2020-09-15   2873     
ئا: سه‌ڵاح سالار
1
به حاجی كاك ئه‌حمه‌دی سلێمانییش ناسراوه، یه‌كیكه له زانا پایه‌به‌رز و خواناسه گه‌وره‌كان، باپیره گه‌وره‌ی شێخ مه‌حموودی حه‌فیده.
2
كاك ئه‌حمه‌د كوڕی زانای گه‌وره شێخ مارفی نوێیه، ڕه‌چه‌ڵه‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شێخ عیسای به‌رزنجه. ته‌نیا كوڕێكی هه‌بووه به‌ناوی شێخ محه‌مه‌ده بچكۆڵه، كه باپیری شێخ مه‌حموودی حه‌فیده.
3
له 7ی ڕمه‌زانی 1207ك، به‌رانبه‌ر 18ی نیسانی 1793، له گه‌ڕه‌كی شێخانی شاری سلێمانی له‌دایكبووه، لای باوكی و مه‌لا مه‌حموودی دێلێژه ده‌رسی خوێندووه، پله‌ی ئیرشاد و ته‌ریقه‌تی له‌باوكی وه‌رگرتووه.
4
له زانسته شه‌رعییه‌كاندا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه، كۆمه‌ڵێ قوتابی زۆری پێگه‌یاندووه، ئه‌مانه هه‌ندێكیانن: شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێوار، سه‌ید ئه‌حمه‌دی فائیز، حاجی مه‌لا ڕه‌سووڵی دێلێژه، شێخ محێدینی ئابڵاخ.
5
پاش كۆچی دوایی حاجی شێخ مه‌عرووفی نوێ، حاجی كاك ئه‌حمه‌د جێگه‌ی باوكی گرتووه‌ته‌وه، ته‌مه‌نی به ده‌ر‌س و ئیرشاد و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی، هاوكاریكردنی هه‌ژاران به‌سه‌ر بردووه.
6
پێگه‌ی زانستیی و پایه‌به‌رزیی ئه‌م پیاوه گه‌وره‌یه، به هه‌موو كوردستاندا بڵاوبووته‌وه و ده‌نگی داوه‌ته‌وه، وه‌كو چرایه‌كی دره‌وشاوه له‌و سه‌رده‌مه نووته‌كه‌دا، به‌ته‌واوی كوردستاندا پرشنگی داوه.
7
شاعیرانی كوردیش زۆربه‌ی جار ستایشیان كردووه، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی له شیعرێكیدا وتوویه‌تی:
مه‌ربووته حه‌یاتم به سوله‌یمانی و خاكی
خۆزگه‌م به سه‌گی قاپیه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی كاكی
8
وه‌فایی له مه‌هاباده‌وه بۆ كۆچی دوایی ئه‌و، ده‌ڵێت:
له‌گه‌ڵ كاك ئه‌حمه‌دی ڕۆیی وه‌فایی نووری چاوانی
درێغ بۆ شه‌وقی دینی مه‌ردومان سورمه‌ی سوله‌یمانی
9
كۆمه‌ڵێ كتێبی نوسیوه، دیارترینیان مه‌كتووباته، كه 120 مه‌كتوباتی ئامۆژگاریی و ڕێنمایی نووسیوه، پیاوێكی خاكی، خواناس، میهره‌بان، ڕووخۆش بووه.
10
چێشتخانه‌یه‌كی كردووه‌ته‌وه بۆ هه‌ژاران و نه‌داران، كه تا ئێستاش له مزگه‌وتی گه‌وره درێژه‌ی هه‌یه. ساڵی 1887ز له سلێمانی كۆچی دوایی كردووه، له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی به‌خاك سپێردراوه.