حیزبوڵای‌ عێراق, كۆپی حیزبوڵای‌ لوبنان
  2020-01-01       2530       

ئا: ئاوێنە

 

شۆڕشی‌ ئێران‌و دامه‌زراندنی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌1979، له‌زۆر بواردا به‌خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له‌ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و جیهانی‌ ئیسلامیدا، به‌تایبه‌تی‌ له‌هه‌ڵسانه‌وه‌و به‌هێزكردنی‌ شیعه‌كاندا، كه‌ له‌تایه‌فه‌یه‌كی‌ په‌راوێزخراوی‌ لوبنان‌و عێراق‌و یه‌مه‌نه‌وه‌ كردنی‌ به‌تایه‌فه‌یه‌كی‌ باڵاده‌ست، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كه‌ ئێستا رێكخراوه‌ شیعه‌كانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ده‌وڵه‌ت به‌هێزترو كاراترن.


دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حزبوڵای‌ لوبنان له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌یه‌ی‌ 1980‌و له‌گه‌رمه‌ی‌ جه‌نگی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌دا، به‌ئیلهام وه‌رگرتن له‌ئایدۆلۆژی‌ سیاسی‌ ئایه‌توڵا خومه‌ینی‌، به‌هاوكاری‌‌و پشتیوانی‌ مادی‌‌و مه‌عنه‌وی‌ سوپای‌ پاسداران دامه‌زرا، ئێستا به‌هۆی‌ رۆڵی‌ كارایه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌لوبنان كه‌ به‌ده‌وڵه‌تێك داده‌نرێت له‌ناو ده‌وڵه‌تی‌ لوبناندا‌و توانیویه‌تی‌ به‌گژ ئیسرائیلدا بچێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌هۆی‌ رۆڵی‌ كارایه‌وه‌ له‌جه‌نگی‌ سوریا‌و عێراقیشدا، له‌ئاستی‌ ناوچه‌كه‌دا وه‌ك گه‌مه‌كار ته‌ماشا ده‌كرێ‌‌و به‌باسكی‌ به‌هێزی‌ شیعه‌و ئێران داده‌نرێت.


ئێران چه‌ند ساڵێكه‌ له‌هه‌وڵی‌ به‌هێزكردن‌و هه‌ستانه‌وه‌ی‌ كۆی‌ شیعه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌دایه‌و وه‌ك به‌شێك له‌سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌كییان كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌م رۆژانه‌ یه‌كێك له‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ كه‌وتوه‌ته‌ ناو ناوانه‌وه‌ بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر بنکەکانی له‌عێراق‌و لەبەرامبەریشدا هێرشی هەوادارانی ئەم حزبەوە بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا، كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵای‌ عێراقه‌.

زۆرێك پێیانوایه‌ حزبوڵای عێراق كۆپی‌ حیزبوڵای‌ لوبنانه‌‌و په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵی‌ به‌حیزبوڵای‌ لوبنانی‌‌و حه‌سه‌ن نه‌سروڵای‌ سه‌ركرده‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ چه‌كداره‌كانی‌ مه‌شق‌و راهێنان به‌میلیشیا شیعه‌كانی‌ عێراق به‌گشتی‌‌و كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا به‌تایبه‌تی‌ ده‌كه‌ن.


كه‌تیبه‌كانی‌ حزبوڵای‌ عێراق، ساڵی‌ 2003 یه‌كه‌مجار به‌ناوی‌ كه‌تیبه‌كانی‌ "ئه‌بو فه‌زلی‌ عه‌باس"ه‌وه‌ خۆی‌ راگه‌یاند، پاشان له‌ساڵی‌ 2007دا ناوه‌كه‌ی‌ گۆڕا بۆ كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا له‌عێراق. ئه‌م گروپه‌ كه‌ شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان بون له‌عێراقدا له‌دوای‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ یه‌كه‌م فیشه‌كیان به‌سه‌ربازانی‌ داگیركه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ نا، رۆڵی‌ گرنگیان له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌داعشدا له‌رومادی‌‌و دیاله‌و ده‌ور‌وبه‌ری‌ به‌غدا بینیوه‌، كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ بڵاوده‌بنه‌وه‌ ژماره‌ی‌ چه‌كداره‌كانیان زیاتر له‌ 5000 جه‌نگاوه‌ره‌.

سه‌ركرده‌ی‌ كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا، "ئه‌بو مه‌هدی‌"یەو  زۆربه‌ی‌ كاربه‌ده‌سته‌ عێراقییه‌كان به‌موهه‌ندیس "ئه‌ندازیار" ناوی‌ ده‌به‌ن. ئه‌م به‌رپرسه‌ عێراقیانه‌ پێیانوایه‌ كه‌ له‌لای‌ ئێرانییه‌كان له‌هه‌مو به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كان ده‌ستڕۆیشتوتره‌، ئه‌و كه‌ ته‌مه‌نی‌ 64 ساڵه‌‌و كۆلێژی‌ ئه‌ندازیاری‌ له‌زانكۆی‌ به‌سره‌ خوێندوه‌، لەحەفتاکانی سەدەی رابردودا په‌یوه‌ندی‌ كردوه‌ به‌حیزبی ده‌عوه‌وه‌‌و لەهەشتاکانی سەدەی رابردودا په‌نای‌ بردوه‌ته‌ به‌ر ئێران‌و له‌گه‌ڵ‌ سوپای‌ پاسداراندا كاری‌ كردوه‌.


دوای‌ روخانی‌ رژێم له‌2003دا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ عێراق‌و بوه‌ته‌ په‌رله‌مانتار، سامی‌ عه‌سكه‌ری‌ راوێژكاری‌ نوری‌ مالیكی‌ ده‌ڵێت "له‌كاتی‌ سه‌ردانماندا بۆ ئێران له‌2006دا، موهه‌ندیس له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نی‌ ئێرانی دادەنیشت، به‌مه‌رجێك به‌پێی‌ پرۆتۆكۆل ده‌بو ئێرانی‌‌و عێراقیه‌كان هه‌ریه‌ك به‌جیاو له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر دابنیشن".

 

كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا به‌شاراوه‌ترین‌و نهێنیترین گروپی‌ چه‌كداری‌ عێراقی‌ داده‌نرێت‌و ناوی‌ خراوه‌ته‌ نێو رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ گه‌نجینه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌، ساڵی‌ 2009 وه‌زاره‌تی‌ ناوبراو ناوی‌ موهه‌ندیسی‌ خسته‌ لیستی‌ ره‌شه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ هه‌بوه‌ له‌هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا.

 

دوای‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ موسڵ‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌‌و دروستبونی‌ مه‌ترسییان بۆ سه‌ر به‌غداو شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق، به‌بانگه‌وازی‌ ئایه‌توڵا سیسیتانی‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌كان، موهه‌ندیس فه‌رمانده‌یی‌ هه‌زاران خۆبه‌خشی‌ شیعه‌ی‌ كرد کە دواتر بەحەشدی شەعبی ناوبران. سه‌باره‌ت به‌رۆڵی‌ ناوبراو، به‌رپرسێكی‌ ئه‌منی‌ باڵای‌ عێراق ده‌ڵێت "موهه‌ندیس له‌هه‌مو وردو درشتێكدا به‌شداره‌، له‌ئیداره‌كردن‌و له‌ته‌مویل كردن‌و له‌پلاندانان‌و جێبه‌جێكردنیشدا".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×