"نیوەڕۆیەکی گەرم دەستی هەردو مناڵەکەم گرت‌و لەماڵەوە هەڵهاتم"
  2019-03-27       3965       

ژینۆ خەلیل



ئەژین لەتەمەنى 12 ساڵیدا بەزۆر لەپیاوێک مارەدەکرێت کە نەخۆشی و گرفتی دەرونیی دەبێت. ژیانێکى سەختى لەگەڵدا دەگوزەرێنێت، وەک خۆى دەڵێت بەردەوام لێى دەداو و دەیچەوساندەوە. "تەمەنم نۆ مانگ بو دایک و باوکم لێک جیابونەوە. دایکم شوى کردەوەو باوکیشم ژنى هێنایەوە، من لەگەڵ باوک وباوەژنم دەژیام. باوەژنم زۆر لەگەڵ خراپ بو، نەیهێشت بچمە قوتابخانە و بخوێنم بۆیە ئێستا نەخوێندەوارم. لە تەمەنی 12 ساڵیدا لەژێر پاڵەپەستۆی باوەژنمدا، باوکم منی لە کەسێکی بەتەمەن مارەکرد"
ئەژین بێئاگا دەبێت کەباوکی لای مەلایەک لەو پیاوەی مارە دەکات، دواى چوار مانگیش گواستنەوەی بۆ لای مێردەکەی ناسنامەی باری کەسێتییەکەی دەگۆڕن وتەمەنی گەورە دەکەنەوە. لەم ڕێگەیەوە لە دادگاش مارەی دەبڕن ولە ڕوی یاساییشەوە دەبێتە خێزانی پیاوێک وەک دەیگێڕێتەوە نەخۆشی دەرونیی دەبێت.
ئەژین لە گێڕانەوەکیدا دەڵێت، "مێردەکەم نەخۆشى دەرونى هەبو، پێی ئەووتم کە باوکم بەزۆر منی توشی ئەو کرد، بەردەوام لەژورێکدا بەندى ئەکردم، هەمو ڕۆژێک بەچەقۆ لێی ئەدام و بەکارەبا ئازاری ئەدام، شوێنی ئەو زنجیرانەی بە پشتیا ئەکێشام تا ئێستاش ماون و بەردەوام ئازارم هەیە. 
ئاسەواری لێدان بە جەستەى ئەژین-ەوە ماوە کە چۆن مێردەکەى ئەشکەنجەى دابو. توندوتیژی و لێدان لەسنوری دەسەڵاتی مێردەکەیدا ناوەستێت و لە ڕوبەرێکی کۆمەڵایەتی فراوانتردا، کەسوکارى پیاوەکەش توندوتیژ دەبن بەرامبەرى و ئازاری دەدەن. ماڵى خەسوی بەردەوام لێی ئەدەن و سوکایەتی پێئەکەن. 
"چەندین جار براى مێردەکەم هەوڵى دەدا دەستدرێژى سێکسیم بکاتە سەر بەڵام من ڕێگەم پێنەدەداو دەموت ئەگەر لێم نزیک بیتەوە ئەوا هاوار ئەکەم و خەڵکت لەسەر کۆئەکەمەوە. ڕۆژێک مێردەکەم و خەزورم لەم دەستدرێژییە ئاگادارکردەوە کەچى منیان بەدرۆ خستەوەو پێیان وابو بوختان بۆکوڕەکەیان ئەکەم. مێردەکەم لەسەر ئەوە زۆرى لێدام. 
ئەژین دەبێت دایکی دو مناڵ، بەڵام مێردەکەی جگە لەوەی کار ناکات و خەرجى خۆی و مناڵەکانی ناداتێ، ڕێگەشى لێدەگریت کار بکات. چەندین جار حیکایەتەکەی بۆ بەباوکی مامەکانی دەگیڕێتەوەو پێیان ئەڵێت کە مێردەکەی ئازاری دەدات و خراپە لەگەڵیدا. داوای ئەوەدەکات  لێی جیابێتەوە، بەڵام ڕێگەی پێنادەن. تەڵاقدانی کچەکەیان بەلای ئەوانەوە وەک ئەژین ئەیگێڕێتەوە، "عەیبەیەو بەلای ئەوانەوە حەیا چونە"، بۆیە بەردەوام هەوڵى ڕاکردن ودەدات. 
جارێک، درەنگانێکی شەوهەوڵی ڕاکردن دەدات و لەماڵ ئەچێتە دەرەوە، بەڵام زۆر تاریک دەبێت و دەترسێت، ئیتر ئەگەڕێتەوە ماڵەوە. نیوەڕوانێکى گەرم دواى ئەوەى مێردەکەى زۆرى لێدەدات و ئازاری دەدات، دەستى هەردومناڵەکەى دەگرێت و دەچێتە بەڕێوبەرایەتى مافى مرۆڤ و داوای پاراستنی ژیانی دەکات. هەر هەمان ڕۆژ سکاڵا لەسەر مێردەکەى تۆمار دەکات. لەم بارەیەوە ئەڵێت، "ماوەى دو ڕۆژ لەشێڵتەرى گەرمیان مامەوە، دوای سکاڵاکەم، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ مێردەکەیان دەستگیر کردم و پاشان ئازاد کرا". 
خەبات ڕەشید ئەحمەد، بەڕێوبەرى نوسینگەى مافى مرۆڤى گەرمیان، دەربارەى ئەم پرسە ئاماژە بۆ یاساى ژمارە 4ى ساڵى 2010 دەکات کە نەخشە ڕێگایە بۆهەر سکاڵایەک یان هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر ژنان و بەڕێوەبەرایەتیەکەش بەپێی ئەم نەخشە ڕێگەیە رێوشوينی بۆ دەگرنە بەر. لەم بارەیەوە ئەڵێت، "ئێمە ڕێگەچارەی خۆمان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئەو ژنانەى کە لە مێردەکانیان جیا دەبنەوە، پارێزەری خۆبەخشمان هەیە و لەڕێگەیانەوە دەتوانین دوای جیابونەوە مافە یاساییەکانیان بۆوەربگرینەوە".
خەبات ڕەشید ئاماژەى بەوەکرد کەحاڵەتى هاوشێوەى ئەژین لەگەرمیان هەیە، ئەو ژنانەیان ناردۆتە شێڵتەرو لەڕێگەى بەڕێوبەرایەتى توندوتیژى خێزانییەوە کێشەکانیان بۆچارەسەر کراون یان نێردراونەتە شێڵتەرى داڵدەدان لەپارێزگاى سلێمانى. لەبارەی کەیسکەی ئەژین-ەوە ئەڵێت، " ئەمە یەکەم حاڵەتە ئافرەتێک بۆماوەیەکى درێژ لەسنورى گەرمیان چوبێتە دەرەوەو هەڵهاتبێت". ناوبراو بەگرنگى ئەزانێت ئەو 72 کاتژمێرەى دانراوە بۆشێڵتەر لە گەرمیان درێژبکرێتەوەو بێئەوەی پێویستیان بەدامو دەزگاکانى شارى سلێمانى بێت، بتوانن لەوماوەیەدا کێشەکان چارەسەر بکەن و پێویست بەناردن بۆ سلێمانی نەکات.

ئەژین، هیچ شوێنێکی نەبو لێى بمێنێتەوە، هەردو مناڵەکەی دەباتە لای دایکی و بەرەو سلێمانى هەڵدێت، چونکە دەترسام کەسوکاری مێردەکەی بەزۆر بیگێڕنەوە. لە سلێمانی لە کافتریایەک دەستدەکات بە ئیشکردن، خاوەن کافتریاکە کە کچێک دەبێت، هاوکارى دەکات و لەماڵەکەى خۆیدا جێگەی دەکاتەوە. دوای ئەوەی کەسوکارەکەی شوێنى ئیشەکەى دەدۆزنەوە، لەڕێگەی پارەو هەوڵی کوشتنی ئەدەن، بەڵام هەر ئەو کەسەی بۆ کوشتنەکەی دانراوە لەوە ئاگاداری ئەکاتەوە کە دەیانەوێت بیکوژن. 
نزیکەی ٦ ساڵە ئەژین دورە لە مناڵەکانی و بەو هۆیەوە توشی گرفتی لەبیرچونەوە بوە، بەردەوام هاوار ئەکات و بۆ مناڵەکانى دەگری. "هەندێ جار ئەچم لەدورەوە سەیرى ماڵى باپیرم و ماڵى مێردەکەم دەکەم و چاوەڕێ ئەکەم مناڵەکانم بێنە دەرەوە تا لەدوریشەوە بێت بیانبینم، لەو ماوەیەدا یەک جار شانسم هەبو، بەڵام تەنیا کچەکەم بینى، جارەکانی تر بەنائومێدى دەگەڕامەوەو مناڵەکانم نەدەبینى".
چالاکوانێکى بوارى ژنان هۆکارى هەڵاتنى ژنان دواى جیابونەوە دەگێڕێتەوە بۆئەوەى کە ئەوان دواى جیابونەوە، خێزان و کۆمەڵگە قبوڵیان ناکەنەوەو بەچاوێکى خراپ سەیر ئەکرێن، جگە لەوەی توندوتیژیی وەک کردەیەکی ئاسایی تەماشا دەکرێت. 
ڤیان سابر، چالاکوانى بوارى ژنان لەم بارەیەوە دەڵێت " کاتێک ژن داب ونەریت ئەشکێنێت، خێزان و کۆمەڵگا وەرى ناگرنەوە، ئەرکى حکومەتە ئەو ژنانە بپارێزێت و شێڵتەریان بۆدابین بکات، هەروەها بیانکات بەخاوەن داهاتى سەربەخۆى خۆیان". ڤیان سابر بەپێویستى دەزانێت حکومەت یاسایەک دابنێت بۆپاراستنى ژنان تا دوای جیابونەوە بتوانن بەتەنها بژین. 
ئەو پێی وایە ڕێکخراوەکانى ژنان نەیانتوانیوە شوێنێک بۆئەو ژنانە دابین بکەن کەخێزانەکانیان دواى جیابونەوە قبوڵیان ناکەنەوە. ڕێکخراوەکان بەڕای ئەو تەنها توانیویانە لەڕێگەى کۆڕو سیمینارەوە خەڵک هۆشیار بکەنەوە لە ناساندنى مافەکانى ژنان.
ئەژین و ئەو ژنانەی لە شوێنی کارەکەی ناسیونی لەدەستى توندوتیژی هەڵهاتون یان جیابونەتەوەوەو بێ کەسن، زۆرجار لە شوێنی کاریشدا توشی گێچەڵی سێکسی ئەبنەوە. ئەمە وایلێدەکات شوێنى کارەکەى بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە لاى هاوڕێیەکى کچى لەشارێکى ترى کوردستان. لەوێ خانویەک بۆخۆى بەکرێ دەگرێت و بۆپەیداکردنى بژێوى ژیانى کارى دورمان و ئارایشتى ئافرەتان دەکات. 
ئەژین داوادەکات لایەنى بەرپرس یارمەتى بدەن بۆ وەرگرتنی کیتابی جیابونەوەو مافی گەڕاندنەوەی مناڵەکانی. وتەبێژى بەڕێوبەرایەتى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى ئافرەتان لە گەرمیان فریاد هیدایەت سابر لەم بارەیەوە ئەڵێت، "هەر ئافرەتێک بێتە نوسینگەکەى ئێمەو بیەوێت سکاڵا تۆمار بکات پەڕاوى لێکۆڵینەوەى بۆدەکرێتەوە، ئەگەر کەسەکە بەپێى بڕیارى دادوەر مەترسى و هەڕەشە لەسەر ژیانی هەبێت ئەوا ئێمە لەشێڵتەرى داڵدەدان دەیپارێزین تاوەکو کێشەکەى یەکلا دەبێتەوە. ئەگەر بزانین هەر ئافرەتێک لەدەرەوەى شێڵتەر ژیانى پارێزراو دەبێت ئەوا ڕێگەی پێدەدەین لە دەرەوە بژیت". 
جێگەی ئاماژەیە کە لە ناو شێڵتەرەکاندا ئازادیی ژنان سنوردار دەکرێت وەک بەکارهێنانی مۆبایل و سەردان و چونەدەرەوە، بۆیە بەشێک لەژنان نایانەوێ لەشێڵتەرەکانى داڵدەدان بمێننەوە. فریاد هیدایەت لەو بارەیەوە ئەڵێت، "هیچ شوێنیک وەکو ماڵى خۆت ئارام نییە، ڕاستە لەشێڵتەرەکان ئافرەتان بۆیان نیە بەویستى خۆیان هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام ئەوە لەپێناو پاراستنى گیانى ئەواندایە لەدەستدرێژىی کەسوکاریان. دواجار ئەمانە ئەبنە هەڕەشە لەسەر ژیانى ئەو ژنانەو کارمەندانى شێڵتەرەکانیش بەکەمتەرخەم لەقەڵەم دەدرێن کەناتوانن سەلامەتىیان بپارێزن".


نوسەر دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێخراوی “Internews” لەسەر "شێوازی نوسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری" ئەم چیرۆکەی لەسەر پرسی  بەزۆر و زوو بەشودان نوسیوە. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×