2019-12-22   7403     
ئا: ئاوێنە
"یەكێتی رۆژێكی قورسی بەڕێكرد"، وەك وتەبێژی چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند. لەیەكەم رۆژی كۆنگرەدا دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بەتێپەڕاندنی چەند بڕیارێك بەرز كرایەوەو كۆنگرەش بۆ ماوەیەك گرژی بەخۆیەوە بینی.
ئەنجومەنی باڵای سیاسی ناڕەزایی لێكەوتەوە
لەرۆژی یەکەمی چوارهەمین کۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا، كۆسرەت رەسوڵ بەسەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دیاریکرا، كۆسرەت رەسوڵ وەك سەرۆكی ئەنجومەنەكە دەسەڵاتی ئەوەی دراوەتێ كە چەند كەسێك - وەك باس دەكرێ لەهەشت ئەندام پێكدێت - بەتەزكیە بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنەكە دیاریبكات.
بڕیاری بەتەزكیە بون بەئەندامی ئەنجومەنەكە نەك بەهەڵبژاردن، ناڕەزایی زۆربەی ئەندامانی كۆنگرەی لێكەوتەوە كە خۆیان بەئاڕاستەی دوەم ناودەبەنو زۆربەیان كادێری گەنجی یەكێتینو لەلایەن بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی-یەوە سەرکردایەتی دەكرێن،
ئەم ئاڕاستەیە رەخنەی توندیان لەپرۆسەی بەئەندام بونی ئەنجومەنەكە گرتو پێداگریان لەسەر ئەوە كرد كە دەبێ بەهەڵبژاردن بێو نابێ بەتەزكیە ببنە ئەندامی ئەنجومەنەكە.
هاوكات ئەم ئاڕاستەیە رەخنەیان لەوەش گرت كە ئەوانەی پۆستی بألایان هەیە وەك جێگری سەرۆكی حكومەتو جێگری سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان بكرێنە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، كە هەریەك لەبەرهەم ساڵحو قوباد تاڵەبانیو رێواس فایەقو جەعفەر شێخ مستەفا بون (شێخ جەعفەر كشایەوەو وتی: من پلەم ناوێت). دواتر ئەوە رونكرایەوە كە ئەو سێ كەسەی بون بەئەندامی ئەنجومەنەكە تەنها تا ئەو كاتە ئەندامن كە لەپۆستەكانیدان.
ئەوەی زیاتر ئەم ناڕەزاییەی گەورەتر كرد ئەوە بو كە كۆسرەت رەسول بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە هەر یەك لە"مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، عومەر فەتاح، حاكم قادر، شێخ جەعفەر، عەدنان موفتی، ئەرسەلان بایز، دلێری سەید مەجید"ی بەتەزكیە كرد بەئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە هەر چواریان كارگێرو ئەندامی مەكتەبی سیاسیو سەر بەئاڕاستەی یەكەمی یەكێتین.
جورئەتی ئەوە ناكەن بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە
كادێرانی ئاڕاستەی دوەمی بەشداربووی چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی ئەو ئەندام مەكتەب سیاسیانەی بەتەزكیە كراون بەئەندامی ئەو ئەنجومەنە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە، بەوە تۆمەتبار دەكەن كە لەئەنجامی فشاری زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرەدا خۆیان خستوەتەوە ئەو لیژنەیەوەو جورئەتی ئەوە ناكەن بچنە ململانێی دیموكراسیو هەڵبژاردنەوە، چونكە دەزانن پێگەیان زۆر لاوازە بەراورد بەپاڵێوراوە تازەكانو نایەنەوێ چارەنوسی خۆیان بەهەڵبژاردن بسپێرنو لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ رێككەوتن بۆ ئەندامێتی ئەو ئەنجومەنە.
بەبۆچونی كادێرانی ئاڕاستەی دوەمی یەكێتی ئەندامانی پێشوی مەكتەبی سیاسی دەیانەوێ هەمان دەسەڵاتی جارانیان هەبێو سیغەیەكیان بۆ دۆزیوەتەوە كە حیلە شەرعییە تا لەپۆستە باڵاكاندا بمێننەوەو زۆرترین دەسەڵاتیش بۆ خۆیان بەرنو بەفیلتەری هەڵبژاردنیشدا تێنەپەڕن.
ئەوەش روندەكەنەوە كە ئەندامانی مەكتەب سیاسیو سەركردایەتی پێشوی یەكێتی كە خۆیان پاڵاوتوەتەوە بەناچاری ماونەتەوەو ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی بالای سیاسی تەنها جێگەی بەشێكیانی تیا دەبێتەوە، ئەگینا ئەمانیش خۆیان نەدەخستە بەردەستی هەڵبژاردن، چونكە باش دەزانن كە حاڵیان لەكۆنگرەدا خراپەو لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەشەوە لەیەكەم رۆژیدا ئەم پەیامەیان پێگەیشت.
مەلا بەختیار خۆیشی بەتەزكیە رازی بو
لەیەكەم رۆژی كۆنگرەدا مەلا بەختیار هەستا وتارێكی پێشكەش كرد كە ناڕەزایی بەشێكی زۆری ئەندامانی كۆنگرەكەی لیكەوتەوە، لەم وتارەدا مەلا بەختیار باسی دەستەی دامەزرێنەری کردو هەندێ بەسەرهاتی گێڕایەوە،
بەشێكی بەرچاو لەئەندامانی هۆڵەكە ناڕازی بوونو نامەیەك ئاڕاستەی لیژنەی بەڕێوەبردن كرا لەسەر ئەوەی رێگەیان بەمەلا بەختیار داوە كە وتار پێشكەش بكات.
مەلا بەختیار كە لەچەند مانگی رابردودا بەردەوام فسەی لەسەر گرنگی بەستنی كۆنگرەو دوركەوتنەوە لەتەوافوقو پشكپشكێنە دەكردو پڕۆژەی بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش دەكردو دەیوت دەبێ هەڵبژاردن چارەنوسی یەكێتی یەكلایی بكاتەوەو لەچەندین بۆنەشدا رەخنەی گەورەی لەبەرهەم ساڵح ئەوە بوە لەكۆنگرەكانی یەكێتیدا بەتەزكیەی مام جەلال بوە بەئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نەك بەهەڵبژاردن، خۆی نەچوە لیستی پاڵێوراوەكانو هەڵبژاردنەوەو ئەمڕۆ بەتەزكیەی كۆسرەت رەسول بو بەئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی!
ئاڕاستەی دوەم زۆرینەو بێ ئەزمونە
ئاڕاستەی دوەمی یەكێتی بەو رەوتە دەوترێت كە زۆربەیان كادێری باڵای ناو یەكێتینو لەلایەن بافل تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگییەوە سەركردایەتی دەكرێنو زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرەکە پێكدەهێننو پێشبینی دەكرێت لەدوەم رۆژی كۆنگرەدا زۆرایەتی ئەنجومەنە گشتییە بەدەستبهێنن كە ژمارەیان 121 ئەندامە.
ئەم ئاڕاستەیە كە لەیەكەم رۆژی كۆنگرەدا كاری لەسەر ئەوە كرد دەنگی ناڕەزایی لەناو یەكێتی ببوژێننەوەو كۆنگرەكەش نەبێتە كۆنگرەی چەپڵەڕێزان، كێشەكەی ئەوەیە سەركردایەتییەكەی بی ئەزمونە (بافل تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی) یەكەمجارە بەشداری كۆنگرە دەكەنو ئاڕاستەكەشیان لەروی رێكخستنو تیۆریزە كردنەوە لەئاستێكی بەرزدا نییەو نەبوە بەڕەوتێكی رێكخراو.
هاوكات كێشەیەكی تری ئەم ئاڕاستەیە ئەوەیە پاڵوێراوی زۆرە بۆ ئەنجومەنی گشتی كە ئەمەش دەنگەكانی پرژو بڵاو دەكاتەوە، هەرچەندە پێداگری لەوە دەكەن كە لەدوەم رۆژی كۆنگرەدا زۆرایەتی بەدەستدەهێننو خەڵكێكی زۆر دێنە پێشەوە كە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی پێشوی یەكێتی قبوڵا نەبوە، بەمەش شەرعیەتی زیاتریان دەبێو دەتوانن لێپرسینەوەو گۆڕانكاری بكەن.
ئەم ئاڕاستەیە هەرچەندە لەهەمو ناوچەكان بەهێز دەردەكەوێ، بەڵام بەشێوەیەكی سەرەكی لەسلێمانی بەهێزترە بەراورد بەناوچەكانی تر،
لەبەرامبەردا كەسە بەئەزمونەكانی یەكێتی لەگەڵ ئاڕاستەی یەكەمن كە بەهەموو شێوەیەك هەوڵی لەباربردنی ئاڕاستەی دوەم دەدەن، لەم كۆنگرەیەدا تاكتیكی ئەوە پەیڕەو دەكەن كە هانی كادێرانی ئاڕاستەی دوەم بدەن بۆ خۆپاڵاوتن بۆ ئەوەی دەنگەكانیان پەرتەوازە بێت، لەبری ئەوەی بۆ نمونە لەشارێكدا 10 پاڵێوراویان هەبێو یەكی 100 دەنگ بهێنن، یەكی 20 پاڵێوراویان هەبێو یەكی 50 دەنگ بهێنن.
سبەینێ ٢٣ی ١٢، رۆژێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ هەردو ئاڕاستەكە، ئەگەر ئاڕاستەی دوەم زۆرینەی 121 ئەندامەكەی ئەنجومەنی گشتی بەدەستبهێنن، ئەوا شەرعیەتیان زیاتر دەبێو بەریەككەوتن لەگەڵا ئەنجومەنی باڵای سیاسی دروست دەبیو دەتوانن دەسەڵاتیان لێبسەننەوەو لەدیاریكردنی سەرۆكی داهاتوی یەكێتیو دانانی بەرپرسی مەڵبەندو مەكتەبو دامودەزگاكاندا باڵادەست بن.
سلێمانی زۆرترین پاڵێوراوی هەیە
چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی نزیكەی 500 پاڵێوراوی هەیە بۆ 121 ئەندامی ئەنجومەنە گشتییەكە، كە 113 پاڵێوراویان هی سلێمانییەو زۆرترینیشیان سەر بەئاڕاستەی دوەمن.
بەپێچەوانەی سلێمانییەوە كە ركەبەری گەرمە، ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی پێشوی یەكێتی سود ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی دەبینین، بۆ نمونە خانەقین 5 ئەندامی سەركردایەتییان بۆ داناون لەكاتێكدا ژنارەی پاڵێوراوەكانی 7 كەسن، كە سیانیان مەحمود سەنگاویو عیماد ئەحمەدو دكتۆر خەسرەو گول محەمەدە. هاوكات كە ژمارەی پاڵێوراویان كەمە، پاڵێوراوی بەهێزی ركەبەریشیان كەمە.
كەركوكییەكانی ناو كۆنگرە
هەرچەندە ئەندامانی بەشداربووی كۆنگرە كە كەركوكیین زۆربەی هەرە زۆریان هەمان بۆچونی ئارشاستەی دوەمیان هەیە، بەڵام لەیەكەم رۆژی كۆنگرەكەدا وا دەردەكەوتن كە هەڵوێستیان لەئاڕاستەی دوەم جیاوازە، بەوەی دەنگییان دا بەئەنجومەنە سیاسییەكە بەتەزكیە.
پێدەچێت ئاسۆ ئەڵمانیو رەفعەت عەبدوڵا لەگەڵ ئەم بەشداربوانەی كەركوكدا لەسەر ئەوە رێككەوتبێتن كە ئاسۆ ئەڵمانی دەنگی بەچی دا ئەمانیش دەنگی پێبدەن، كە ئاسۆ ئەڵمانی لەریزی پێشەوەی كۆنگرەكە دانیشتبو، لەكاتی دەنگداندا هەڵدەستاو دەنگی بۆ چی دەدا ئەوانیش بەهەمانشێوە.
بافڵ، فەرەیدون عەبدولقادری لەكۆنگرە كردە دەرەوە
فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیستمانی كوردستان، لەیەكەم رۆژی كۆنگرەی یەكێتی ئامادە بو، ئەو هەمان رۆژ لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی روداو رایگەیاند بوو "هیچ شتێكی زۆر گرنگ لەكۆنگرەی یەكێتی رونادات"، پاش پەخش كردنی ئەم لێدوانەی، بافل تاڵەبانی دەچێت لەریزی پێشەوەی كۆنگرەكە هەڵیدەستێنێو پێیی دەڵێت "تۆ ئەندامی یەكێتی نیت چۆن هاتویتەتە ژورەوە؟ فەرمو بۆ دەرەوە".
بافل تاڵەبانی تا دەرگای دەرەوە لەگەڵ فەرەیدون عەبدولقادر دەڕواو دەیكاتە دەرەوە.