گفتوگۆیەک لەگەڵ چۆمان هەردی دەربارەی فێمێنیزم
  2020-01-30       4644       

ئا:  عومەر  عەلی ئەحمەد

 

د. چۆمان هەردی، ژنە نوسەرو چالاکوان و مامۆستای زانکۆ لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت "ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ فێمێنیسته‌ ئیسلامییه‌كان بكه‌ین. خه‌ڵكی باوه‌ڕدار رەنگە کەمتر گوێ له‌ فێمێنیستی عه‌لمانی وه‌كو ئێمه‌ بگرن و زیاتر گوێ لە فێمینیستە ئیسلامییەکان بگرن. فێمینیستە ئیسلامییەکان شاره‌زای قورئان و شەریعەتن و هه‌وڵده‌ده‌ن ته‌فسیرێكی جیاواز بۆ ئەو دەقە ئایینیانە بدۆزنەوە کە بۆ چەوسانەوەی ژن بەکاردەھێنرێن".

 

*بۆچی به‌ جێنده‌رییه‌كان ده‌وترێت نیۆ ماركسییه‌كان؟ بۆچی شه‌پۆلی دووه‌می فێمێنیزم وەک ماركسیی‌ رادیكاڵ باسده‌كرێت؟
-  چۆمان: پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە پێمباشە بە کورتی باسی مێژووی فێمینیزم لە رۆژئاوا بكه‌م، بۆئه‌وه‌ی خوێنه‌رانتان وێنایه‌كی مێژووییان له‌سه‌ر ئەم بزوتنه‌وه‌یە ‌لا دروستبێت. شه‌پۆلی یه‌كه‌می فێمێنیزم لە سەدەی نۆزدەھەمدا داوای مافه‌ یاساییه‌كانی ژنی ده‌كرد، بۆ نموونه‌ مافی دەنگدان یان مافی خودانکردنی منداڵ دوای جیابوونەوە لە ھاوسەر. بزوتنه‌وه‌کە ده‌یویست کە داھات و موڵکی ژن هی خۆی بێت و لە کاتی ھاوسەرگیرییدا نەبێتە هی مێرده‌كه‌ی، چونكه‌ تا ئەو کاتە له‌ رۆژئاوا میرات و موڵك و ماڵی ژن دەبوو بە ھی مێرده‌كه‌ی. جگە لەوەی لەو سەردەمەدا ژن مافی جیابوونه‌وه‌ی نه‌بوو و ئەمەش یەکێکی تر بوو لە داواکارییەکانی فێمینیستەکانی شەپۆلی یەکەم. دواتر شه‌پۆلی دووه‌می فێمێنیزم لە شەستەکان و حەفتاکاندا لە ئەمریکا سەریھەڵدا و ھاوکات بوو له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی مافی مه‌ده‌نی یەکسانی ره‌شپێسته‌كان و دواتریش له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی چه‌په‌كان دژی جه‌نگی ڤێتنام. چەپەکان پێیانوابوو ئه‌مریكا هێزێكی داگیركار و چه‌وسێنه‌ره‌، بۆیه‌ دژی ئه‌و جه‌نگه‌ خه‌باتیان ده‌كرد. هه‌ر له‌و كاته‌دا بزوتنه‌وه‌ی فێمێنیزم خەریکی تیۆریزه‌كردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن بوو، خەریکی به‌هه‌رمهینانی چه‌مك و تیۆریی و شیکاریی بوو لە رێگەی لیكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی، مه‌یدانیی، ئەدەبی و تیۆرییەوە، ھەروەھا خەریکی بەرفراوانکردنی مافی یاسایی ژن بوو، بە تایبەت لە رووی پاراستنییەوە لە توندوتیژی سێکسیی و مافی کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن لەلایەن خۆیەوە. ئه‌م بزوتنەوانە‌ پێكەوه‌ گه‌شه‌یان سه‌ند و به‌شیكی ئه‌و فێمینیستانه‌ی كه‌ له ‌شه‌پۆلی دووھە‌مدا چالاكبوون ماركسیی بوون، بەڵام ھەموویان نا.
لەلایەکی ترەوە، لە سه‌ره‌تادا زۆربەی فێمینیسته‌كانی شەپۆلی دووھەمی رۆژئاوا سپیپێسته‌كانی ‌چینی ناوه‌ڕاست بوون. فێمینیسته‌ ئاسیایی و ڕەشپێستەکان یه‌كه‌مینی ئه‌و ژنانه ‌بوون کە ئاڵنگاریی ئه‌م گرووپەیان كرد. ئەوان وتیان ”ئێمه‌ ته‌نها وه‌ك ژنێك ناچه‌وسێنرێینه‌وه، به‌ڵكو به‌هۆی ره‌شپێستبوون یان ئاسیاییبوونمانه‌وه‌ دوباره‌ له‌لایه‌ن نەژادپەرستەکانەوە ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌. ئێمه‌ به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی کە ژنین، ره‌شپێستین، كه‌مئه‌ندامین یان سه‌ر به ‌ئاینێكی جیاوازین بە شێوەیەکی جیاواز لە ژنانی سپیپێست دەچەوسێنرێنەوە.“ بێگومان له ‌ئه‌وروپا مه‌سیحییه‌ت سه‌رده‌سته‌ و ئایینەکانی تر پەراوێزدەخرێن، بە پێچەوانەشەوە لێره‌ كه‌ ئاینی ئیسلام سه‌رده‌سته‌‌ و كه‌مایه‌تییه‌ ئاینییه‌كانی دیكه‌ زوڵمیان لێده‌كریت. سه‌رده‌سته‌یی جیاره‌گه‌زخوازه‌كان به‌سه‌ر كه‌مایه‌تییه‌ سێكسییه‌كانی دیكەشدا (واتە چەمکی سێکسوالیتی) شێوازێکی تری رێکخستنی دەسەڵاتە. بۆیه‌ دوای ئەم رەخنانە، فێمینیستەکان باس لە یه‌كتربڕی چه‌مكه‌كانی دەسەڵات ده‌كه‌ن.
میتۆدی یه‌كتربڕی چه‌مكه‌كانی دەسەڵات كه‌ به‌ ئینگلیزییه‌كه‌ی پێیده‌گوترێت (‪intersectional approach) لێرەوە گەشەی سەند، چونكه‌ مرۆڤ ته‌نها بەبۆنەی ژنبوونەوە له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا چه‌وساوه‌ نییە، بەڵکو ده‌كرێت وه‌ك چینی هه‌ژار، کەسی ڕه‌شپێست و خاوەن پێداویستی تایبەت، یانیش وه‌ك کەسێك كه‌ سەر بە ئاینێكی جیاوازه‌ بچه‌وسێنرێته‌وه‌. كۆمه‌ڵیك چه‌مك ھەن کە له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌ڵات رێكده‌خه‌ن. جێنده‌ر ته‌نها یه‌كێك لەم چەمکانەیە ‌و چینی كۆمه‌ڵایه‌تیی، نەژاد یان گروپی ئەتنی، سێکسوالیتی، بوونی پێداویستی تایبەت و ئایین چەمکی ترن کە گروپێک پەراوێز و گروپێکی تر ناوەندە و دەسەڵاتدار دەکەن.
لەبەرچاوگرتنی فرەڕەھەندیی چەوسانەوەی ژنێکی ناموسوڵمانی ھەژار کە رەنگە ھاورەگەزخواز یان كه‌مئه‌ندام بێت تێڕوانینمان بۆ کێشەکان فراوانتر دەکات. هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌ سه‌ر به‌ گروپی جیاین. بۆ نموونه‌ من ژنم، له‌ هه‌مان كاتدا سه‌ر به‌چینی ناوه‌ڕاستم، جیاڕه‌گه‌زخوازم و كوردم. ھەریەکە لەم چەمکانە پێگه‌یه‌كی پێداوم. وەک ژنێک لەم کۆمەڵگە پیاوسالارەدا پێگەم لاوازە، بەڵام وەک کەسێکی سەربە چینی ناوەڕاست، وەک جیاڕەگەزخوازێک و کوردێک کە لە کوردستان دەژی، پێگەم بەھێزە. واتە ھەریەک لەم چەمکانە كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانی كه‌سه‌كان. مەرج نییە ژن ھەمیشە لە ھەموو پیاوەکان بێدەسەڵاتتر و چەوساوەتر بێت. بۆ نموونە ژنێك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حیزبێكه‌ و شوفێره‌كه‌ی یان باخەوانەکەی پێاوێكی ئێزیدی ھەژارە. راستە کە شۆفێر یان باخەوانەکە پیاوە و بەم بۆنەیەشەوە پێگەیەکی بەرزتری لە ژنەکە ھەیە، بەڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئەم پیاوە ھەژارە و ناموسوڵمانە، بە شێوەیەکی گشتی پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو نەویترە لە ھی ژنەکە. بۆیە ئێستا زۆرینەی فێمینیستەکان پێداگریی لەسەر یەکتربڕی چەمکەکانی دەسەڵات دەکەنەوە. ئێمه‌ باسی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ین به‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانییەوە.
گەر بگەڕێمەوە سەر پەیوەندی نێوان فێمینیستەکان و چەپەکان دەبێت بڵێم کە ھەندێک نزیکایەتی ھەیە. بە شێوەیەکی گشتیی گەر سەیری داتاکانی جیھان بکەیت دەبینیت کە پەیوەندی هه‌یه‌ له‌نێوان ژنبوون و ھەژارییدا. زگورت-دایکەکان لە وڵاتە گەشەسەنەکاندا زۆرینەی چینی ھەژار پێکدێنن، چونکە ژن داهاتی كه‌متره‌ لە پیاو و ئەرکی به‌خێوكردنی منداڵیشی له‌ ئه‌ستۆدایە. لەلایەکی ترەوە ژنی ماڵەوە ھیچ داھاتێک وەرناگرێت لە بەرامبەر به‌ڕیوه‌بردنی ماڵدا. ھەموو کارەکانی ئەو بۆ بەخێوکردنی منداڵ، پاکراگرتنی ماڵ و بەڕێکردنی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان، بێبەرامبەرە. ‌ته‌نانه‌ت کاتێکیش ژن لە ‌ده‌ره‌وه‌ ئیش دەکات زیاتر ئەو کارانە ئەنجامدەدات کە مووچه‌ی كه‌متره‌ لە پیاو، بۆ نموونە زۆرینەی ڕه‌های ژن کارمەنده‌ و به‌رێوه‌به‌ر نییە، کرێکارە و خاوەنکار نییە، ئه‌ندامه‌ له‌ حیزب، به‌ڵام پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی نییه‌.‌ بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ فێمینیسته‌كان پێیانوایه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن وه‌كو ژن و چه‌وسانه‌وه‌ی ئابووریی ژن ده‌بێت پێکەوە شرۆڤە بکرێن. به‌ڵام ئه‌مه‌ گفتوگۆی زۆری له‌سه‌ره‌ و تێكستی زۆری له‌لایه‌ن فێمنیسته‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر نوسراوە، چ‌ ئەوانەی له‌گه‌ڵ ماركس ھاوڕان و چ ئه‌وانه‌ش کە ھاوڕا نین.
ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ماركسن پێیانوایه چه‌وسانه‌وه‌ی ژن و چه‌وسانه‌وه‌ی ئابووریی ژن یه‌ك شته‌. ئه‌وانه‌ی لەگەڵ مارکس نین پییانوایه‌ نابێت چه‌وسانه‌وه‌ی ژن له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی ئابوورییدا كورتبكرێته‌وه‌. بۆ نموونە ئەوان بیرمان دێننەوە ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانەش کە سەرمایەداریی بوونی نییە و جیاوازی چینایه‌تی كه‌مه‌ ژن هه‌ر شوێنگەی نەویترە لە پیاو، ته‌نانه‌ت دوای دامه‌زراندنی سیسته‌می كۆمۆنیزمیش هه‌ر ژن چه‌وساوە بوو.  بۆیه‌ نابیت چه‌وسانه‌وه‌ی ژن كورتبكه‌ینه‌وه‌ بۆ بواری ئابووریی و چینی كۆمه‌ڵایه‌تی.
*ئایا ئه‌وه‌ی لە ‌كورستاندا گوزه‌راوه‌ توانیویه‌تی ئامانجه‌كانی فێمێنیزم بپێكێت؟ یا كۆمه‌ڵێك ژن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان كاریان كرددوه‌ و جوڵانه‌وه‌یه‌كی بێ هۆشیارییه‌؟
- کوردستان چونکە هێرشێکی زۆری ده‌كرێته‌ سه‌ر. بەڵام دەبێت بیرمان بێت کە ئەم بزوتنەوەیە به‌ هه‌موو كێشه‌كانییەوە كه‌ هه‌یبووه‌ توانیوێتی ھەندێک گۆڕانكاریی بكات. بۆ نموونە ئه‌و رێفۆرمانه‌ی له‌ یاساکاندا كراون، دروستبوونی شێڵتەر و دواتر دامەزراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژیی و ئەنجومەنی خانمان لە ده‌رئه‌نجامی فشار و كاری ئه‌م بزوتنەوەیەوە بووە‌.
ئێستا ژنانێك پێگه‌یشتوون کە قسه‌ده‌كه‌ن و ئاماده‌گییان هه‌یه‌. تازه‌ ئه‌م پرسه‌ بۆته‌ پرسێكی گشتیی ‌و نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت. هه‌رچه‌نده‌ زۆرینەی خه‌ڵك پشگتیریی ئەم بزوتنەوەیە ناکات، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر ژن له‌ بواری سیاسه‌ت و میدیا و ئیدارەدا دەرکەوتوون و چیتر كه‌س ناتوانێت بڵێیت ژن توانای ئەم کارانەی نییە.‌ زۆربه‌ی لێکۆڵینەوەکان لەم بوارەدا جیاوازی ده‌كه‌ن له‌نێوان بزتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی لەلایەک و رێكخروەكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی لە لایەکی ترەوە. بێگومان جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا. بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خۆرسكانه‌، لەسەر شەقامەکان و لەلایەن کەسانی خۆبەخشەوە دروستدەبن. بۆ نموونە لە بەریتانیا، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ژنێک بە ناوی ئێمیلی دەیڤیدسن چووە ناو بزوتنەوەی مافی دەنگدانەوە، واتە شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم. ئەو بە پیشە مامۆستا بوو بەڵام وازی له‌ مامۆستایی ھێنا و وه‌ك خۆبه‌خشێك بۆ به‌رگریكردن له‌ مافی ژن لەم بزوتنه‌وه‌یەدا بەشدارییکرد. پاشان‌ چه‌ندین جار زیندانی کرا و به‌زۆر خۆراكی درایە تا نەمرێت. دواجار ئه‌سپه‌كه‌ی شای به‌ریتانیا به‌سه‌ریدا رۆیشت و کوشتی. ئه‌م بزوتنه‌وه‌ کۆمەڵایەتییە له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ هاتووه و  خۆرسكه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌‌ڵ خه‌ڵكی شەقامەکان هه‌یه‌ بە ھەموو چین و توێژە جیاکانەوە، بۆیه‌ به‌هێزه‌. به‌ڵام یەکێک لە کێشەکانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌‌نی ئه‌وه‌یه‌ کە لەلایەن كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی چینی ناوه‌راستی خوێنده‌وارەوە دروستکراون و بۆ به‌ڕێكردنی كاره‌كانیان ده‌بێت فه‌ند وه‌ربگرن. ئه‌گه‌ر دۆنه‌ره‌كه‌ بواری گرنگییپێدانی خۆی گۆڕی، ئه‌و كاته‌ رێکخراوەکەش ده‌بێت كاره‌كه‌ی و ئامانجه‌كه‌ی بگۆڕێت. بۆیه‌ زۆرجار رێكخراوه‌كان به‌لارێدا ده‌برێن. له‌هه‌مان كاتدا ده‌بینین رێکخراوەکانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌كردن، پاراستنی ئاسایشی ستاف، دابینکردنی بژێوی ژیان و ھەندێک مافی سەرەتایی کەسەکانیان تێدا پاریزراوە ده‌توانن نه‌فه‌س درێژبن و بۆماوه‌یه‌كی زۆر بمێننه‌وه‌. به‌ڵام بزوتنه‌وەکان جاری وا هه‌یه بەبۆنەی نەبوونی پشتگیریی دارایی و نەبوونی ئاسایشەوە دەپڕووکێن و‌ لە ماوەیەکی کورتدا کپدەبن یان کپدەکرێن. هه‌ر یه‌كە لە بزوتنەوە و رێکخراوی مەدەنی خاڵی باش و خراپی خۆیان هه‌یه‌. رێكخراوه‌كان ئەو کەلێنانە لە خزمەتگوزارییدا پڕدەکەنەوە کە حكومه‌ت جێبەجێیان ناکات، به‌ڵام لەلایەکی ترەوە كه‌لێنێك هه‌یه‌ له‌نێوان رێكخراوه‌كان و ژنانی سه‌ر جادەدا.‌ داکۆکیکردن لە دادپەروەریی، جا ئەوە دادپەروەریی جێندەریی بێت یان ھەر بوارێکی تر، تەنھا بە كاری رێكخراوه‌یی ناكریت، به‌ڵكو ده‌بیت لێكۆڵینەوە و بەرھەمھێنانی شرۆڤە و تیۆری لەگەڵدا بێت. رێكخراوه‌كان كاره‌سات و دیارده‌كان ده‌بینن و ھەوڵدەدەن چارەسەری بکەن، به‌ڵام گەر لێکۆڵینەوە نەبێت ناتوانن بە شێوەیەکی دروست کار لەسەر‌ نەھێشتنی هۆكاره‌كانی بکه‌ن.
له ‌هه‌موو كۆمه‌ڵگەیەکدا دەبێت کەسانێک ھەبن کە داکۆکی له‌و كه‌سانه‌ دەکەن کە زۆڵمیان لێده‌كرێت. رێكخراوه‌كان له‌وه‌دا باشن، به‌ڵام ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان. رێكخراوه‌كان كه‌متر بواریان هه‌بووه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان، چونكه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ ڕووی مه‌عریفییەوە ماوەیەکی زۆر دابڕاوە و له‌ ڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیشەوە دژایەتیکراوە. هه‌روه‌ها ھەندێک سەرکردەی ئایینی رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ بە ئامانجکردنی ژنانی چالاکواندا. نەبوونی ئیراده‌ی سیاسیش بۆ گۆڕانکاریی کێشەیەکی گەورەیە.

 

*لە رووی مێژووییەوە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان ھێندەی عه‌قڵگه‌رایی و مۆدێرنە بۆ لێدان له‌ ژن و خزمه‌تكردنی پیاو بەکارنەھاتوون، كه‌واته‌ ئایا مۆدێرنە و رۆشنگەریی چارەسەرن؟
- لێكۆڵینه‌وه‌ی ئەتنۆگرافی سەبارەت بە ھەندێک هۆز و خێڵی دوره‌ده‌ست و سەرەتایی کە ھێشتا جیھانگیریی و مۆدێرنه‌یان پێنه‌گه‌یشتووه‌ وا پیشاندەدەن کە ژن لەم کۆمەڵگەیانەدا ده‌سه‌ڵاتی یەکسانی ھەبووە لەگەڵ پیاو. به‌ڵام ئەم ئەنجامگیرییانە کەوتوونەتە ژێر پرسیاره‌وه.‌ شێری ئۆرتنه‌ر دەڵێت ته‌نانه‌ت لەو هۆزانه‌شدا کە گوایه‌ ‌ژن وه‌كو پیاو ته‌ماشاده‌كرێت و مافی یەکسانی ھەیە، هێشتا ژن له ‌كاتی سوڕی مانگانه‌دا وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ پیسبوون ته‌ماشاده‌كرێت و رێگەی پێنادرێت لە ھەندێک کار و سروت و رەفتاردا بەشداریی بکات، بەڵکو دووردەخرێتەوە لە ھەندێک شوێن و ھەندێک کەس. کەواتە گەرچی ئه‌مجۆرە ناوهاوسه‌نگییه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرندا ده‌یبنرێت له‌وێ نییه‌، به‌ڵام هێشتاش هه‌ر جیاکاریی ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و ژنانه‌ی سوڕی مانگانەیان ھەیە بۆیان نییە ده‌ست له‌خواردن بده‌ن، نابێت له‌ جه‌نگاوه‌ركان نزیكبنه‌وه‌، چونكه‌ گوایە بێهێزیان ده‌كه‌ن، ناتوانن هه‌ندێ سروتی ئاینیی ئه‌نجام بده‌ن. لەم کۆمەڵگەیانەدا ژن به‌ هۆی بایۆلۆجیاوه‌ وەک سه‌رچاوه‌ی پیسبوون سەیردەکرێت،‌ بۆیه‌ تێڕوانینێكی یه‌كانگیر نییه‌ لەسەر ئەوەی کە ئایا لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا مافی ژن یەکسان بووە لەگەڵ پیاو یاخود نە. ‌رەنگە لە ھەندێک رووەوە باشتربووبێت، به‌ڵام شێوازێکی پیاوسالاریی ھەر بوونی ھەبووە‌.
پیاوسالاریی فۆرمی جیاوازی هه‌یه‌ کە به‌ گوێره‌ی گەشەسەندنی كۆمه‌ڵگەكه‌، دەگۆڕدرێت. بۆ نمونه‌ له ‌سه‌رده‌می فیودالیزمدا پیاوسالاری بە شێوەیەک بووە، بەڵام‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌دارییی و سۆشیالیزمدا بە شێوازێکی ترە. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی تێبینیكراوه‌ پیاوسالاری مرونه‌تی زۆره‌ و دەتوانێت لەگەڵ گۆرانكارییە جیاکاندا خۆی بگونجێنێت. دەبینین له‌ كوردستاندا یاسا ده‌گۆڕدرێت و ئیتر ژنكوشتن تاوانه، بۆیە ھەندێجار پیاو لە رێگەیەکی ترەوە ژن لەناودەبات، بۆ نموونە ھێندەی ئازاردەدات و دەیچەوسێنێتەوە تا ژنەکە خۆی دەکوژێت. ھەروەھا دوای پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و گۆڕانكاری ئابووریی و سیاسیی لەم ھەرێمەدا، پیاوسالاری  رێگای دیكه‌ی دۆزییەوە بۆ خۆگونجاندن و بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن. بەبۆنەی ھاتنی ئینتەرنێت و سەتەلایت و مۆبایلی زیرک و تەماشاکردنی فلیمی پۆرنەوە شێوازێکی تر لە تیگه‌یشتن بۆ سێكسوا‌لیتی دروستدەبێت. ئێستا‌ بەشێوەیەکی ناشرینتر و زەقتر ژن وەک ئامرازێک سەیردەکرێت بۆ خۆشی پیاو. بۆیه‌ ‌ گومان هه‌یه‌ سیسته‌مێك هه‌بێت کە دادپه‌روه‌رێتی تەواوی تێدابێت بەرامبەر بە ژن. ھەڵبەتە ھەندێک کۆمەڵگا لە ھەندێکی باشترن بەڵام ھیچیان ئایدیال نین.
عه‌قل و سه‌رمایه‌داریی یارمه‌تی پیاوسالارییان دا. ژن له‌ناو سه‌رمایه‌دارییدا به‌كاڵاده‌كرێت. ماركس ده‌ڵێت، سه‌رمایه‌دار سوود له‌ ئیشی‌ بێبه‌رامبه‌ری ژن دەبینێت بۆ خزمەتکردن و تێرکردنی مێرده‌كه‌ی. بۆ نمونه‌ سه‌رمایه‌دار ده‌یه‌وێت كرێكاره‌كه‌ی نان بخوات تا وزەی کاری بەردەوامی ھەبێت، پاکوتەمیز بێت بۆ ئەوەی نەخۆش نەکەوێت و خزمه‌تبكرێت تا كارێكی باش بكات. ئه‌وه‌ ژنە کە به‌خۆڕایی ئەم ئیشانە ئەنجامدەدات و ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م قازانجه‌ ده‌چێته‌ كیسه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كه‌وه‌‌.
ھەروەھا ژن به‌كارده‌هێنرێت بۆ ریكلامكردن و بۆ فرۆشتنی كاڵا جیاکان. له‌ پۆڕنۆگرافیادا، ژن كاڵایه‌كی سێكسییه‌ بۆ تێركردنی حه‌ز و خواسته‌كانی پیاو. سه‌رمایه‌داریی خۆی ئه‌و حه‌زه‌ دروستده‌كات و تێریشی ده‌كات. له ‌فیودالیزمیشدا کە رێكخستنێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی پێش مۆدێرنەیەیه،‌ له‌رێگه‌ی هه‌ندێ به‌های ئایینی و شه‌ره‌فەوە کۆنترۆڵی جەستەی ژن دەکرێت.

 

*لە واقیعدا فێمێنیزم ده‌بێت سكیۆلار بێت، ئه‌ی پرۆژه‌ی به‌ئیسلامیزه‌كردنی فێمێنیزم چۆن ده‌بینی؟
- ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ فێمێنیسته‌ ئیسلامییه‌كان بكه‌ین. خه‌ڵكی باوه‌ڕدار رەنگە کەمتر گوێ له‌ فێمێنیستی عه‌لمانی وه‌كو ئێمه‌ بگرن و زیاتر گوێ لە فێمینیستە ئیسلامییەکان بگرن. فێمینیستە ئیسلامییەکان شاره‌زای قورئان و شەریعەتن و هه‌وڵده‌ده‌ن ته‌فسیرێكی جیاواز بۆ ئەو دەقە ئایینیانە بدۆزنەوە کە بۆ چەوسانەوەی ژن بەکاردەھێنرێن. من بۆ خۆم شارەزاییم له‌و بوارانه‌دا كه‌مه‌ و ناتوانم وەک ئەوان لە پرۆسەی دوبارە تەفسیرکردنەوەی دەقە ئاینییەکاندا بەشداربم. ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌فسیره‌ باوه‌ی ئاییندا ھەیە کە له ‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بۆ چەوسانەوەی ژن بەکاردەھێنرێت. ئه‌گه‌ر تۆ ده‌توانی ئه‌و باوه‌ڕه‌ ئاینیه‌ی تۆ هه‌ته‌ بیگونجێنێت له‌گه‌ڵ مافه‌كانی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژندا ئەوا زۆر باشه‌. ئه‌گه‌ر ئایین بۆ چه‌سپاندنی دادپەروەریی و یەکسانی بێت ئێمە کێشەمان نییە لەگەڵی. به‌ڵام ئه‌م ئایینه‌ تا ئێستا چه‌ندین فۆرمی جیاوازی به‌كارهێناوه‌ بۆ دژایه‌تیکردنی ژن. ھەندێ مامۆستای ئاینی له‌ وتارەكانیاندا ژه‌هر ده‌ڕێژن دژی ژن. ئەمە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت. مرۆڤە ئاینییەکان دەبێت خۆیان رووبەڕووی ئەم ناشرینکردنەی ئایین بوەستنەوە. هه‌روه‌كو چۆن یه‌ك مۆدێل له‌ موسڵمانبوون نییه‌، چونكه‌ دایكی من موسڵمانه‌ و داعشێكیش خۆی به‌ موسڵمان ده‌زانێت، موسڵمانێكی عه‌ره‌ب له‌ موسڵمانێكی كورد یان فارس یان ئه‌ندەنووسی جیاوازه‌ و له‌ناو خودی ئه‌م میلله‌تانه‌شدا چه‌ندین مۆدێل و ئاراسته‌ی جیاواز و پراكتیكی ئایینی جیاواز بوونی هه‌یه‌، ئاوهاش به‌ بۆچوونی من قورئان تێكستێكه‌ وه‌ك هه‌موو تێكسته‌كانی تر، زیاد له‌ ته‌فسیرێك هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ر ئه‌م واقیعه‌ تێكستییه‌ی قورئانه‌ كه‌ ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئه‌تنی و سیاسیی و ئابوورییه‌كان ڕاڤه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كه‌ین و به‌ فۆرمی جیا ئاراسته‌ی ده‌كه‌ین.

 

*پۆست فێمێنزمه‌كان یا دژه‌ فێمێنیزمه‌كان وه‌كو پرۆژه‌یه‌ك نابینی بۆ لێدان له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌؟
- بەڵێ رێك وایه‌. له‌ ساڵانی نەوەدەکاندا لە رۆژئاوا، نەوەیەک کچانی گەنج پەیدابوون کە بڕوایان وابوو چیتر پێویستمان بە فێمینزیم نییە. بێگومان نەوەی تازە مافی زیاتریان ھەیە لە نەوەکانی پێشوو، ھەندێکیشیان ھوشیارنین کە چه‌ند قوربانی دراوه‌ بۆ ئەوەی ئەوان دەرفەتی زیاتریان ھەبێت لە دایک و نەنکەکانیان، چه‌ندەھا ژن بوونه‌ته‌ قوربانی تا ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌. بەپێی تازەترین راپۆرتی ۆڵد بانک کە مانگی دووی ٢٠١٩ بڵاوبووەوە، له‌ سەرجەم وڵاتانی دونیادا ته‌نها لە 6 وڵات ژن و پیاو مافی یاسایی یەکسانیان ھەیە، ئه‌مەش تەنھا له‌سه‌ر ئاستی تیۆرییەوە، چونکە لە پراکتیکدا ھەندێکجار ئەم یاسایانە جێبەجێناکرێن. بە بڕوای من ئەو کچە گەنجانە کە ھێشتا بەباشی ئەزموونی سیستەمی پیاوسالارییان نەکردووە دواتر کە ھاوسەرگیرییان کرد، منداڵیان بوو و چوونە مه‌یدانی كاركردنه‌وه‌ ئه‌وسا ده‌بینن كه‌ چه‌ند جیاکارییی بەرامبەر بە ژن دەکرێت.‌ ژنان لە زۆربەی جیھاندا گه‌ر فولتایمیش کاربکەن هه‌ر ده‌بێت به‌شی زۆری ئەرکی منداڵ به‌خێوكردن و ماڵ بەڕێوەبردن بگرنە ئەستۆ. ئەم دۆخه‌ لە رۆژئاواش تاوه‌كو ئه‌م چركه‌ساته‌ ھەر بەو جۆرەیە. بۆ نمونه‌ من و ھاوسەرەکەم پێکەوە منداڵەکەمان بەخێودەکەین، بەڵام هاوڕیی ئه‌ڵمان و ئینگلیزم هه‌یە‌ كه‌ ھاوسەرەکانیان ھیچ ئەرکێکی لەمجۆرە ناگرنە ئەستۆ، وەک ئەوەی ئەمە تەنھا ئیشی ژن بێت. کچانی گەنج دواتر بۆیان دەردەکەوێت کە ھەرچەندە بڕوانامه‌ی بەرز و توانی زۆریان هه‌بێت، به‌ڵام لە بواری کاردا وه‌كو پیاو گه‌شه‌ناكه‌ن و پێشناکەون. با ئەم گەنجانە بەر سه‌قفه‌ شوشه‌ییه‌كان بكه‌ون و ئه‌زموونی به‌ربەستی نه‌بینراو بکەن ئه‌و كاته‌ تێده‌گه‌ن هه‌ڵه‌ن، تێده‌گه‌ن كه‌ ئەو كۆمپانیا، حیزب یا ده‌وڵه‌تانەی ئیدیعای یه‌كسانیی ده‌كه‌ن چه‌نده‌ جیاکاریی بەرامبەریان ده‌كه‌ن.

 

* بۆ فه‌لسه‌فه‌ بوو به‌ چه‌كێكێك بۆ لیدان له‌ ژن؟
- لە ساتەوەختێکی مێژووییدا بارودۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دروستبوو و کە پیاو گه‌مه‌ی دەسەڵاتی برده‌وه‌. هۆكاری ئه‌م بردنه‌وه‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ به‌هۆی توانای منداڵبوونی ژنه‌وه‌ بێت کە بۆ ماوەیەکی کاتی ژنی بە منداڵی بچووکەوە سەرقاڵدەکرد و پیاو ئازادی زیاتر بوو. تا ئێستا تیۆرییه‌كی یه‌كلاكه‌رەوه‌ نییه‌ لەم بوارەدا. دوای سەردەستبوونی، پیاو ھەوڵیدا وا پیشانبدات کە ئه‌مه‌ دەرەنجامی قۆناغێك یان رێكه‌وتێكی مێژووی نه‌بووه، ھەوڵیدا بیسەلمێنێت کە ئەمە هه‌ر وا بووه و ھەر واش دەبێت، چونکە دەسەڵاتداریی مافێکی سروشتی ئەوە. پیاو بۆ هێشتنه‌وه‌ی دەسەڵاتی خۆی و كردنی به‌ ئه‌مری واقیع‌ چه‌ندین ئارگومێنتی‌ مێژوویی، فه‌له‌سه‌فیی‌، بایه‌لۆجیی، سایكۆلۆجیی و ئایینیی دروستکرد. بۆ نمونه‌ فرۆید كه‌ باوكی دەروونشیكارییە‌ تێڕوانینەکانی كاره‌ساته‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژن، پێیوایە ھەموو کچێکی منداڵ ئیرەیی بە کوڕی منداڵ دەبات، چونکە کوڕ چووکی ھەیە، ئەمەشی ناونا چووک-ئیرەیی. لە زۆرینەی فەلسەفە و نووسین و شیکارییەکانی پیاودا، پیاو نمونه‌ی مرۆڤە‌ و ژن ئه‌وی تره. سیمۆن دو بۆڤواری فێمینیست ده‌ڵێت، مادام پیاو خۆی بە ناوەند و ژن به‌ ئه‌وی تر دەزانێت، دەبوایە ژنیش خۆی بە ناوەند و پیاو به‌ ئه‌وی تر بزانێت. بەڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ کە ژن (ھەر وەک پیاو) پیاو بە ناوەند دەزانێت و خۆی به‌ ئه‌وی تر. له ‌مێژوودا ژن خۆی به‌ ناوەند نه‌زانییوه، پیاویش ‌ھەمیشە کاری لەسەر ئەوە کردووە کە لە رێگای کەلتوور، ئایین، فەلسەفە و ئەدەبەوە باوەڕ بە ژن بھێنێت کە شوێنگەی نەوی خۆی قبووڵبکات، خۆی به‌ ئه‌وی تر بزانێت لە بەرامبەر پیاودا وەک ناوەند. ئه‌م پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنه‌‌ پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژبووه و زۆر ئیشی له‌سه‌ر کراوە تا وایكردووه‌ ژنێكی زۆر ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ قبوڵبكات و وه‌كو حه‌قیقه‌ت ته‌ماشای بكات، نه‌وه‌ك میكانیزمیك بۆ شاردنەوەی گەمەی دەسەڵات و سەردەستەیی پیاو.‌ ‌


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×