مێرکل.. ئەو ژنەی بەدەگمەن دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆی دەدوێت
  2019-04-11       2256       

ئا: ئاوێنە



چۆن ژنێكی‌ وه‌كو مێركل كه‌ هاوڵاتی‌ ئه‌ڵمانیای‌ رۆژهه‌ڵات بو، له‌سه‌رده‌می‌ شیوعیه‌كاندا ته‌نانه‌ت به‌ده‌ست دابینكردنی‌ كارو بژێوی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌یه‌وه‌ گیرۆده‌ بو، توانی‌ به‌مجۆره‌ پێش ركه‌به‌ره‌ پیاوه‌كانی‌ بكه‌وێت كه‌ هاوڵاتی‌ ئه‌ڵمانیای‌ رۆژئاوا بون‌و وه‌ك یه‌كه‌مین ژن له‌مێژوی‌ ئه‌ڵمانیا ببێته‌ راوێژكار‌و سه‌ركرده‌ی‌ به‌هێزترین وڵاتی‌ ئه‌وروپا؟


ئه‌مه‌ رازو نهێنییه‌كه‌، كه‌ ئێستاش ئه‌وانه‌ی‌ به‌سیاسه‌ت‌و بزاڤی‌ ژنانه‌وه‌ سه‌رقاڵن به‌دوای‌ وه‌ڵامه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێن. مێركل، ژنێكه‌ به‌ده‌گمه‌نیش ده‌رباره‌ی‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌‌و خێزانیی‌ خۆی‌ نادوێت، ده‌رباره‌ی‌ هاوسه‌ری‌ پێشوی‌ هیچ ناڵێت، ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ش كه‌ بۆچی‌ تا ئێستاش منداڵی‌ نیه‌؟ هیچ نادركێنێت، هه‌مو جارێك ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ش ده‌مكوت ده‌كات كه‌ سه‌ركێشیی ده‌كه‌ن‌و ده‌رباره‌ی‌ ژیانی‌ تایبه‌تی پرسیاری‌ ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ن.  


ئه‌م خانمه‌ كه‌ له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیدا ئه‌ڵمانیا هه‌رچی‌ زیاتر له‌ڕوی‌ ئابوری‌‌و ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ به‌هێزتر بوه‌، پێیوایه‌ كه‌ سیاسه‌تمه‌داران پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ كردارو كاره‌كانیان هه‌ڵسه‌نگێندرێن، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كان‌و ژیانی‌ تایبه‌تیان.


مێركل بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دایك بێت‌و خاوه‌نی‌ منداڵیش بێت،  له‌ناو حزبه‌كه‌یدا به‌"دایكی‌ میلله‌ت" ناوده‌برێت، رۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌ڕاستی‌ مێركل كه‌سایه‌تیه‌كی‌ دایك ئامێزیی‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌ستی‌ میهره‌بانی‌ گرتوه‌ به‌سه‌ر وڵاتدا‌و به‌وپه‌ڕی‌ به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ ئه‌ڵمانیای‌ له‌روی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و كۆمه‌لایه‌تی‌‌و ژینگه‌ییه‌وه‌، له‌سه‌ركه‌وتنێكه‌وه‌ ده‌بات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنێكی‌ ترو ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌شی‌ هه‌مومانی‌ غافڵگیر كردوه‌".


مێركل له‌دوای‌ "هیلمۆت كۆل"، دوه‌مین راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیایه‌ كه‌ سێ‌ جار له‌سه‌ر یه‌ك حكومه‌تی‌ ئه‌ڵمانیا به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت. له‌دوای‌ جه‌نگی‌ دوه‌می‌ جیهانیه‌وه‌، درێژترین ماوه‌ی‌ راوێژكاریی‌، "هیلمۆت كۆل" بوه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 1982ه‌وه‌ تا 1998 بۆ ماوه‌ی‌ 16 ساڵ‌ سه‌ركردایه‌تی‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیای‌ كردو 5 كابینه‌ی‌ یه‌ك به‌یه‌كی‌ پێكهێناوه‌، مێركل له‌كۆله‌وه‌ زۆر نزیك بو، ئه‌مه‌ش رۆڵی‌ هه‌بو له‌هێنانه‌پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌ودا. 


ساڵی‌ 2012، گۆڤاری‌ فۆربس، مێركلی‌ به‌دوه‌مین به‌هێزترین كه‌سی‌ دنیا ناوبرد، كه‌ باڵاترین پله‌یه‌ تا ئێستا ژنێك پێیگه‌یشتبێت. هه‌روه‌ها فۆربس له‌ساڵانی‌ 2011و 2012و 2013و 2014و 2015دا، مێركلی‌ وه‌ك به‌هێزترین ژن له‌جیهاندا دیاریكردوه‌.


ئه‌نگێلا مێركڵ، سه‌ركرده‌ی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی مه‌سیحی ئه‌ڵمانی، ته‌مه‌نی‌ 61 ساڵه‌‌و له‌شاری هامبۆرگ له‌باكوری ئه‌ڵمانیا له‌دایكبوه‌، باوكی‌ قه‌شه‌یه‌كی‌ پرۆتستانت‌و دایكیشی‌ مامۆستا بوه‌. ته‌مه‌نی‌ یه‌ك ساڵان بوه‌ كه‌ خێزانه‌كه‌یان رویانكردوه‌ته‌ ئه‌ڵمانیای‌ رۆژهه‌ڵات‌و ئه‌نگێلا‌و خێزانه‌كه‌یان تاڕوخانی دیواری‌ به‌رلین‌و یه‌كگرتنی هه‌ردو ئه‌ڵمانیای رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا، له‌شاری‌ تمبلین‌و به‌رلینی‌ رۆژهه‌ڵات مایه‌وه‌.


له‌نێوان ساڵه‌كانی 1973 تا 1978 مێركڵ له‌زانكۆی لایبزغ وانه‌ی فیزیای خوێندوه‌‌و له‌قۆناغه‌كانی خوێندنیدا زۆر زیره‌ك‌و سه‌ركه‌وتو بوه‌و له‌ساڵی‌ 1986دا بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌كۆتایی‌ ده‌یه‌ی‌ 1980دا، به‌شداری‌ خۆپیشاندانی‌ دژ به‌حوكمی‌ شیوعیه‌كانی‌ كردوه‌‌و بوه‌ته‌ ئه‌ندامی پارتی راپه‌ڕینی دیموكراسی‌و به‌شداری له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاددا كردوه‌، هێلمۆت كۆل له‌نێوان ساڵانی‌1990 تا 1994 پۆستی وه‌زاره‌تی كاروباری ژنان‌و لاوانی پێسپاردوه‌.


له‌ساڵی‌ 1990ه‌وه‌ بوه‌ به‌ئه‌ندامی‌ حزبی‌ دیموكرات مه‌سیحی‌‌و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وه‌ك نوێنه‌ری‌ ئه‌و حزبه‌ چوه‌ته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌. له‌ساڵی 1998دا پاش ئه‌وه‌ی پارته‌كه‌ی كۆل له‌به‌رده‌م پارته‌ ركه‌به‌ره‌كه‌ی كه‌ پارتی سۆشیال دیموكرات بو به‌سه‌رۆكایه‌تی گێرهارد شرۆیده‌ر شكستی هێنا، كۆڵ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌و مێركڵ بوه‌ ئه‌مینداری گشتی پارتی یه‌كێتیی دیموكراتی مه‌سیحی.


دواترو پاش ئاشكرابونی‌ زنجیره‌یه‌ك كاری‌ گه‌نده‌ڵی دارایی، پارتی یه‌كێتی هه‌ژاند. رێگه‌خۆشبو بۆ ئه‌وه‌ی مێركل ده‌سه‌ڵاتی پارتی یه‌كێتی بگرێته‌ده‌ست‌و له‌ساڵی‌ 2000دا وه‌ك یه‌كه‌م ژن له‌مێژودا به‌سه‌رۆكی پارته‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا.


له‌هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی ساڵی 2005دا پارتی یه‌كێتیی دیموكراتی مه‌سیحیی به‌سه‌رۆكایه‌تی مێركڵ به‌جیاوازییه‌كی كه‌م شكستی به‌پارتی سۆشیال دیموكراتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌رۆكایه‌تی گێرهارد شرۆیده‌ر هێنا، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و دو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌ی وڵات نه‌یانتوانی به‌ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنن هه‌ر بۆیه‌ پاش دانوستانێكی زۆر هه‌ردو پارتی ناوبراو له‌ 10/10/2005 له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تێكی ئیئتیلافی پێكهاتن كه‌ مێركل سه‌رۆكایه‌تی بكاو له‌22/11/2005دا، ئه‌م خانمه‌ بوه‌ یه‌كه‌م راوێژكاری ژن له‌مێژوی ئه‌ڵمانیادا.

له‌ڕوی‌ سیاسیه‌وه‌، ئه‌و نه‌ریته‌ی‌ راوێژكاره‌كانی‌ پێش خۆی‌ شكاندوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ‌ فه‌ره‌نسا تۆكمه‌ ده‌كرد به‌مه‌به‌ستی‌ بنیاتنانی‌ یه‌كێتیه‌كی‌ ئه‌وروپای‌ به‌هێز، مێركل زیاتر شوێنپێی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ مارگرێت تاتچه‌ری‌ هه‌ڵگرتوه‌ له‌نزیككه‌وتنه‌وه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و به‌"مارگرێت تاتچه‌ری‌ سه‌ده‌ی‌ بیست‌و یه‌كه‌م" ناوده‌برێت. 
مێركل پشتگیری سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات سه‌باره‌ت به‌عێراق‌و ئه‌فغانستان، پارته‌كه‌شی دژایه‌تی به‌ئه‌ندامبونی توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات.

له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌، مێركل دو جار هاوسه‌رگیریی‌ كردوه‌و وه‌ك خۆشی ده‌ڵێت "له‌وه‌ په‌شیمان نیه‌"، ساڵی 1977 ئه‌نگێلا كاسنه‌ر هاوسه‌رگیریی‌ له‌گه‌ڵ‌ خوێندكارێكی فیزیا كردوه‌ به‌ناوی ئوڵڕیخ مێركل‌و نازناوه‌كه‌ی ئێستای‌ له‌وه‌وه‌ وه‌رگرتوه‌‌و تائێستاش ئه‌م نازناوه‌ی‌ پاراستوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵی 1982ه‌وه‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان به‌جیابونه‌وه‌ كۆتاییهاتوه‌. هاوسه‌ری دوه‌م‌و ئێستای، پرۆفیسۆرێكی بواری كیمیایه‌ به‌ناوی "یواخیم زاوه‌ر"، كه‌ له‌ساڵی‌ 1998ه‌وه‌ به‌نهێنی چونه‌ته‌ ژیانی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌. 
مێركڵ زۆر ئارایشت ناكات، به‌ڵام جارجار لێوی سور ده‌كاو پێڵاوی پاژنه‌ به‌رزیش له‌پێناكات، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "كاتێك هه‌ست به‌ئارامی ده‌كات كه‌ زه‌وی به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر پێكانیدا بێت".

ئه‌م خانمه‌، به‌هۆی‌ باوه‌شكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ په‌نابه‌ران سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێساو له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌داعشیشدا گه‌وره‌ترین پشتیوانیی‌ له‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و هه‌رێمی‌ كوردستان كرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×