سەڵاحەدین دەمیرتاش بو بە 47 ساڵ
  2019-04-25       3307       

ئا: ئاوێنە

 


سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەركردەی كوردی زیندانیكراو لەتوركیا تەمەنی پێینایە 47 ساڵییەوە، ئەو هیوایەكی نوێی بەگەلی كورد لەباكور بەخشی كاتێك ئەو پارتەی سەركردایەتی دەكرد توانی بەربەستی 10%ی دەنگەكانی تێپەڕێنێت بۆ چونی كورد بۆ نێو پەرلەمان.


سەڵاحەدین دەمیرتاش، لەنیسانی ساڵی 1973 ساڵی ١٩٧٣دا لەشارۆچکەی پالۆی سەر بەپارێزگای خارپێتی باکوری کوردستان لەدایکبوە. 


دەمیرتاش کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە. دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی “کۆمەڵەی مافی مرۆڤ”[IHD] بوەو لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و “ڕێکخستنی مافی مرۆڤی تورکیا”شە.


دەمیرتاش دەڵێ لە مانگی مارسی ١٩٨٨ی زایینی، کاتێک خوێندکاری پۆلی دوی دواناوەندی بووە، بەبیستی دەنگی دروشمی خۆپێشاندەران لەدەرەوەی قوتابخانەکەی لەئامەدو ئاخافتنی مامۆستاکەیان لەسەر چەرمەسەرییەکانی کورد بەدەست حکومەتی سەدام حوسێن و کیمیابارانی ھەڵەبجە، بۆ یەکەم جار زانیوییەتی کە ئەویش سەر بەو نەتەوە ستەملێکراوەیە. هەروەها ئەشقی بەموزیکژەنی، لەموزیکی کوردی نزیک دەکاتەوە.


دەمیرتاش دەگێڕێتەوە کە شوێنبزرکرانی سەرۆکی پارتی ڕەنجی گەل[HEP] لە ساڵی ١٩٩١و دۆزرانەوەی تەرمەکەی پاش سێ ڕۆژ و ئاڵۆزییەکانی ئامەد دوای ئەو ڕوداوە، بۆ یەکەم جار سەرنجی ڕاستەوخۆی ناوبراوی بۆ سیاسەت ڕاکێشاوە. ھەروەھا قۆڵبەستکرانی برایەکی بەتۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخستنی گەنجانی پەکەکە لە زانکۆی “موغوڵا” و سزادانی بە ٢٤ ساڵ زیندان بەھۆی نەبوونی دەرفەتی ماددی بۆ گرتنی پارێزەر، وای لێ کردووە کە خوێندن لە بواری بەڕێوەبەری دەریاوانی لەزانکۆی ئیزمیر جێبھێڵێ و ساڵی ١٩٩٣، لە زانکۆی ئانکارا دەست بەخوێندنی یاسا بکات. 


 سەركردە لاوەكەی باكوری كوردستان پێشهاتێك لەتەمەنی 19 ساڵیدا چارەنوس‌و هەمو رەوتی ژیانی ئەوی گۆڕی، ساڵی 1992 كە گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بوە، خێزان‌و زێدی خۆی لەدیاربەكرو ئەناتۆلییەوە بەرەو باشوری رۆژهەڵاتی توركیا بەجێهێشت‌و چووە سەر سنوری عێراق. 


ئەوكات سەلاحەدینی لاو دەیویست بەمەبەستی خەبات‌و تێكۆشان لەپێناو بەدیهێنانی هیواو ئاواتەكانی كورددا بچێتە پاڵ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی توركیا (پەكەكە) لەچیای قەندیل، بەڵام لەم گەشتەیدا روداوێكی بۆ هاتەپێش‌و ئاڕاستەی ژیانی بەجارێك گۆڕی: ئەو كەسەی چاوساغی دەكرد كە بەرەو لای هێزەكانی گەریلای پەكەكەی بەرێت. دەكەوێتە دەست هێزە ئەمنیەكانی توركیاوەو دەستگیر دەكرێت. ئیتر دەمیرتاش كە كەسی تری لەو ناوچەیەدا نەدەناسی، پاش ماوەیەك چاوەڕوانی، دەست لەمەبەست‌و نیازی خۆی بۆ چونە ناو گەریلا هەڵدەگرێت‌و بەناچار دەگەڕێتەوە بۆ نێو خێزانەكەی. لەڕاستیدا دوای ئەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ یەكجاری دەستی لەخەباتی چەكداریی بۆ هەمیشە هەڵگرت‌و  رێچكەیەكی دیكەی گرتەبەر لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردا.  


دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٠، لەگەڵ عوسمان بایدەمیر و کۆمەڵێک یاساناس و چالاکی مافی مرۆڤ، لە بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا بووە و بەدواداچونی بۆ سەدان دۆسیەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە باکووری کوردستان کردوە. پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بایدەمیر بۆتە شارەداری گەوەرەشاری ئامەد، سەلاحەدین دەمیرتاش جێی ناوبراوی لە سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا گرتۆتەوە. ناوبراو بە ھۆی بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی ڕۆژ تیڤی لەساڵی ٢٠٠٦دا، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە، سەرەتا بە ساڵێک زیندان مەحکوم کرا بەڵام دادگای پێداچوونەوە، دواتر سزاکەی بۆ پێنج ساڵ زیندانی ھەڵپەسێدرا گۆڕی. 


سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧ لەئامەد وەک کاندیدی سەربەخۆ لە لیستی دەتەپە کاندید کرا و توانی نوێنەری ئەو شارە لە پارلەمانی تورکیا. پاش داخرانی دەتەپە لەبەھاری ٢٠٠٩دا، دەمیرتاش لە کۆنگرەی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی (BDP)دا بەزۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە٢٠١٠دا، وەک یەکەم سەرۆکی ئەو حیزبە ھەڵبژێردرا. ناوبراو لە سێپتامبری ٢٠١١شدا بۆ جاری دووھەم، لەگەڵ "گوڵتەن کشاناک"، وەک ھاوسەرۆکی بەدەپە ھەڵبژێرایەوە. سەرۆکی تازە ھەڵبژێردراوی بەدەپە بە شێوەیەکی ئەکتیڤتر لە جاران ھاتە ناو سیاسەت و ڕۆڵی چالاکانەی لە وتوێژەکانی ناسراو بە قۆناخی ئۆسلۆ، ڕەوتی ئاشتی، کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، دۆسیەی کەجەکە و ھتد گێڕا و بوو بە یەکێک لە سیما ناسراوەکانی تورکیا. لە ساڵی ٢٠١١ش، وەک یەکێک لە بەربژێرانی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دێمۆکراسی، لە جۆڵەمێرگ خۆی پاڵاوت و بۆ دوھەم جار وەک پارلەمانتار ھەڵبژێردرا.


ساڵی ٢٠١٢ ، دەمیرتاش و ھاوحیزبییەکانی، بەمەبەستی پێکھێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر لە چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان و تورکیا، حیزبێکی فرەدەنگی بە ناوی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان HDP دامەزراند. دەمیرتاش لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، لە ٢٢ی حوزیرانی ھەمان ساڵدا، وەک ھاوسەرۆکانی ھەدەپە ھەڵبژێردران. هاوکات دەمیرتاش لە لایەن حیزبەکەیەوە وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دیاری کرا و لەم قۆناخەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان، سەرۆک و دامەزرێنەری ئاکەپە و سەرۆک وەزیری ١٢ ساڵی ڕابردووی تورکیا کەوتە ڕکابەریی ڕاستەوخۆ. ناوبراو ھەرچەند لەو ڕکەبەرییە نابەرابەرەدا، سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا و وەک سەرۆککۆماری تورکیا ھەڵنەبژێردرا بەڵام لە سەردەمی بانگەشەی ھەڵبژارداندا، توانی سەرنجی زیاتری کۆمەڵگاو میدیای تورکیا بۆ لای خۆی و حیزبەکەی ڕابکێشێ و ڕێژەی ٩٫٧٦ی دەنگەکان بەدەست بھێنێ. ئەمەش سەرکەوتنی دواتری حیزبەکەی لە ھەڵبژاردنی گشتیی تورکیادا مسۆگەر کرد کە توانی بەربەستی ١٠% بۆ چونە ناو پەرلەمانی حیزبێکی کوردی تێپەڕێنێت‌و هیوایەكی نوێی كردەوە بە بەر گیانی شەكەت‌و ماندوی گەلی كورددا، كە بەدرێژایی ساڵانی رابردو لەژێر گوشار‌و جەورو ستەمی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیادا بوە.


ئەم پارێزەرە كوردە كە لە10ی نیسانەوە تەمەنی پێیناوەتە 47 ساڵەوە، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامپەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکران.


سەلاحەدین دەمیرتاش ئێستا یەكێكە لەسیما گرنگە سیاسیەكان لەتوركیادا کە راستگۆیانە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا تێدەکۆشێ، كە گفتوگۆكانی لەكەناڵەكانی توركیادا ریكۆردی بینەران دەشكێنێت، كۆمەڵە چیرۆكەكەی كە لەزیندانەوە نوسیویەتی ساڵی رابردو یەكێك بو لەكتێبە پڕ فرۆشەكانی توركیا.


ئێستا لەتوركیادا دو سەركردەی كورد سەر بەدو نەوەی كۆن‌و نوێ‌، سەر بەدو مۆدیلی خەباتی چەكداریی‌و خەباتی ئاشتیخوازانە "عەبدوڵا ئۆجەلان"‌و "سەلاحەدین دەمیرتاش" كە هەردوكیان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كورد‌و ناساندنی وەك نەتەوەو كلتورێكی سەربەخۆ لەهەوڵدان، لەپشت شیشەكانی زیندانەوەن.


سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە لەگەڵ باشاک دەمیرتاشی مامۆستا ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و باوکی دوو کچە بە ناوەکانی دەلال و دڵدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×