گەشبینیەکان لەبارەی کۆرۆناوە
  2020-04-11       2422       

د. ئارام گەڵاڵی 
پرۆفیسۆری یاریدەدەرلە زانکۆی پزیشکی هارڤارد لە ئەمریکا


بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەن (WHO) ەوە بە (Pandemic) درمێکی جیهانی لەقەڵەمدراوە؛ واتە نەخۆشی و درمێکە کە لە زۆربەی وڵاتەکاندا بڵاوبۆتەوە و بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە. ئێستا ئێمە لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەم ڤایرۆسەدا دەژین، کە زۆربەی میدیا و کاربەدەستان لە جیهاندا پێوەی سەرقاڵن. بەڵام باشتر وایە خۆمان لە دڵەڕاوکێ بپارێزین و کۆمەڵێک خاڵی گەشبینی لەبەرچاو بگرین بۆ نموونە:


لە ڕوی زانستیەوە:
لە ساڵی ١٩١٨ دا ئەنفلۆنزای ئیسپانی (Spanish Flu) بڵاوبویەوە، کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی گۆی زەوی توش کرد؛ ٥٠ ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، کە زۆربەیان منداڵ و گەنج بوون. بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ەوە بڵاوبۆتەوە، ١.٦ ملیۆن کەس توشی بوون (کە ٠.٠٢ دانیشتوانی گۆی زەوی پێکدەهێنن) و ١٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زیاتر ئەوانەن تەمەنیا سەروو ٧٥ ساڵە و نەخۆشیەکانی شەکرە و فشاری خوێن و تەنگەنەفەسی و کێشەی سنگ و هەناسەدانیان هەیە.
ئەنفلوەنزای ئیسپانی لە ساڵی ١٩٩٩ دا (واتە دوای ٨١ ساڵ) دوو زانا بە ناوەکانی جۆهان هۆڵتن  (Johan Hultin) و جێفری تاوبنبێرگەر (Jeffery Taubenberger) کۆد و سیکوێنسی ڤایرۆسەکەیان دۆزیەوە، کە پێویستن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین و دەرمان بۆی.  بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای ١٠ ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی یەکەم حاڵەت لە چین، ناو و کۆد و سیکوێنسی ڤایرۆسەکە دۆزرایەوە، ئەمەش کاری دۆزینەوەی ڤاکسین و چارەسەر ئاساندەکات. هەروەها زوو پشکنین دۆزرایەوە بۆ دەستینشانکردنی نەخۆشەکان و جیاکردنەوە و چارەسەرکردنیان. هەروەها خۆپاراستن ئاسانە بەرامبەری چونکە بە دەستشتن ڤایرۆسەکە لەناودەچێت.
هیچ نەخۆشیەک نیە هێندە کۆدەنگی لەسەر بوبێت و لە هەموو لایەکەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ درابێت. زانا و زانکۆی زۆربەی دەوڵەتە پێشکەوتوەکان کاری لەسەر دەکەن. تا ئێستا زیاد لە ١٠ ڤاکسین کەوتۆتە ئەوەی تاقیبکرێنەوە لە ئەمریکا و ئوستورالیا و چین. هەروەها هەندێک دەرمانی چارەسەریش چونەتە قۆناغی تاقیکردنەوەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کاریەگەری لاوەکی سلبی نیە.


لە ڕوی ژینگەییەوە:
بەهۆی کەمبونەوەی جموجۆڵی ئۆتۆمبێل و کارگەکان لە جیهاندا ژینگە زۆر بە خێراتر پاکبۆتەوە وەک لەوەی وڵاتە زلهێز و پێشکەوتوەکان پێشبینیان دەکرد. ئەمەش وایلێکردون کە بیربکەنەوە بۆ لەمەودوا پاکی ژینگەی زەوی ڕابگرن. هەروەها ژمارەی زۆربەی ئاژەڵەکانیش زیادیان کردوە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕاو و پاکبونەوەی ژینەگەوە.


لە ڕوی کۆمەڵایەتیەوە:
کۆرۆنا هەستی یەکسانی دا بە جیهان. دەوڵەمەند و هەژار و خاوەن دەسەڵات و بێدەسەڵات وەک یەک لەبەردەم ئەم نەخۆشیەدا یەکسانن. چەندین سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمان و پەرلەمانتار لە جیهاندا توشی کۆرۆنا بوون. هەروەها هەستی یارمەتیدان و هاریکاری و خۆشەویستی لە ناو خەلکدا بڵاوکردۆتەوە.
هەروەها کۆرۆنا وایکرد دەوڵەتان بە یاساکانی کرێکاراندا بچنەوە و ئەوانەی کەمئەندامن یان لە بەر هۆیەکی دیاریکراو توانای چون بۆ شوێنی کاریان نیە، ڕێگەیان پێبدرێت لە ماڵەکانی خۆیانەوە کارەکانیان جێبەجێبکەن، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە موچە و خۆشگوزەرانی. تەنانەت دەوڵەتە سەرمایەدارەکان ئێستا زیاتر بایەخ بە مەسەلەی سۆشیالیزم دەدەن و لە گفتوگۆی ئەوەدان کە چینی هەژار مافی زیاتری هەبێت.


لە ڕوی سیاسیەوە:
دەوڵەتان ئێستا لە جاران زیاتر هاوکاری یەک دەکەن. بۆ نمونە، چین یارمەتی دەوڵەتەکانی تر دەدات، چونکە تێگەیشتون چین بە تەنها تەندروست بێت سودی نیە ئەگەر دراوسێکانی تەندروست نەبن.
هەروەها زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەولەویاتەکانیان بگۆڕن، بودجەی سەربازی کەمبکەنەوە و بودجەیەکی زیاتر بۆ توێژینەوەی زانستی و پزیشکی تەرخانبکەن. پێدەچێت لەمەودوا فۆکەسی ئەمریکا وەک جاران لەسەر مەسەلەی تیرۆر نەمێنێت و زیاتر بایخ بە تەندروستی گشتی و توێژینەوەی زانستی بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×