زانیاری لەبارەی یەكەم رۆژی دادگاییكردنی دەستگیركراوانی هەولێرو بادینان
  2021-02-15       1392       

ئەمڕۆ دوشەممە، دادگاییكردنی دەستگیركراوە رۆژنامەنوس و چالاكانی مەدەنییەكانی هەولێر و بادینان بە ئامادەبونی نوێنەری یونامی و دو پەرلەمانتار، لە هەولێر بەڕێوەچو.

ئاوێنە: فەرمان سادق، رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ هەریەکە لە مامۆستا بەدەل بەرواری، شێروان شێروانی، ئومێد بەرۆشکی، گوهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز ئەکرەم، لەناو قەفەس و لەبەردەم دادوەر ئامادەبون، تیمی پارێزەرانی بەرگریش ئامادەبون بەڵام ڕێگە بە هەرێم رەفعەت پارێزەر نەدرا بچێتە ژورەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەگەڵ ئەوەی دادوەری دۆسیەکە بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی ئامادەبێت، بەڵام دادوەرێکی تر دۆسیەکەی بەڕێوەبرد.

بەپێی قسەی فەرمان سادق، دادبینییەكە لە کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک تا ٢ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام بوە.

ئاشكراشیكردوە كە نوێنەری یۆنامی، رێکخراوی CPT و دو پەرلەمانتار ئامادەی دادبینییەکە بون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هێزێکی زۆری ئاسایش بە چەکەوە لەناو دادگا بون، ئەو بەشەی ناو دادگا و نزیک هۆڵی دادبینییەکە.

ئەو چالاكوانە مەدەنییە لەزاری پارێزەرانی دۆسیەکەوە ڕایگەیاندوە، دادوەر بێلایەنانە و یاساییانە دادبینییەکەی بەڕێوەبرد، بەڵام گرفتەکە لەو دۆسیانەدا بون کە وەک دانپێدانان خرابوە پاڵ رۆژنامەنوس و چالاکانی مەدەنی هەولێر و بادینان، بۆیە سەرجەم تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوەو داوای بینینی شایەتەکان و بەڵگە دەنگی و چاتەکانیان کرد.

هەروەها ئاشكرایكردوە كە  مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردەوەو دادوەر بڕیاریدا دوبارە لە دادگای لێکۆڵینەوە وتەیان لێ وەربگیردرێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی دەستگیركراوان هێمای بۆ ئەوە كردوە كە "شڤان سەعید بەهۆی بێتاقەتی نەیتوانی چیتر بە پێوە بوەستێ و وەک پارێزەرەکانیان باسیان کرد، کەوت و بەربوەوە. هەمویان لە روی جەستەییەوە لاواز ببون."

بەپێی قسەی فەرمان سادق بڕیارە سبەی سێشەممە پڕۆسەی دادبینییەکە بەردەوام بێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×