2019-04-04   1121     
ئا: ئاڤان فارس
كچان‌و ژنان هەمیشە نیگەرانن لەکاتی رودانی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا یاسا‌و دادگا وەک پێویست نایانپارێزێو لەسوڵحی عەشائیریددا دەكرێن بەقوربانیو مافەکانیان پێشێل دەکرێ، پارێزەرێک دەڵێت "لەکۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان هێندەی بڕیار‌و قسەی خێڵ رۆڵ دەبینێت، هێندە قانون ڕۆڵ نابینێت".
نەسرین محەمەدی تەمەن 28 ساڵ، پاش ئەوەی هاوسەرەكەی چەندینجار تونوتیژیی جەستەیی‌و دەرونی بەكارهێناو ماوەیەكی زۆر لەسەر خواستی كەسوكارەكەی بەرگەی زۆر سوكایەتی گرت، سەرەنجام هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نەما پەنابردنە بەر داگا نەبێت، ئەو وتی "به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و توندوتیژییه‌ی له‌نێو خێزانه‌كه‌م بینیم لهدادگهش رووبهروم بوەوە، بۆیه به‌ناچاری كێشەكەم له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگا بەجیابونەوە له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند پیاوێك بەسوڵحی عەشایریی كۆتاییهات".
لەكوردستان تا ئێستاش بەشێك لەكێشە ئاڵۆزە كۆمەڵایەتییەكان بەسوڵحی عەشائیری چارەسەر دەكرێن لەبری ئەوەی بڕیاری دادگا یەكلایان بكاتەوە، لەبەشێك لەم سوڵحانەدا مافی كچان‌و ژنان پێشێل دەكرێ، لەبەرئەوەی نەریتو بەها باوەكانی كۆمەڵگە باڵادەستی نێرینەیان پیرۆز كردوەو یاساش وەك پێویست ژن ناپارێزێت.
شێخ بارام، لەدیوەخانە گەورەو پڕ لەقەنەفەكەیدا كە دیوارەكانی بەوێنەی رەشو سپی‌و رەنگاورەنگ رازابونەوە، بەدەم چاخواردنەوەو یاریكردن بەدەنكی تەزبیحەكەیەوە شانازی دەكرد بەوەی تا ئێستا چەندین كێشەی ئاڵۆزی بەسوڵحی عەشائیری چارەسەر كردوە كە دادگا‌و یاسا بۆیان چارەسەر نەكراوە، ئەو وتی "زۆرجار دادگا ناتوانێت ئەم كێشانە یەكلایی بكاتەوە، لەبەرئەوە خاوەن كێشەكان خۆیان پەنا بۆ دیوەخانی خەڵكی وەك ئێمەو مانان دەهێنن".
شێخ بارام، كە كەسایەتییەكی ناسراوی یەكێك لەعەشیرەتەكانی هەولێرە، هەر چەند رۆژ جارێك دیوەخانەكەی جمەی دێت لەو كەسانەی بۆ سوڵح كردن رویتێدەكەن، ئەو وتی "كێشه‌ی كوشتنی ژنان به‌ناڕه‌وا چاره‌سه‌ر ناكەین، بەڵكو زیاتر كێشەی جیابوونه‌وه یان ناكۆكی دوو بنه‌ماڵه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی نێوان كوڕ‌و كچێك‌و كێشەی ئەو كچانە سوڵح دەكەین بەمنداڵی مارە بڕاون".
وتیشی "ئێمە هیچ كاتێك دهستوهرنادەینه كاروباری دادگا، خه‌ڵك خۆی په‌نا بۆ ئێمه دەهێنێت، چونكە زۆر كات دادگا به‌هۆی رۆتینیاتهوه كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات، بەڵام ئێمه چاره‌سه‌ری په‌له‌یان بۆ دەدۆزینەوە".
كچان‌و ژنان هەمیشە نیگەرانن لەوەی لەم چارەسەرە بەپەلانەدا كە سوڵحی عەشائیری پیاوەكانە ئەوان دەكرێن بەقوربانی، لەبەر ئەوەی حكومەتو یاسا ئەركی دەستەبەركردنی پاراستنی هاوڵاتیانی بەبی جیاكاری رەگەزیی دەستەبەرنەكردوە، بەها كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگەو ئایین‌و خێزانیش هەموویان خراوەنتە خزمەتی نێرەوە. ژن سوكایەتی پیچدەكرێت لەماڵی باوك، لەماڵی هاوسەر، لەشوێنی كار، لەقوتابخانەو لەشەقامو لەدیوەخانو لەبەردەم حكومەتو دادگاشدا.
پارێزه‌ر ئارش فازل، چارەسەر كردنی كێشەی ژنان بەسوڵحی عەشائیریی بەنهریتێكی مه‌ترسیدار ناودەبات، ئەو پێیوایە یەكلایكردنەوەی كێشەی ژنان له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگا دەبێتە هۆی ئەوەی سه‌رجه‌م مافه‌كانی بفه‌وتێت، ئەو وتی "لەکۆمەڵگەی ئێمەدا هێندەی بڕیار‌و قسە نەریتییە خێڵەکییەکان رۆڵی خۆیان دەبینن، هێندە قانون ڕۆڵ نابینێت، بۆیە بەئاسانی مافەكانی ژن‌و منداڵ پێشێل دەكرێن".
ئەم پارێزەرە ئاماژە بەوە دەكات كەیسەكانی ژنان لەدوو ڕێگەوە دەبێتە هۆی مافخورانی ژنان، یەكەمیان پێش چوونە دادگایە بێ ئەوەی لایەنی جیبەجێکاری قانونی پێیبزانێت، کەسوکاری کەیسەکە یەکلادەکەنەوە، تەنانەت هەندێکجار بەکۆتایی پێهێنانی ژیانی ژنانیش بێت. دوەمیشیان ئەوەیە كە کاتێک كەیسی ژنەكان دەچێتە دادگا‌و کەسوكارەكەی لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزو دەسەڵاتی عەشائیرییو یان گوشار بۆهێنانی لێپرسراوی سیاسی یان دادوەریی ئەنجامی دۆسیەکە بەو لایەدا دەبەن کە خۆیان مەبەستیانە.
ئارش وتی "زۆربەی کات ژنان و کچان بەهۆی ئەوەی لەژێر هەڕەشەدان نا‌وێرن ڕووبکەنە یاسا‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا‌و داواکردنی ماف‌و ئازادییەکانیان".
وتیشی "زۆر کات كژو ژن هەن لەماڵەوە زیندانی دەکرین تاوەکو دەنگیان بەدەرەوە نەگات‌و کەس ئاگاداری کێشەکەیان نەبێت، ئەمەش وا دەکات کەیسەکانیان پەردە پۆش بکرێن‌و بەكۆیلایەتی بژین یاخود دەکوژرێن‌و دواتریش بکوژەكانیان دیار نییە".
دەستەبەرنەكردنی ئارامی بۆ ژنان پەیوەندی بەئیرادەی سیاسی‌و هوشیاری كۆمەڵگەوە هەیەنم حكومەت بەئەركی دابین كردنی پاراستنی تەواو بۆ هاوڵاتیەكانی هەڵنەستاوە بەبێ رەچوكردنی رەگەزیان لەبەرئەوە بەشدارە لەپێشێلكارییەكانی مافی ژنان. لەكوردستاندا دەنگ بەرز كردنەوەی ژنان بەرامبەر ئەو پێشێلكاری‌و توندوتیژانەی بەچەندین شێوازی جیاواز روبەروی دەبێتەوە، هێشتا نەبوە بەدیاردەیەكی كۆمەلایەتیو بەیاساش پشتگیریی تەواو ناكرێت، لەبەرئەوەی تا ئێستاش مەسەلەكانی ژنان لەپەراوێزی مەسەلەكانی كۆمەڵگەدانو تەنها وەك كێشەی ژنان مامەڵەیان لەگەڵا دەكرێ نەك وەك كێشەی هەمو كۆمەڵگە.
توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ڤین به‌كر ئەوە روندەكاتەوە كاتێك هاوڵاتیان لەقۆناغی گواستنهوهدان متمانه‌یان به‌هێزی یاسا‌و دادگه‌كان یان به‌گشتی متمانه‌یان به به‌ها مه‌ده‌نییه‌كان نییه، بۆیە هه‌ر پێشوازی كردنێك له‌به‌ها مه‌ده‌نییه‌كان وه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتێكی نائاسایی‌و په‌سه‌ندنه‌كراو لێیدەڕوانرێت، ئەو وتی "له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌های یاسا‌و دادگاكان له‌تێگه‌یشتنی بەكۆمەڵی ئێمه‌دا شوێنی خۆی نه‌گرتووه، ئه‌گه‌ر ژنێك له‌دادگا سكاڵا له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی تۆمار بكات، لای هاوسەرەكەی وه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتێكی نائاسایی‌و پهسندنهكراو لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت".
وتیشی "چونكه كۆمه‌ڵگه به‌گشتی ئەم كارەی په‌سند نه‌كردووه، له ژێر فشاری كۆمه‌ڵگه‌دا هاوسەرەكەشی ره‌تی ده‌كاته‌وه، خودی هاوسەرو ژنەكەش له‌ئاستی تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و له‌ناو كۆمه‌ڵگه گهورهكەدا وه‌ك لاده‌ر له‌به‌ها په‌سندكراوه‌كان ته‌ماشا ده‌كرێن".
ژنه پارێزه‌رێك له دادگه‌ی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر ئەوە رونده‌كاته‌وه كه چه‌ندین كه‌یس و كێشه هه‌بوونه به نیوه‌چڵی له‌ژێرده‌ستی دادگه ده‌رهێنراون و له‌لایه‌ن سه‌رۆك خێلهكانهوه بەسوڵحی عەشایریی چاره‌سه‌ر كراوه.
ئه‌ژین یوسفی پارێزەر جەغت لەوە دەکات كه‌م نین ئه‌و كچ و ژنانه‌ی به‌هه‌ست كردن به‌و مه‌ترسییه‌ی كه دواجار ئه‌گه‌ر دادگه‌و یاساكان نه‌توانن پارێزگاری لێ بكه‌ن، بارودۆخه‌كه‌یان خراپتر ده‌بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نین بۆ چاره‌سه‌ری بچووكترین كێشه‌ش په‌نا بۆ دادگه‌كان ببهنك ئەو وتی "زۆرێك له‌و ژنانه‌ی له‌ناو خێزانه‌كه‌یان یان له‌ده‌ره‌وه‌ی خێزانه‌كه‌یاندا رووبه‌ڕووی كێشه ده‌بنه‌وه، كاتێك پێشنیازی دادگه‌یان بۆ ده‌كه‌یت، ده‌سڵه‌مێنه‌وه‌و دەترسن لەوەی لهدادگهدا كێشه‌كەیان گه‌وره‌تر بێت".
وتیشی "بۆچی گه‌وره‌تر ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی متمانه‌یان به‌وه نییه دادگه بتوانێت چاره‌سه‌رێكی كردهکی بۆ كێشه‌كه بكات له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تر له‌هه‌ر شكستێكی چاره‌سه‌ری دادگه‌شدا، بێ چه‌ندوچوون ده‌خرێنه‌وه ژێر ركێفی ئهوانەی کە خودی ژنه‌كه قوربانیانە، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات دواتر تۆڵه‌ی لێبكرێته‌وه، چونکە لای ئەوان (به‌ناڕه‌وا) په‌لكێشی دادگه‌ی كراون و ئه‌وه‌ش نهنگیهكه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و كه‌رامه‌تی ئه‌و كه‌وتووه"..