ئەمریکا: داخستنی بارەگاکانی ھەدەپە پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسییە
  2021-03-18       661       
ئەمریکا لەسەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ داخستنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هاتە دەنگ و رایگەیاند، "ئەو هەنگاوە پێشێلکردنی دیموکراسییە."

ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی روسیا تودەی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەراگەیەنراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) خستەڕو و رایگەیاند، هەوڵەکانی تورکیا بۆ داخستنی ئەو پارتە کوردییە پێشێلکردنی زیاتری بنەماکانی دیموکراسییە.

دوێنێ، داواکاری گشتی تورکیا داوایەکی یاسایی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئاڕاستەی دادگای دەستوری وڵاتەکەی کرد و هۆکاری داواکارییەکەشی بۆ لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو پارتە گەڕاندوەتەوە کە "یەکێتی خاکی تورکیایان بەئامانج گرتوە".

لەراگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێسەندەنەوەی پارێزبەندی ئەندامێتی عومەر فاروق چەرچلی ئۆغلۆی لەپەرلەمان کردوە و وتویەتی ئەو کارە تورکیا دەخاتە دەرەوەی وڵاتە دیموکراسییەکان.

مانگی شوباتی رابردو، پەرلەمانی تورکیا پارێزبەندی لەسەر عومەر فاروق چەرچلی ئۆغلۆی ئەندامی پەرلەمان لەلیستی هەدەپە هەڵگرت بەبیانی "پروپاگەندە بۆ رێکخراوێکی تیرۆرستی" کە مەبەست لێی پارتی کرێکارانی کوردستانە و ئامانج لەو هەنگاوەش دەستگیرکردنی ناوبراو بو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×