هادی عامری، سەرکردەیەکی عێراقی خاوەن هاوسەرو رەگەزنامەی ئێرانی
  2019-04-29       4850       

ئا؛ ئاوێنە

 

هادی عامری، سەركردەی هاوپەیمانی فەتح‌و فەرماندەی ناوداری حەشدی شەعبی، خاوەنی رەگەزنامەی ئێرانییەو هاوسەرێکی ئێرانییەو شانازی بەدڵسۆزییەوە بۆ ئێران‌و هاوڕێەتی قاسمی سلێمانییەوە دەکات.


هادی‌ فه‌رحان عه‌بدوڵا عامری‌ ساڵی‌ (1954) له‌دیاله‌ له‌دایكبوه‌‌و قۆناغه‌كانی‌ خوێندنی‌ له‌وێ‌ ته‌واوكردوه‌، پاشان به‌شی‌ ئاماری‌ زانكۆی‌ به‌غدای‌ له‌ساڵی‌ (1976) ته‌واوكردوه‌. له‌گه‌ڵ خانمێكی‌ ئێرانی‌ هاوسه‌رگیریی‌ كردوه‌. دوای‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندن په‌یوه‌ندی‌ به‌هێزه‌ نه‌یاره‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام بۆ پاراستنی‌ ژیانی‌ خۆی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكاندا عێراق به‌ره‌و ئوردن به‌جێده‌هێڵێت، چه‌ند رۆژێك له‌وێ‌ ماوه‌ته‌وه‌و پاشان چوه‌ته‌ سوریا‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیه‌وه‌ كردوه‌و له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران كراوه‌.


دوای‌ گه‌یشتنی‌ به‌ئێران بوه‌ته‌ به‌رپرسی‌ كاروباری‌ ئاسایش‌و هه‌واڵگری‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا. به‌هۆی‌ ئه‌م پۆسته‌شه‌وه‌ تێكه‌ڵاوی‌ كاری‌ چه‌كداریی‌‌و سه‌ربازی‌ ده‌بێت‌و دوای‌ به‌شداریكردنی‌ له‌چه‌ند خولێكدا له‌ساڵی‌ (1986) پله‌ی‌ عه‌میدی‌ وه‌رده‌گرێت‌و سه‌رقاڵی‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و سه‌روكاریكردنی‌ هێزه‌كانی‌ به‌در ده‌بێت كه‌ باڵی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا بوه‌. بەدرێژایی جەنگی عێراق‌و ئێران شان بەشانی سوپای پاسداران دژ بەسوپای عێراق جەنگاوە.


دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ساڵی‌ (2003) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق. كاتێك له‌ساڵی‌ (2005) هه‌ڵبژاردن بۆ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتیمانی‌ كرا، عامری‌ بوه‌ ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌و كرایه‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌. له‌ساڵی‌ (2006)دا خۆی‌ بۆ پارله‌مان پاڵاوت‌و له‌ڕێگه‌ی‌ لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ شیعه‌كانه‌وه‌ بوه‌ته‌ پارله‌مانتارو سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌. 


دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، بڕیاریدا به‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ به‌درو تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ عێراق، هادی‌ عامری‌ كراوه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ پرۆسه‌ی‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌كه‌.

 

له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانیه‌وه‌ به‌كه‌سێكی‌ نزیك له‌ئێران داده‌نرێت‌و به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سوپای‌ به‌ده‌ره‌وه‌ نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانی‌ تیرۆركردوه‌. 

 

ساڵی‌ (2010) له‌چوارچێوه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ خۆی‌ بۆ پارله‌مان هه‌ڵبژاردو له‌نێو پاڵێوراوه‌كانی‌ پارێزگای‌ دیاله‌دا ده‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ هێنا. كاتێكیش نوری‌ مالیكی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێكهێنا، عامری‌ كرده‌ وه‌زیری‌ گواستنه‌وه‌.

 

ساڵی‌ (2011) به‌هۆی‌ ناكۆكیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ عه‌ممار حه‌كیمی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ به‌شداریكردن له‌حكومه‌تدا، كشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌‌و پێنج پارله‌مانتاری‌ راگه‌یاندو بڕیاریدا به‌در بكاته‌ رێكخراوێكی‌ سیاسی‌‌و ئێستاش وه‌كو سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ به‌در خۆی‌ ده‌ناسێنێت.

 

له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كراوه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ (140)ی‌ ده‌ستور، ماوه‌یه‌كیش به‌وه‌كاله‌ت سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌ج‌و عومره‌ی‌ عێراق بو.


ناوبراو كه‌ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئێرانیه‌ به‌ناوی‌ حه‌سه‌ن عامری‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بوه‌ وه‌زیری‌ گواستنه‌وه‌، مه‌هدی‌ كوڕی‌ وه‌كو كاربه‌ده‌ستێكی‌ باڵای‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌‌و به‌پێی‌ میزاجی‌ خۆی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ ده‌كرد. باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌بو كاتێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی‌ به‌ گه‌شتێك له‌لوبنان ده‌بن‌و دره‌نگ ده‌گه‌نه‌ فڕۆكه‌خانه‌و فڕۆكه‌كه‌ به‌جێیانده‌هێڵێت، ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ به‌كارده‌هێنێت‌و رێگه‌ به‌نیشتنه‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌ لوبنانیه‌كه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا نادات.

 

هادی عامری پاش فەتواكەی عەلی سیستانی بۆ ئامادەباشی شیعەكان بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی داعش، لەریزی پێشەوەی ئەوانە بو كە حەشدی شەعبییان پێكهێنا‌و لەشەڕەكانی دژ بەداعشدا شێلگیرانە بەشداری كرد.


ئەو كە لەلایەن سوننەكانەوە تۆمەتبار دەكرێ‌ بەتیرۆر كردنی چەندان كەسی سەر بەوان، شانازی بەدڵسۆزیی‌و دۆستایەتی قوڵی خۆی بەرامبەر بەئێران دەردەبڕێت‌و شانازی بەوەشەوە دەكات كە "هاوڕێی نزیكی قاسمی سلێمانیە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×