موحەمەدی حاجی مەحمود: یەكێتی‌و پارتی لەسەر هەمو بابەتەكان رێككەوتون
  2019-02-17       2415       

ئا: ئاوێنە

موحەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە تیشك دەخاتە سەر ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان یەكێتی‌و پارتی، باس لەوەش دەكات ئەو دو حزبە متمانەیان بەیەكتر نەماوە.


ئاوێنە: یەكێتی‌و پارتی بۆ گەیشتنیان بەرێككەوتن پێویستیان بە نێوەندگیر هەیە؟

موحەمەد حاجی موحمود: هێندەی بە من كرابێت بۆ لێكنزیككردنەوە‌و ئاشتەوایی نێوان لایەنەكان هەوڵمداوە‌و كەمتەرخەم نەبوم، ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆیان شەریكی هەمو شتێكی ئەم كوردستانەن رەنگە پێویستیان بەوە نەبێت لایەنی سێیەم بچێتە نێوانیان، ماوەیەك بەر لە ئێستا هەندێك حاڵەتی گرتنی ئەندامیانیان لەلایەن یەكترەوە هەبو بۆ ئەو كاتە نێوەنگیری پێویست بو بەڵام ئێستا كە لەسەر حكومەت‌و دابەشكردنی پۆستە باوەرناكەم پێویستیان بەكەس بێت رەنگە خۆشیان حەز نەكەن كەس ئاگای لە كارەكەیان بێت، پێیان خۆشە دو بەدو بەنهێنی باسی بابەتەكان بكەن، من هیوادارم بگەنە ئەنجامێك‌و بتوانن كابینەی نوێ‌ پێك بهێنن، من لەو باوەرەدام هیچ چارەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نیە جگە لە رێككەوتن.

ئاوێنە: ئایا پارتی بەمەرجەكانی یەكێتی رازی دەبێت، بەتایبەت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كەركوك‌و دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە كەسەر بە یەكێتی بێت؟

موحەمەد حاجی موحمود: خۆتان دەزانن ئەو دو حزبە بیست‌و حەوت ساڵە كە بە پەیرەوكردنی سیاسەتی پەنجا بە پەنجا پێكەوەبون، چاكیان كردبێت پێكەوە بون خراپیان كردبێت پێكەوە بون بەشەری ناوخۆشەوە‌و هەردولایان ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان بە هاوبەشی بەرێوەبردوە، من پێموانیە ئەوان جگە لەرێككەوتن رێگەیەكی دیكەیان هەبێت، راستە دەوترێت ناكۆكیان هەیە بەڵام دواجار من پێموایە دەگەن بەرێككەوتن، كێشەی سەرەكی ئێستایان ئەوەیە كە لەساڵی 1992 تا ئێستا  قورسایی دەنگ‌و كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لەنێوان یەكێتی‌و پارتی هەمیشە وا بوە لایەكیان دو كورسی لەلایەنەكەی دیكە زیاتر بوە، لەساڵی 1992 تا 2009 پارتی 2 كورسی زیاتر بوە لەیەكێتی، بەڵام لەدوای ئەو رێكەوتەوە بزوتنەوەی گۆران دروست بو كە لەهەناوی یەكێتی هاتەدەرەوە بەگۆران‌و یەكێتی 4 كورسییان لەپارتی دیموركاتی كوردستان زیاتر بوە، ئەوەی گرنگە هەمو لایەك بیزانێت ئەوەیە كورسییەكانی یەكێتی كە كەمبوەتەوە بۆ پارتی دیموكرات نەچوە بەڵكو حزب لەیەكێتی جیابوەتەوە‌و كورسی بۆ خۆی بردوە ئێستا ئەگەر 21 كوسی یەكێتی‌و 12 ی گۆران‌و 8 ی نەوەی نوێ‌ كۆبكەینەوە دەبێت بە 41 كورسی لەبەرامبەریشدا پارتی 45 كورسی هەیە واتا تەنها 4 كورسی زیاتری هەیە.
 بابەتەكە ئەوەیە كورسییەكانی یەكێتی دابەش بوە‌و ئەوەی پارتی دابەش نەبوە، خالێكی تر ئەوەیە لەساڵی 2005
لەنێوان مام جەلال‌و كاك مەسعود رێككەوتنێك كرا و ئەو دو حزبە ناویاننا رێككەوتنی ستراتیژی، ئەو رێككەوتنە تا بونی كاك بەرهەم ساڵەح بە سەرۆك كۆماری عێراق بەردەوام بو بەڵام دوای ئەوە رێككەوتنی ستراتیژی تێكچوە‌و پێویستیان بەرێككەوتنێكی دیكە هەیە، هەر رێككەوتنێك لەنێوانی یەكێتی‌و پارتی بكرێت بەلایەنی كەمەوە دەبێت بۆ ماوەی 4 تا 8 ساڵی داهاتو بەردەوام بێت، ئێستا یەكێتی ئامادە نیە بە 21 كورسیەوە لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت كە خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانە، یەكێتی بە بەشی خۆی رازی نیە‌و قبوڵی ناكات، كرۆكی كێشەكە ئەمەیە نەك پرسی كەركوك‌و بەغدا‌و پێكهێنانی حكومەت، خۆ هەر شتێك دەبێت لەبەغدا و لەگەڵ ئەمان ناگونجێت بۆ نمونە هەرزانبونی بەنزین لە بانی مەقان‌و خانەقین‌و جەلەولا‌و كەركوك كە نرخی 450 دیناری عێراقییە، كاتێك دەڵێین بۆ لەهەرێم نرخەكەی وەك ئەوان هەرزان ناكرێت دەڵێن ئینجا خۆ ئێمە عێراق نین‌و هەرێمێكی سەربەخۆین بەڵام ئەگەر بڵێین فڵانە شت گران بوە دەڵێن هەرێمیش بەشێكە لەبەغدا‌و دەبێت نرخ وەك بەغدا لێ بكەین، بەراستی ئەوەی باسی دەكەن تەنها موزایەدەیە‌و هیچی تر، بۆیە دوپاتیدەكەمەوە كە یەكێتی نایەوێت بە 21 كورسیەوە لەگەڵ پارتی رێككەوتنێك بكات بۆ چەند ساڵێكی ئایندە.
هەرچەندە ئێستا رێككەوتن بە 21 كورسییەكە نەكراوە، بۆنمونە بزوتنەوەی گۆران 12 كورسی هەیە بەڵام پشكی 18% ی وەرگرتوە، یەكێتی 21 كورسی هەیە بەڵام 35%ی وەرگرتوە، جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان واتا بە زیادیشەوە پۆستیان وەرگرتوە، رەنگە بە پارتی‌و یەكێتی‌و گۆرانەوە زیاتر 90% ی پۆستەكانیان وەرگرتبێت ئەی باشە چەندی تر بۆ حزبەكانی دیكە ماوەتەوە؟.

ئاوێنە: بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەڵێن پارتی لەزۆنی خۆی براوەی یەكەمە‌و یەكێتیش لەزۆنی خۆی براوەی یەكەمە ئایا كار بەم پێوەرە دەكرێت؟


موحەمەد حاجی موحمود: لەو كاتەدا حاڵەتێك هەیە دەبێت ئەمان لێرە بڵێن نەوەی نوێ‌‌و بزوتنەوەی گۆران بێبەری دەكەین لەهەمو دەستكەوتەكان، ئەگەر دەنگ‌و كورسییەكانی گۆران‌و نەوەی نوێ‌ بۆ خۆیان حساب بكەن ئەو كاتە راست دەكەن لەگەڵ پارتی تەنها 4 كورسییان كەمتر دەبێت.

ئاوێنە: پرسی گەرانەوەی پێشمەرگە لەكوێی رێككەوتنەكان دەبینیت، ئایا پێشمەرگە دەتوانێت وەك پێشو رۆڵی گەورە ببینێت لەكەركوك‌وناوچە دابرێنراوەكان؟

 
موحەمەد حاجی موحمود: هەر هێزێك لەگوندێك، شارێك، وڵاتێك دەركرا بە ئاشتی برواتەوە میوانە لەوێ‌، ناتوانێت رۆڵی گەورەی هەبێت، مەسەلەی كەركوك‌و ناوچە دابرێنراوەكان ئەوەیە كە كورد بەشەر دەركراوە ئەگەر بەشەر نەچێتەوە بۆ ئەو شار‌و ناوچانە هەتا ماوە وەك میوان دەمێنێتەوە‌و دەبێت فەرمایشتەكان حكومەتی عێراقی جێبەجێ بكات، حەز دەكەیت لەبری پارێزگارێك 3 پارێزگاری كورد دابنێ كە لەروی ئەمنیەوە ئەمنیەتی لەدەستی عێراق بو هیچی پێناكرێت.

ئاوێنە: وابریارە سبەینێ‌ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، چاوەرواندەكەیت تا ئەمشەو یەكێتی‌و پارتی بەرێككەوتنی سیاسی بگەن؟

 
موحەمەد حاجی موحمود: من پێموایە یەكێتی‌و پارتی لەسەر هەمو بابەتەكان رێككەوتون بەڵام متمانەیان بەیەكتر نیە، بۆنمونە دەوترێت سبەی سەرۆكی پەرلەمان‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەژێردرێن، كێشەكە لێرەدایە یەكێتی گومانی هەیە بەوەی ئایا دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و دەستەی سەرۆكایەتی پارتی هاوكاری دەبێت بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك یاخود نا، كێشەكە نەبونی متمانەیەیە ئەگینا من پێموایە رێككەوتون‌و هیچ كێشەیەكیشیان نیە.



ئاوێنە: چۆن خوێندنەوە بۆ رێككەوتنی پارتی‌و گۆران دەكەیت، لەكاتێكدا بەشێك لەچاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم بەشداریكردنەی گۆران بەم قەبارەیەوە ئینتیحارییە؟

 
موحەمەد حاجی موحمود: بابەتی حزب‌و بەرژەوەندییەكان، ئەوەیە حزب بۆ خۆی دەزانێت چی دەكات بەڵام میللەتەكە نازانێت چی دەكات، ئاخر بۆ ئەبێت وابێت كە میللەت بە ئارەزوی حزب هەڵبسورێت، میللەت دەبێت بەرچاوی رۆشن بێت‌و ئاگایان لەهەمو پێشهاتەكان بێت، بەڵام بەراستی ئەوەی من لێی تێدەگەم ئەوەیە میللەت هەمیشە زەرەرمەند بوە‌و باجی قورسی داوە كەسیش لەئەنجامەكانی نەكۆڵیوەتەوە، دوای هەڵبژاردن‌و روداوەكان بۆڵەكردن‌و نارەزایی دەربرین ناخوات دەبێت لەرۆژی چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان ئەوە بزانیت تا چوار ساڵی دیكە لێت ناپرسرێتەوە‌و دەبێت چاوەرێ‌ بكەیت، من پێموایە ئەگەر خەڵكیش گلەیی بكات بۆ خۆی گلەیی دەكات هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر گۆرانكاری‌و بریارەكان، ماوەیەك هەندێك لەحزبەكان زەلیلی دەستی فەیسبوك‌و جەماوەرەكەیان.

ئاوێنە: حكومەتی نوێ‌ لەئاستی چاوەروانی هاوڵاتیانی هەرێم دەبێت؟

 
موحەمەد حاجی موحمود: خەڵكی كوردستان زۆر دڵیان بەوە خۆشە بە زویی حكومەتی هەرێم پێك بێت، پێیان وایە گۆرانكاری گەورە رودەدات‌و دەبێتە شامی شەریف‌و هەمو ماڵێك ئێواران مەنجەڵە شیری بۆ دەرواتە ماڵەوە، بەڵام پێكهێنانی حكومەت زۆر گۆرانكاری ناكات لەژیانی خەڵك وەك دەڵێن بارەكە هەر چل مەنە، بابەتەە هەموی دەرونیە، هیوادرام بەزویی كابینەی نوێ‌ پێكبهێنرێت‌و بەزویی كێشەكان چارەسەر بكرێت، رەنگە حكومەت‌و پەرلەمانی ئەمجارە كەركی قورس تربێت بەتایبەت دوای روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر‌و پەلاماردانی كەركوك‌و شێلاندنی پێشمەرگە‌و گۆرانكارییەكانی ناوچەكە‌و پرسی كورد لەسوریا، دەبێت پەرلەمانی كوردستان بیر لە بابەتە گرنگەكان بكاتەوە وەك دەستوری هەرێم، چونكە ئەگەر دەستورت نەبو یاساكان رێك ناخرێن بەتایبەت دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و جێبەجێكردن‌و قەزا جیاناكرێنەوە، ئەگەر جیاش نەكرانەوە ناتوانرێت مافی تاك‌و كۆمەڵ بپارێزرێت، ئەمە نەكرێت وەك جاران هەر بە مەزاج ئیش‌و كارەكان دەكرێت، گرنگە كەرتی پەروەردە یەك بخرێت‌و پێش بخرێت پەروەردە خاڵێكی زۆر گرنگە، بایەخ بە كەرتی تەندروستی بدەن رەنگە ئوردون هەژارترینی وڵاتی ئەم ناوچەیەیە بەڵام باشترین نەخۆشخانەی هەیە رەنگە لەرۆژهەڵاتی ناوەراست نەبێت.
ئەو هەمو شتە ئیكسپایەرە دێتە كوردستان‌و بەسەر خەڵكی فەقیر‌و هەژاردا ساغی دەكەنەوە، مزگەوتی واهەیە رۆژانە سێ‌ چوار پرسەی تێدایە‌و شتێكی ئاسایی نیە، هیوادارم حكومەتی داهاتو پەرلەمانی داهاتو ئەوەی لەماوەی 27 ساڵی رابردو نەتوانراوە بكرێت بەشێكی بكەن.  
 



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×