌و هوشیاریو چاوساغی خه‌ڵكی عه‌وامه، ئه‌مه‌ش كاری كلتوری ئێمه‌ی زه‌حمه‌تتر كردوه، كه له‌لایه‌كه‌وه دژایه‌تی بیركردنه‌وه‌ی چه‌قبه‌ستوی حه‌وزه‌ی زانستی شیعه‌كان دهكهنو له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌ره‌نگاریی فكری لیبرالی ئه‌مه‌ریكایی".
ئه‌و له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسێكی ئێرانی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "هێشتا به‌شێك له‌كتێبه‌كانی شه‌هید سه‌در له‌هه‌ندێك لهحهوزه ئاینیه‌كانی نه‌جه‌فدا قه‌ده‌غه‌یه" ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه "راسته ئه‌مه‌ریكا له‌روی سه‌ربازیه‌وه له‌عێراق نه‌ماوه، به‌ڵام له‌روی كلتوریه‌وه هێشتا هه‌ر ماوه‌و له‌پشت په‌رده‌وه قه‌یرانسازی ده‌كات".
ئه‌و ده‌ڵێت "پێویسته له‌ڕوی فهرههنگیو كلتورییه‌وه كار بۆ زه‌مینه‌ساز كردنی رێكخراوێكی هاوشێوه‌ی حیزبوڵای لوبنان بكه‌ین له‌عێراق، ئه‌مه‌ش به‌ر له‌هه‌ر شتێك پێویستی به‌وه‌یه باوه‌ڕمان به‌ویلایه‌تی فه‌قیه بێت".