ماڵپه‌رى هه‌واڵى
ده‌یلى مه‌یڵ، چیرۆكى پڕ نه‌هامه‌تى خێزانێكى عێراقى له‌زارى یه‌كێك له ئه‌ندامانى
ئه‌و خێزانه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه به قاچاخ و به‌به‌له‌م له‌ساڵى 2000 دا ڕویان له
ئوسترالیا كردوه‌و دواتر و له ئێستادا ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌و خێزانه عێراقییه بوه‌ته
پزیشك و خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگاى ئوسترالی ده‌كات.
ئا: ئاوێنه
به‌تول، ناوى ئه‌و
كچه په‌نابه‌ره عێراقییه‌یه كه هه‌ژده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له به‌له‌مێكى قاچاخدا
خه‌ریك بو ژیانى كۆتایى بێت به‌جۆرێك له‌پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه له‌و به‌له‌مه‌دا،
ئیتر خۆراك و ئاویان لێده‌بڕێت و به‌له‌مه‌كه‌شیان كون ده‌بێت.
به‌تول، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا
ئه‌وه ده‌گێڕته‌وه كه ئه‌وان له خێزانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى شارى به‌سره بون به‌ڵام
له‌ده‌ست ڕ‌ژێمى سه‌دام حوسێن هه‌ڵهاتون و ده‌بوایه به هه‌ژارى له هه‌ردو وڵاتى مالیزیا
و ئیندۆنیسا بژیانایه، هه‌تا ئه‌و كاته‌ى بڕیاریاندا به به‌له‌مێكى قاچاخ ڕو له
ئوسترالیا بكه‌ن. نقومبونى به‌له‌مى قاچاخ كۆچبه‌ران له‌و ساڵانه‌دا بوبوه هه‌واڵێكى
دڵته‌زێنى ڕۆژانه و له یه‌كه‌م هه‌وڵى ئه‌وانیشدا به‌له‌مه‌كه‌یان تێكده‌شكىَ و له
دورگه‌یه‌كى نزیك ئیندۆنیسیا له‌نگه‌ر ده‌گرن كه به وته‌ى به‌تول، ده‌ریاكه پڕ بوه
له گیاندارى ترسناكى وه‌ك تیمساح و گیاندارى ئاوى تر‌ى ترسناك. له‌پاش ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیان
به كه‌سوكاریانه‌وه نامێنێت، خانه‌واده‌ى به‌تول واده‌زانن ئه‌وان گیانیان له‌ده‌ستداوه
چونكه نه‌مانى هه‌واڵى ئه‌وان هاوكات بوه له‌گه‌ڵ نقومبونى به‌له‌مێكى تر‌ى په‌نابه‌ران
له‌و كاته‌دا، بۆیه خانه‌واده‌كه‌یان ده‌ستیانكردوه به دانانى پرسه بۆیان.
پاشان قاچاخچییه‌كان
به‌له‌مێكى تریان بۆده‌هێنن كه لێوان لێو بوه له په‌نابه‌رى تر و ئه‌وانیش ناچار
ده‌كه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌له‌مه‌دا بڕۆن.
له پاش ڕودانى
نقومبونى ده‌یان به‌له‌مى په‌نابه‌ران له پێش گه‌یشتنیان به ئوسترالیا، حكومه‌تى
ئوسترالیا ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه بڕیاریداوه له‌سه‌ر گرتن و گێڕانه‌وه‌ى كۆچبه‌رانى
ده‌ریایى قاچاخ ، واته له ئێستادا ، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به قاچاخ و به‌به‌له‌م
ڕو له ئوسترالیا بكات ، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ى ئه‌و وڵاته ده‌كرێته‌وه كه
هه‌وڵى داوه لێوه‌ى بچێت بۆ ئوسترالیا یان ڕه‌وانه‌ى وڵاتى خۆى ده‌كرێته‌وه.
به‌ڵام له‌و ساڵانه‌ى
سه‌ره‌تاى 2000 دا ، په‌نابه‌رانى وه‌ك به‌تول، له‌پاش نزیكبونه‌وه‌یان له سنوره
ئاوییه‌كانى ئوسترالیا كه ئه‌گه‌ر به‌ختیان هه‌بوایه و نقوم نه‌بونایه ، له‌لایه‌ن
هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنورى ئوسترالیاوه ده‌بران بۆ دورگه‌ى كریسمسى ئه‌و وڵاته.
له‌پاش گه‌یشتنیشیان
به ئوسترالیا، به‌تول له‌ساڵى 2001 دا مافى په‌نابه‌رێتى وه‌رگرتوه و له‌پاش خوێندنى
له‌و وڵاته، له ئێستادا پزیشكه له نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ئه‌و وڵاته. به‌تول، ده‌ڵێت
كه زۆر خۆشحاڵه به‌وه‌ى كه له ئوسترالیا پێشوازى لێكراوه و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى
هه‌بوه ببێت به پزیشك له‌و وڵاته.