جەمیل بایک: لەوانەیە شەڕێکی گەورە لەبەرامبەر تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووبدات
  2021-02-11       2376       
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە دەستنیشانی دەکات، ڕێکەوتنی ئاکەپە-مەهەپە و ئۆراسیا، کە تورکیا بەڕێوەدەبات، لە هەوڵدایە سێ پارچەی کوردستان داگیربکات و لەوانەیە شەڕێکی گەورە لەبەرامبەر دەوڵەتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووبدات.

ئاوێنە: لە وتارێکیدا لە ماڵپەڕی میدیانیوز، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە، لێکدانەوەی بۆ سەردانەکەی وزیری بەرگریی تورکیا کرد بۆ باشووری کوردستان و ڕایگەیاندوە، کە هاتنی خلوسی ئاکار سەردانێکی سەربازیی بوە و پێدەچێت لە کاتێکی نزیکدا شەڕێکی گەورەی لێبکەوێتەوە.

بایک سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر سیستەمی فاشیزمی دەوڵەت-نەتەوەیی تورک لە تورکیا و ڕایگەیاندوە، کە تورکیا وڵاتێکی فرەڕەنگی ئەتنیکی و ئایینی بوو، بە دامەزراندنی کۆماری تورکیا هەوڵ بۆ سڕینەوە و دوورخستنەوەی ڕەنگەکانی دیکە درا و کۆماری تورکیا لەسەر تورکی سوننە مەزهەب دامەزرا و گەلانی دیکە وەکو گەلی کورد، سوریان، ئاشوور، ئەرمەن، باوەڕی مەسیحی و ئێزدی لە تورکیا سڕیانەوە، ئەم سیاسەتەی تورکیا هەتاکوو ئێستاکەش بەردەوام دەکات.

جەمیل بایک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە هەندێک پارتی کوردی بۆ شەڕکردن لە دژی پەکەکە پشتیوانیان لە ئەردۆغان کرد، بەڵام ئەردۆغان دژایەتی کردنی کوردانی کردوەتە ستراتیژی خۆی و لە هەوڵدایە سێ پارچەی کوردستان باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا، کە لەسەردەمی عوسمانەییەکاندا لە ناو سنووری میساقی میللیدا بوون جارێکی دیکە داگیربکاتەوە ، شەنگال، کەرکوک، موسڵ و مەخموریش لە ناودا، پەکەکەش کۆسپی گەورەیە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی تورکیا هەربۆیە هەوڵ دەدەن پەکەکە لەناوببەن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت، پاکتاو کردنی کوردان تەنها فاکتەرێکە کە ئاکەپە، مەهەپە و ئۆراسیای هێناوەتە لای یەک و سیستمی فاشیزمی دەوڵەتی تورک لەسەری دامەزراوە، بۆ پاکتاو کردنی پەکەکە، دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵێکی گەورەی بە پارتی داوە و پێدەچێت لە باشووری کوردستان شەڕێکی گەورە لە دژی دەوڵەتی تورکیا و پارتی لێبکەوێتەوە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە، جەمیل بایک لەسەر هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپاش دەستنیشانی دەکات، کە یەکێتی ئەوروپا لە بواری مافی مرۆڤەوە ڕەخنە لە دەوڵەتی تورک دەگرن بەڵام کاتێک بابەت دەبێتە کوردان، بێدەنگ و بێهەڵوێست دەبن، بۆیە ئەبێت لایەنە دیموکراتەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەدژی ئەم سیاسەتە دووڕووانە هەڵوێستیان هەبێت و لەناوخۆی کوردستان و تورکیاش لەدژی تێکشکانی فاشیزم تێکۆشانی هەمەلایەنە بەهێز بکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×