2020-06-09   3741     
ئا: سەڵاح سالار
1
زانایه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ئیسلامی. ڕێبه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندییه له هه‌موو كوردستاندا. له‌سه‌ر ئاستی جیهان وه‌كو كه‌سایه‌تیی ناسراوه. خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی زانستی شه‌رعییه.
2
ناوی خالیدی كوڕی ئه‌حمه‌دی كوڕی حسێنه. له‌عه‌شیره‌تی میكایه‌ڵییه له هۆزی گه‌وره‌ی جاف. ساڵی 1779 له شارۆچكه‌ی قه‌ره‌داغ له‌دایكبووه.
3
له‌شاری سلێمانی ده‌ستی به‌خوێندن كردووه، لای زۆرێك له‌زانا هه‌ڵكه‌وتووه‌كان خوێندوویه‌تی، ئه‌و زانایانه‌ی ده‌رسیان پێگوتووه ژماره‌یان زۆره، ته‌نیا ناوی ئه‌م زانایانه زانراوه:
سه‌ید عه‌بدولكه‌ریمی به‌رزنجی (كاسه‌وكه‌وچك)، سه‌ید عه‌بدولڕه‌حیمی به‌رزنجی، مه‌لا عه‌بدوڵای خه‌رپانی، مه‌لا ئیبراهیمی بیاره‌یی، مه‌لا جه‌لالی خورماڵی. مه‌لا ساڵحی ته‌ڕه‌ماری، مه‌لا عه‌بدولڕه‌حیمی زیاره‌تی، مه‌لا محه‌مه‌دی باڵه‌ك، ناسراو به ئیبنو ئاده‌م، شێخ محه‌مه‌دی قه‌سیمی سنه‌یی له شاری سنه، كه بڕوانامه‌ی زانستی لای ئه‌و وه‌رگرتووه.
4
له‌مزگه‌وتی عه‌زیز ئاغا له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانی، كاری پێشنوێژی بۆ یه‌كه‌مجار له‌وێوه ده‌سپێده‌كات، دواتر ده‌چێته مزگه‌وتی عه‌بدولڕحمان پاشای بابان، كه ئێستا ناسراوه به‌مزگه‌وتی شێخ بابا عه‌لی.
5
ساڵی 1220ی كۆچی سه‌فه‌ری حه‌جكردن ده‌كات، له‌و گه‌شته‌دا چاوی به‌زۆر زانای گه‌وره ده‌كه‌وێت، ئاره‌زووی خوێندنی زیاتر‌و به‌رزتر ده‌كات، بۆیه له‌وێوه سه‌ردانی هیندستان ده‌كات.
6
لای شێخ عه‌بدوڵای دیهله‌وی له هیندستان ده‌خوێنێت، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی وه‌رده‌گرێت، زۆرێك له‌شاره گه‌وره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دیوه، له گه‌ڕانه‌وه‌یدا ده‌چێته شاری سنه.
7
ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی ده‌هێنێته‌وه بۆ كوردستان، مامۆستاكه‌ی خۆی له‌سنه ده‌بێته خه‌لیفه‌ی ئه‌م، له‌سلێمانی خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌بنه شوێنكه‌وتووی.
8
شێخ مارفی نوێ و موریدانی ته‌ریقه‌تی قادری، دژیه‌تییه‌كی زۆری ده‌كه‌ن تا هه‌وڵی كوشتنیش، ئیتر كوردستان به‌جێده‌هێڵێت و ده‌چێته به‌غدا.
9
مه‌حموود پاشای كوڕی عه‌بدولڕه‌حمان پاشای بابان، ده‌زانێت پێگه‌یه‌كی به‌رزی هه‌یه ده‌یهێنێته‌وه سلێمانی، مزگه‌وتی خانه‌قای مه‌ولاناخالیدی بۆ دروست ده‌كات، به‌ڵام دووباره له‌سلێمانی ده‌ریده‌په‌ڕێننه‌وه.
10
له‌به‌ره‌به‌یانی 25ی تشرینی یه‌كه‌می 1820 به ناچاری، به‌نهێنی شاری سلێمانی به‌یه‌كجاریی به‌جێده‌هێڵێت، ده‌چێته به‌غدا و پاشان له‌وێشه‌وه ڕوو ده‌كاته شام. له‌شام ناوبانگی به‌جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه.
11
مه‌ولانا خالید‌و ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی زۆر دژایه‌تی كراوه، سه‌له‌فییه‌كان، قادرییه‌كان و عوسمانییه‌كان دژی بوون. ئێواره‌ی ڕۆژی 7ی حوزه‌یرانی 1827 له شام، به‌نه‌خۆشی تاعوون كۆچی دوایی ده‌كات.