"کۆنگرەی چوارەم، کۆنگرەی بەتاپۆکردنی یەکێتی بوو لەسەر نەوەکان"
  2020-02-15       3591       


ئا:ئاوێنە



جەواد سەعید، راویژکاری پەرلەمانی کوردستان‌و پێشمەرگەی دێرین‌و کادێری پێشوی یەکێتی لەم گفتوگۆیەی ئاوینەدا دەڵێت "بەبنەماڵەکردنی حزب بۆ ھەموو حزبێکیتر گونجاو بوبێت ئەوا بۆ یەکێتی گونجاو نییە. لەشاخ کۆبونەوە نەبوو باسی مەترسییەکانی حزبی بنەماڵەمان بۆ نەکەن، کەچی ئێستا سەرچۆپی حزبی بنەماڵە لای یەکێتییە!".


ئاوێنە:  پاش كۆنگرەی چوارەم چەندین ناوەندی بڕیار لەیەكێتیدا بەدیدەكرێت، ئایا یەكێتی پێویستی بەم فرە ناوەندی بڕیارانە هەیە؟
جەواد سەعید: لەڕاستیدا، یەکێتی لەگەڵ فرە باڵ و ناوەندی بڕیاردا لەدایک بووە، دیاردەیەکی سروشتی و پۆزەتیڤیشە لەناو حزبدا بیرکردنەوەو ئاراستەی فکری جیاواز ھەبێت. جاران جیاوازییەکان تاڕادەیەکی زۆر لەسەر فکرو دنیابینی بوون، بەڵام لەئێستادا لەسەر بەرژەوەندی شەخسین. بەبڕوای من، یەکێتی پێویستی بەیەک ناوەندی بڕیار ھەیە کە لە بەرژەوەندی کوردستان و یەکێتیدا پرسەکان یەکلایی بکاتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای داخە، کارەکتەرەکانی ناو یەکێتی، یەکێتی وەکو دەزگایەکی سەرچاوەی داھات دەبینن نەک وەکو وەسیلە بۆ حوکمڕانی پێشکەوتو و خزمەتگوزار. تاوەکو حزب خاوەنی ئایدۆلۆژیا، دیسپلین، پڕۆژەو دەزگای موئەسەساتی نەبێت، ھەمیشە ناوەندی بڕیاری جیاوازی بۆ بەرژەوەندی شەخسی تێدا دروستدەبێت.


ئاوێنە:  وەك ئاشكرایە كۆنگرەی چوارەم سەركردایەتییەكی نوێی هێناوەتە پێشەوە بەتایبەتی لاهورو بافل، ئایا ئەم دوو سەركردە نوێیە ئامادەن دەسەڵاتەكانیان لەگەڵ سەركردە كۆنەكانی یەكێتی لەئەنجومەنی باڵاو بەرژەوەندی دابەش بكەن؟
جەواد سەعید: چەند ڕۆژێک پێش کۆنگرە، لەچاوپێکەوتنێکم لەگەڵ ئێوەدا، وتم لە کۆنگرەدا،کاک لاھور و کاک باڤڵ دەچنە ترۆپکی دەسەڵات، ھەروەھا مەترسییەکانیشم لەسەر ئایندەی یەکێتی و کوردستان باسکردبوو، وتبووم ئەم دوو بەڕێزە ھەوڵدەدەن " کش لە سەرکردە کۆنەکان بکەن". بەشێک لەم سەرکردایەتییە نۆێیانە، قۆناغەکانی گەشەی یەکێتییان نەبیبیوە، قوربانییان نەداوە لە واقیعدا بۆشیان گرنگ نییە کێ کردویەتی و کێ قوربانی داوە، ئەوان ھاتونەتە سەرحازرەکی، خەتەرەکەش لەوەدایە سیاسەت بە ھەڵچون و کاردانەوە دەزانن. لە ئێستاشدا دەسەڵاتی تەواویان ھەیە جا ئەگەر بە وریایی تەعامل نەکەن و حساب بۆ خەڵکیتر نەکەن، ئەوا بێگومان زەرەر دەکەن و حزبەکەشیان بەرەو ئاقارێکی نادیار دەبەن. ئەگەر قسە لەسەر واقیعی حزب لە کوردستان بکەین، بەداخەوە واقیعێکی تاڵە، پڕە لە بێ مەبدەئی، دزیوتاڵانی، یەکتر شکاندن، قۆرخکردنی ھەموو جومگەکانی سیاسەت و ژیان، بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگاو کوشتنی ھەموو جوانییەکان. بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا سەرکردە نوێیەکان دەیانەوی یەکێتی چاک بکەنەوە و بیخەنە سەر ڕێچکەیەکی تەندروست و بە پلان و پڕۆژەو خەڵکی دڵسۆزو پاک، یەکێتی بخەنە خزمەتی کۆمەڵگای کوردستان  یان دەیانەوێت بەتەواوەتی دەست بەسەر یەکێتیدا بگرن؟ بەداخەوە مێژووی ئەو چەند ساڵەی ڕابوردوو تەجروبەیەکی خاوێنمان پێناڵێت کە یەکێتی بەرەو کەنارێکی ئارام ببەن.


ئاوێنە:  ئەم سەرکردایەتییە تازەیە، پێیان وایە  نەوەی کۆن یەکێتییان بەم دەردەی ئێستا بردووە، نەوەی تازە یەکێتی ڕاستدەکاتەوە، ڕای تۆ چییە؟
جەواد سەعید: جارێ نیوەی زیاتر لەم سەرکردایەتییەی ئێستا کۆنەکانن و بەشێک بوینە لە دروستکردنی ئەم دۆخەی ئێستای یەکێتی، لە کۆنگرەشدا بەھۆی ناکۆکی باڵەکان و لیستولیستکاری دەرچون. گەرچی لە تازەکان، ھەندێکیان کەسی شارەزاو و دڵسۆزن بەڵام ڕۆڵیان پێنادرێت کاریگەری دروستبکەن. یەکێتی، دەردی زۆرەو جێی ساغی کەمە، حەکیمێکی زاناو دانای دەوێ دەستی لێبدات، ئیرادەو پلان و پڕۆژەی پێویستە، خەڵکی شارەزاو پاکو دڵسۆزی دەوێ بۆ جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەی نوێبونەوەی.  ئەگەر نییەتی نوێبونەوەو چاکسازی ھەبوایە، نابوایە خەڵکی گەندەڵ و ناشارەزا بھێندرێنە پێشەوە. ڕاستە کۆنەکان ڕێگایان خۆشکردو یەکێتییان توشی ئەم تاعونە کرد بەڵام ھەر نەوەکان بوون جلەوەکەیان ڕادەکێشاو ھەرچی ھەبوو دەستەگوڵی خۆیانیان لێدەدا، ئێستاش دەڵێن چاکی دەکەین! بە ئومێدم چاکی بکەن .


ئاوێنە:  ئایا كۆسرەت رەسوڵ بەم هاوكێشە نوێیەی ناو یەكێتی رازی دەبێت؟
جەواد سەعید: نازانم کاک کۆسرەت ڕازییە یان نا، ئەوە خۆی دەیزانێت، بەڵام ئەگەر ڕازیبێت ئەوا غەدر لەخۆی دەکات.


ئاوێنە:  وەك باس دەكرێت كۆسرەت رەسول ناڕازییە لەبڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، هۆكاری ناڕەزاییەكانی چییە؟
جەواد سەعید: ھەر بە تەنھا کاک کۆسرەت ناڕازی نییە بەڵکو ھاوڕێکانیشی لەم ئەنجومەنە ناڕازین. ھۆکاری ناڕەزاییەکان زۆرن، ھەروەکو باسمکرد واقیعی حزب لای ئێمە واقیعێکی تاڵە. ھەموومان دەزانین دۆخی خراپی یەکێتی تازە نییە. یەکێتی لەدوای ڕاپەڕینەوە ھەنگاوی ھەڵەو ناتەندروستی ناوە. ھێشتا ڕەوانشاد مامجەلام لەژیاند مابوو، یەکێتی بە کێشەکانییەوە دەیناڵاند، کێشەی لەسەر کێشە کەڵەکە دەکردو بێئەوەی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. ئەم کۆنگرەیەش، کۆنگرەی بەتاپۆکردنی یەکێتی بوو لەسەر نەوەکان. لە ئیستاشدا مادام حزب، حزبی موئەسەساتی نییە و  مەیلی بە موئەسەسەکردنیشی نییە و پشکپشکێنەیە، کەواتە بۆچی کاک کۆسرەت ڕازی بێت؟ خۆ ئەگەر ماندووبون و قوربانی پێوەری دابەشکردنی پشکەکان بن ئەوا ئەنجومەنی باڵا پشکی شێریان بەردەکەوێت. لە دوای نەخۆشکەوتنی روحشاد مامجەلام ، کاک کۆسرەت و بەشێک لە ھاوڕێکانی پێگەو دەسەڵاتیان بەھێزبوو، دەیانتوانی بەشێک لە جومگەکانی یەکێتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان ساغبکەنەوە بەڵام لەبەر ئیعتیباراتی سیاسی، حزبی نەیانکرد، ڕۆژێک لە کاک کۆسرەتیان پرسی ( مامجەلام نەخۆشە و وەزعی یەکێتی خراپە بۆچی ھەنگاوێکی جدی ناھاوێژن بۆ چاککردنی دۆخی ئێستای یەکێتی، ئەویش لە وەڵامدا ووتی: مامجەلام نەخۆشە، چۆن کارێک دەکەم ئازاری روحی بدەم، ھەرچی بیکەم دەچێتە خانەی پەراوێزخستنی ئەوەوە بۆیە شتی وا ناکەم)، کاک کۆسرەت ئەوەی نەکرد، دەسەڵاتەکانی خۆشی بەکارنەھێنا. بەڵام با چاوەڕوان بین و بزانین نەوەکان چۆنچۆنی ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھاوڕێکانی مامجەلام دەکەن و یەکێتی بەرەو کوێ دەبەن؟


ئاوێنە:  پێتوانییە بەشێک لەناڕەزایی کۆسرەت رەسوڵ لەسەر ئەوەیە کە کوڕەكانی پۆست‌و پێگەی بەهێزیان هەبێت؟
جەواد سەعید: لە کوردستان حزب کەوتۆتە دەستی نەوەکان و بویتە کەلتوری حزبایەتی. کەواتە بۆچی نەوەی ئەوانیتر پۆست و پێگەیان ھەبێت، نەوەی کاک کۆسرەت  نەیبێت. ھەر ھیچ نەبێت نەوەی کاک کۆسرەت لە شاخ گەورە بوون و گەرما و سەرمایان چێشتووە. خۆم تا سەر ئێسقان دژی تەوریسی سیاسی یەکێتیم چونکە بەبنەماڵەکردنی حزب بۆ ھەموو حزبێکیتر گونجاو بوبێت ئەوا بۆ یەکێتی گونجاو نییە. یەکێتی بە ھەزاران شەھیدی لە پێناو کوردستان، زوڵم و ناعەدالەتی و تەنانەت دژایەتی بنەماڵە بەخشیوە، لە شاخ کۆبونەوە نەبوو باسی مەترسییەکانی حزبی بنەماڵەمان بۆ نەکەن، کەچی ئێستا سەرچۆپی حزبی بنەماڵە لای یەکێتییە!


ئاوێنە:  بەبڕوای تۆ لایەنە باش‌و خراپەكانی سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ یەكێتی چی دەبێت؟
جەواد سەعید: ھاوسەرۆکی بۆ واقیعی ئێستای یەکێتی ناگونجێت،  ئەو سیستەمەی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو دوو کەسەیە نەک فۆرمی ئیدارەدانی یەکێتی، لایەنی باشەی لە کوێدایە؟ بەتایبەتی کە دوو کەس لە یەک بنەماڵە دەسەڵاتی تەواویان ھەبێت. بەبڕوای من، یەکێتی، دەبوو بیری لە دەستیەکی یازدە کەسی بکردابایەتەوە و سەرۆکێکی ھەبوایە، ھەموو مەلەفەکانی حزب بۆ بەڕێوەبردن بەسەر دە کەسەکەیتر دابەشبکرایە، ھەر مەلەفە و کەسێکی پسپۆڕ و پاک و دڵسۆزی بە ھەڵبژاردن بۆ دیاری بکرایە.


ئاوێنە:  ئایا لاهورو بافل دەتوانن ناكۆكیەكانیان تا كەی بشارنەوە كە هەر یەكەو بەتەنها دەیەوێت ببێتە خاوەنی یەكێتی؟
جەواد سەعید: بە گشتی، ناکۆکییەکانی نێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی حزبی کوردی لەسەر پارەو دەسەڵاتە و فکر و پڕۆژەی گەشەکردن تێدا غائیبە بۆیە ململانێکان تاسەر ناشاردرێنەوە. لەڕاستیدا زۆر لە ھەڵپەو ئارەزوەکانی نەوەکان دەترسم، دوور نییە کوردستان دووچاری گرفتی گەورەتر بکەنەوەو چارەنوسی حزبەکانیان  بەرەو ڕێگایەکی داخراو ببەن. خۆم ئومێد دەکەم بەدەستەجەمعی ھەنگاوی جدی بنێن و بیرێکی وردو حەکیمانە لە خۆیان و حزبەکەیان بکەنەوە.

ئاوێنە:  جگە لەبونی باڵ و جەمسەر لەسەر بنەمای كەسایەتی، پێتوانییە ناوچەگەریش فاكتەرێكی دیكەی پەرتەوازە بونی یەكیتییە بەتایبەتی كە كەركوكییەكان پێداگری لەسەر پشكی خۆیان لەهاوسەرۆكایەتیدا دەكەن؟
جەواد سەعید: بێگومان، ناوچەگەری کاریگەری خراپی لەسەر جەستەی یەکێتیدا داناوە، ھەر گروپەو دەیەوێت دەستبەسەر دەسەڵات و ئابوری ناوچەکەی خۆیدا بگرێت، ئەوەش ڕێگا خۆشدەکات بۆ زیاتر قولبوونەوەی ناکۆکییەکان و بەریەککەوتنی زیاتر. کەرکوکییەکانیش بیانویان ھەیە و دەڵێن بۆچی بۆ ھەندێک ناوچەگەریەتی ڕەوایە و بۆ ئێمە ڕەوا نەبێت!


ئاوێنە:  بەبڕوای تۆ لەئەنجامی ئەم گۆڕانكاری‌و بڕیارانەی سەركردایەتی یەكێتیدا بەرهەم ساڵح یەكێك لەدۆڕاوە سەرەكیەكان نییە؟
جەواد سەعید: کاک بەرھەم ئەوکاتە دۆڕاندی کە حزبێکی دروستکردو بۆ پۆست گەڕایەوە ناو یەکێتی.  پێش ئەوەی بگەڕێتەوە پێمانوت گەر بگەڕێیەوە ئەوا کۆتایی بەژیانی سیاسی خۆت دەھێنی بەڵام گوێی لێنەگرتین و داھاتوی سیاسی خۆی و حزبەکەی لە گۆمێ کرد. کارێکی کرد لە مێژووی سیاسی و حزبایەتی دنیادا ڕووینەدابوو.


ب ئاوێنە:  بەبڕوای تۆ لەسایەی ئەم سەركردایەتییە نوێیەدا یەكێتی بەرەو كوێ‌ ئاڕاستە دەكرێت؟
جەواد سەعید: پەنجاو شەش ساڵە ناکۆکییە مێژوویەکان کاڵ نەبونەتەوە، لەوکاتەوە کۆمەڵگای کوردستان بەدەست لێککەوتەکانییەوە دەناڵێنێت. پێموایە لەسایەی بەشێک لەو سەرکردایەتییە نوێیەدا، ناکۆکییە مێژوویەکان بە فۆڕمێکیتر نوێ دەبێتەوە، بەمەش کوردستان دەگەڕێتەوە قۆناغی دەوڵەتی شەڕ (State of war) ئەگەرچی بوچونێک ھەیە، پێیوایە مادام بەرژەوەندییەکان تێکھەڵکێشن، گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو ئەگەرێکی لاوازە. بەڵام لەبەرئەوەی دوو ناوچەی جیاواز ھەیە و ھەر ناوچەش ئابوری سەربەخۆی خۆی ھەیە، دوو حوکمڕانی جیاواز ھەیە، دوو ھێزی جیاواز ھەیە، لێکترازان ئەگەرێکی بەھێزە. ھیوادارم ھەڵەبم.

جەواد سەعید

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×