2019-05-07   4306     
ئا: بارام سوبحی
"ئه‌گه‌ر میلله‌تی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت‌و ئیسلام به‌گشتی دژی ژیری نه‌بوایه‌ن، ئێستا له‌جێگه‌ی ئه‌مریكا ده‌بون. زۆرێك له‌موسڵمانان تائێستا له‌موسڵمانێتی نه‌گه‌یشتون‌و نازانن نوێژ‌و رۆژو حه‌ج بۆچییه"، ئه‌مه به‌شێكه له‌یاداشته‌كانی مسته‌فا زه‌ڵمی.
پرۆفیسۆر مسته‌فا ئیبراهیم زه‌ڵمی (91) ساڵ، یاداشته‌كانی به‌ناونیشانی "كاروانی ژیانم" له‌دوتوێی دو به‌رگدا بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌و سێ بڕوانامه‌ی ماسته‌رو دو دكتۆرای به‌ده‌ستهێناوه‌و خاوه‌نی شه‌ست كتێبه، یه‌كێك له‌كتێبه‌كانی به‌ناونیشانی (أصول الفقه الاسلامی فی نسیجه الجدید) له‌ساڵی (1989) به دو به‌رگ نوسیوه‌و (22) جار چاپكراوه‌ته‌وه، ئه‌م كتێبه له‌ئێستادا وه‌كو مه‌نهه‌جی كۆلێژه‌كانی قانون له‌زانكۆكانی عێراق‌و ئوردن‌و یه‌مه‌ن‌و ئه‌نده‌نوسیاو مالیزیا ده‌خوێنرێت.
ناوبراو له‌یاداشته‌كانیدا، جگه له‌باسكردن له‌قۆناغه جیاوازه‌كانی ژیانی، ئاماژه به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسم‌و عه‌بدولسه‌لام عارف‌و شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958 ده‌كات، هه‌روه‌ها باس له‌ئاشنابون‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌جه‌لال تاڵه‌بانی‌و د.فوئاد مه‌عسوم ده‌كات. پاشان باری سه‌رنجی خۆی له‌باره‌ی سه‌رده‌می پاشایه‌تی‌و كۆماری‌و خوێندنی ئیسلامی له‌حوجره‌كانی كوردستان ده‌رده‌بڕێت.
وه‌رگرتنی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی
زه‌ڵمی، به‌مه‌به‌ستی فێربونی زانسته شه‌رعیه‌كان‌و وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی مه‌لایه‌تی، بۆ ماوه‌ی (12) ساڵ گوند‌و شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستانی عێراق‌و ئێران گه‌ڕاوه، له‌م میانه‌یه‌شدا دوچاری چه‌ندین نه‌هامه‌تی‌و كێشه‌و گرفت بۆته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه گه‌رمه‌ی دوه‌مین جه‌نگی جیهانی بوه‌و برسێتی بڕستی له‌ناوچه‌كه بڕیوه.
ناوبراو، له (15/3/1946) له‌مزگه‌وتی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتوه، دواتر له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كاری مه‌لایه‌تی كردوه. به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا له‌بری نزیكبونه‌وه له‌پیشه‌كه‌ی‌و هاوپیشه‌كانی، دوچاری بێزاری ده‌بێت. له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌مو ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه بازرگانییان به‌ئاینه‌وه ده‌كرد له‌ژێر مێزه‌رو جبه‌دا به‌ڕیشه‌وه وایان له‌خه‌ڵكه‌كه كردبو كه به‌و جۆره بڕوایان پێبكه‌ن. بۆیه له‌ساڵی (1955) كه دواساڵی مه‌لایه‌تیم بو ڕیشم تاشی.. په‌یمانم داوه له‌گه‌ڵ خوا هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی ده‌مخه‌نه گۆڕه‌وه ریش بتاشم، چونكه بۆته هۆی خه‌ڵك هه‌ڵخه‌ڵتاندن.
زه‌ڵمی له‌ساڵی (1951) له‌سلێمانی كتێبێك له‌باره‌ی میراته‌وه ده‌نوسێت‌و وێنه‌ی بۆ هه‌ندێ له‌مه‌لاكان ده‌نێرێت، مه‌لاكانیش پێی ده‌ڵێن "كتێبه‌كه‌ت زۆر جوانه، به‌ڵام عه‌یبی ئه‌وه‌یه به‌كوردی داتناوه".
ناسینی قازی محه‌مه‌د
زه‌ڵمی، كاتێك بۆ خوێندن ده‌چێته كوردستانی رۆژهه‌ڵات، له‌وێ سه‌ردانی شاری مهاباد ده‌كات‌و به‌پێشه‌وای كۆماری كوردستان قازی محه‌مه‌د ئاشنا ده‌بێت. له‌باره‌ی قازییه‌وه، ده‌ڵێت: سێ جار چومه‌ته ماڵیان.. خوێنده‌وارو رۆشنبیرێكی تێگه‌یشتو بو، بۆ یه‌كه‌مجار له‌كتێبخانه‌ی مه‌لادا بینیم جگه له‌كتێبی فارسی‌و عه‌ره‌بی‌و ئاینی، كتێبی تری فه‌ره‌نسی‌و ئینگلیزی تیابو دیاره ئه‌و زمانانه‌شی ده‌زانی، دیاربو له‌بیروباوه‌ڕێكی زۆر فراواندا ده‌ژیا چونكه ئه‌وكاته لای مه‌لاو كۆڕی مه‌لایان كه‌سێك گۆڤارێكی بخوێندایه‌ته‌وه به‌كافر داده‌نرا.
نه‌ورۆز حه‌رام نیه
نوسه‌ر، نیگه‌رانه له‌وه‌ی كه تائێستاش له‌لای هه‌ندێك كه‌س كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز كه "یادی سه‌ری ساڵی كوردییه‌و جه‌ژنی نه‌ته‌وایه‌تی كورده"، به "كفرو ئاگرپه‌رستی" داده‌نرێت، هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گێڕێته‌وه بۆ "نه‌زانین‌و تێنه‌گه‌یشتن له‌به‌راوردكردن له‌نێوان ئاگركردنه‌وه‌و ئایینی ئیسلامدا".
نه‌ورۆزێك كه تائێستا زه‌ڵمی له‌یادی ناكات، نه‌ورۆزی ساڵی (1945) بو، چونكه بۆ ئه‌و نه‌ورۆزه زه‌ڵمی‌و چوار مامۆستای ئاینی دیكه له‌لایه‌ن پیره‌مێرده‌وه بانگێهشتده‌كرێن بۆ كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز، به‌ڵام ئه‌م مه‌لایانه بۆ ئه‌وه‌ی تاوانبار نه‌كرێن به"ئاگرپه‌رست‌و كافر" نه‌ڕۆیشتون، بۆیه ده‌ڵێت "هه‌تا ئه‌مرم خه‌فه‌تی ئه‌وه‌م له‌دڵ ده‌رناچێ".
مه‌لاكانی كورد له‌شافیعی زیره‌كترن
به‌بۆچونی زه‌ڵمی، له‌به‌ر دواكه‌وتویی خوێندنی ئاینی له‌ناو كوردا، تائێستا مامۆستایه‌كی ئاینی موجته‌هید له‌وێنه‌ی كه‌سانی وه‌كو ئیمامی شافیعی یان حه‌نه‌فی هه‌ڵنه‌كه‌وتوه، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه به‌سه‌دان مه‌لا له‌شافیعی مه‌زنتر بون، كاتێك كۆچی دواییان كرد وه‌ك چرایه‌ك ده‌كوژانه‌وه، چونكه هیچ روناكیه‌كیان بۆ گه‌له‌كه‌یان یان بۆ ئاینی ئیسلام به‌جێنه‌ده‌هێشت. له‌وباره‌یه‌وه ده‌نوسێت "مامۆستایانی ئاینی كوردستان گه‌لێ گه‌لێ به‌هێزترو به‌تواناتربون له‌و ئیمامانه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كێ ببن به‌موجته‌هیدێك‌و كورده‌كان دوای فتواكه‌و مه‌زهه‌به‌كه‌ی بكه‌ون، به‌ڵام ئه‌وان هیچیان نه‌كرد گوایه ئیمامه‌كان هیچیان به‌بێ چاره‌سه‌ر نه‌هێشتۆته‌وه... دیاره ساویلكه‌یی كورد‌و دڵپاكی خۆی نه‌یهێشتوه هیچ وه‌خت پێش بكه‌وێت نه له‌ئایندا نه له‌سیاسه‌تدا".
عه‌قڵ به‌كارناهێنرێت
زه‌ڵمی، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات قورئانی پیرۆز له(49) ئایه‌تدا فه‌رمانی به‌وه داوه كه ژیری (عه‌قڵ) به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام پێیوایه موسڵمانان دژی عه‌قڵن، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر میلله‌تی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت‌و ئیسلام به‌گشتی دژی ژیری نه‌بوایه‌ن، ئێستا له‌جێگه‌ی ئه‌مریكا ئه‌بون له‌داگیركردنی بۆشایی ئاسماندا".
سه‌باره‌ت به‌ئه‌زمونی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، ده‌نوسێت: زیاتر له‌شه‌ست ساڵه له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا ده‌ژیم، زیاتر له‌چل ساڵ له‌گه‌ڵ یاسای هه‌مو وڵاتان ده‌ژیم، زیاتر له (25) ساڵه به‌راورد ده‌كه‌م له‌نێوان یاسا‌و شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا، ئێستاش بیروباوه‌ڕێكی جوان‌و رون نه‌بوه له‌یاساوه وه‌رمگرتبێت، كه جوانتر یان رونتر بێت له‌وه‌ی كه شه‌ریعه‌تی ئیسلام باسی كردوه".
نوێژكردن‌و جگه‌ره‌كێشان
نوسه‌ر، زۆر به‌ڕاشكاوانه ده‌ڵێت "ده‌توانم بڵێم زۆرێك له‌موسڵمانان تائێستا له‌موسڵمانێتی نه‌گه‌یشتون تائێستاش نازانن نوێژ‌و رۆژو و حه‌ج بۆچییه؟ له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی موسڵمانێك به‌راورد بكه‌ی له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌ی گاورێك دا ده‌بینی هه‌ندێجار جاوازییان زۆر كه‌مه، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و موسڵمانه نازانێت بۆچی نوێژده‌كات‌و بۆچی رۆژو ده‌گرێت‌و بۆچی ده‌چێت بۆ حه‌ج. دیاره ئه‌م جۆره موسڵمانه له‌دایك‌و باوكیه‌وه فێری ئه‌م شتانه بوه، هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێك فێری جگه‌ره‌كێشان ده‌بێت‌و عاده‌تی پێوه‌ده‌گرێت‌و دوایی ناتوانێت ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرێت، واته له‌بری ئه‌وه‌ی عیباده‌ت بێت بۆته عاده‌ت نوێژكردنه‌كه‌ی".
ته‌سه‌وف رێبازی موسڵمانانه
له‌به‌شێكی دیكه‌ی یاداشته‌كانیدا، زه‌ڵمی ده‌نوسێت: رێبازی ته‌سه‌وف ده‌بێت هه‌مو مرۆڤێك له‌سه‌ری بڕوات، چونكه بریتیه له‌وه‌ی كه مرۆڤ هه‌رده‌م لایه‌نی خوا زیاتر بگرێت له‌لایه‌نی دونیا، ته‌سه‌وفی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ واز له‌دونیا بهێنێت بۆ ره‌زامه‌ندی ئاخیره‌تی... شێخایه‌تی‌و ته‌سه‌وف راسته له‌ئیسلامدا، به‌ڵام نه‌ك به‌و جۆره‌ی كه هه‌ندێ شێخ شێخایه‌تی‌و ته‌سه‌وفی ده‌كرد به‌ده‌ستمایه، به‌بۆنه‌یه‌وه به‌خۆشترین ژیان بژین.
ئیمامه‌تی له‌سوپادا
زه‌ڵمی له‌قۆناغێكی دیكه‌ی ژیانیدا ده‌ستبه‌رداری پیشه‌ی مه‌لایی ده‌بێت‌و روده‌كاته سوپای عێراق، له‌ساڵی (1955) وه‌كو "ئیمام" له‌سوپادا داده‌مه‌زرێت‌و تا ساڵی (1972) له‌و پیشه‌یه ده‌مێنێته‌وه. له‌م كاره‌شیدا ئاشنا ده‌بێت به دو كاراكته‌ری سیاسی گرنگی عێراق ئه‌وانیش عه‌بدولكه‌ریم قاسم‌و عه‌بدولسه‌لام عارف ده‌بن، چونكه عارف ئه‌و كاته ئامری ئه‌و فه‌وجه بوه كه زه‌ڵمی تێدابوه.
له‌ساڵی (1957)، عارف به‌زه‌ڵمی ده‌ڵێت: وادابنێ تۆ له ئه‌فسه‌ره ئازادیخوازه‌كانی، ئێمه ده‌مانه‌وێت رژێمی كۆماری دابمه‌زرێنین‌و حكومه‌تێكی ئیسلامی دروست بكه‌ین، به‌هۆی جلوبه‌رگی مه‌لایه‌تی كه‌س گومان له‌تۆ ناكات، بۆیه نامه‌و كتێبه‌كان به‌سه‌ر ئه‌فسه‌ره ئازادیخوازه‌كاندا دابه‌ش بكه".
ده‌رباره‌ی كه‌سایه‌تی عارف، زه‌ڵمی ده‌ڵێت: نوێژ‌و رۆژوی ده‌كرد، به‌ڵام ره‌گه‌زپه‌رستی‌و شۆڤێنێتیه‌كه‌ی له‌سنور تێپه‌ڕیبو.
چوارده‌ی ته‌موزو غه‌زای به‌در
له‌كاتی شۆڕشی (14 ی ته‌مموزی 1958) زه‌ڵمی كراوه‌ته چاو‌دێر له‌سه‌ر به‌شی كوردی ئێستگه‌ی به‌غدا، له‌باره‌ی ئه‌و شۆڕشه‌وه ده‌نوسێت: رۆژی (14ی ته‌موز) هه‌ستمكرد به‌شداریم كردوه له‌غه‌زای به‌در دژی بتپه‌رسته‌كان! به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م هه‌سته هه‌موی (24) سه‌عات به‌رده‌وام نه‌بو".
ناوبراو، ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه رۆژێك له‌رۆژان حیزبی بوبێت‌و ده‌ڵێت: له‌ماوه‌ی ژیانمدا نه‌بوم به‌هیچ حیزبێك‌و خۆم نه‌خستۆته ژێر ده‌ستی هیچ سیاسیه‌كه‌وه، به‌ڵام په‌یوه‌ندیم بوه به‌و كه‌سانه‌وه كه بڕوام هه‌بوه پێیان كه ئامانجه‌كانیان بۆ سودی گه‌لی عێراقه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌شداری شۆڕشی چوارده‌ی ته‌موزم كرد".
نوری سه‌عید كورد بو
نوری سه‌عید، كه له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا چه‌ندینجار بوه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران، به‌وته‌ی زه‌ڵمی كورد بوه‌و عه‌ره‌ب نه‌بوه، بۆ به‌ڵگاندنی ئه‌م قسه‌یه‌شی ده‌نوسێت: نوری سه‌عید به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌خزمه‌تكاری ئینگلیز ناوی ده‌ركردبو، پیاوێكی نیشتمیانپه‌روه‌ر بو. هه‌ندێك ده‌ڵێن كوردی توركیا بوه، به‌ڵام خوشكه‌زاكه‌ی كه ناوی موقه‌ده‌م سه‌ڵاح بو وتی: خاڵم كوردی لای مه‌نده‌لییه.
قاهیره: ناسینی مه‌عسوم‌و تاڵه‌بانی
دوای ئه‌وه‌ی به‌تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی قۆناغه‌كانی ناوه‌ندی‌و ئاماده‌یی ده‌بڕێت، له‌ساڵی (1960) له‌به‌شی ئێوارانی كۆلێجی یاسای زانكۆی به‌غدا وه‌رده‌گیرێت. له(9/9/1975) له‌قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر یه‌كه‌م دكتۆرا وه‌رده‌گرێت، له (1/1/1976) وه‌كو مامۆستا له‌زانكۆی به‌غدا داده‌مه‌زرێت.
له(1975- 2007) مامۆستای زانكۆ بوه. له‌مانگی نۆی (1987) پله‌ی پرۆفیسۆری وه‌رگرتوه. له‌ساڵی (1993) سه‌دام حسێن بڕیارده‌دات زه‌ڵمی تا له‌ژیاندا بێت خانه‌نشین نه‌كرێت، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م مامۆستای زانكۆكانی عێراق بوه ئه‌و فه‌رمانه‌ی بۆ ده‌ربچێت. به‌ڵام له‌ساڵی (2007) به‌هۆی دۆخی ئه‌منی‌و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی، خانه‌نشین كراوه‌و له‌به‌غداوه رویكردۆته كوردستان‌و له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ بوه.
له‌كاتی خوێندنی له‌میسر به‌هه‌ریه‌كه له‌جه‌لال تاڵه‌بانی‌و فوئاد مه‌عسوم ئاشنا ده‌بێت، ده‌رباره‌ی مه‌عسوم ده‌ڵێت: ئه‌ویش له‌میسر ده‌یخوێند‌و به‌رپرسی كورده‌كانی میسر بو، په‌یوه‌ندی هه‌بو به‌سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، پیاوێكی زانا‌و سیاسی‌و دڵسۆز بو بۆ كورد. په‌یوه‌ندی هه‌بو به‌ده‌سه‌ڵاتداری میسره‌وه كاتی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نوه‌ر سادات".
له‌ساڵی (1963) به‌تاڵه‌بانی ئاشنا ده‌بێت‌و ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندیمان زۆر خۆش بو، هه‌ركاتێ سه‌ردانی قاهیره‌ی بكردایه له‌گه‌ڵ د.فوئاد ده‌چوین بۆ لای. له‌هه‌شتاكاندا متمانه‌یه‌كی باشی به‌من هه‌بو. زۆرجار نوێنه‌ری خۆی ده‌نارد بۆ لام بۆ هه‌ر كارێك پێویست بوایه.
ده‌ستورو سیستانی
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ساڵی (2003)، كراوه‌ته ئه‌ندامی لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق، به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی بۆچونه جیاوازه‌كانیش، له‌رۆژی (30/8/2003) ده‌چنه نه‌جه‌ف‌و چاویان به‌گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه‌كان ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی ده‌كه‌وێت، ده‌رباره‌ی سیستانی ده‌ڵێت: كه‌سێكی زۆر رۆشنبیر‌و زانایه له‌ڕوی ئاینی‌و سیاسیه‌وه، خواناسه‌و راستگۆ‌و مته‌وازیعه.
شیعه‌و شیوعی دۆستی كورد نین
له‌كاتژمێر شه‌شی پاش نیوه‌ڕۆی (26/7/2001)، زه‌ڵمی ئه‌م بۆچونه له‌یاداشته‌كانیدا تۆمارده‌كات: شیعه‌كان یان ئیسلامییه‌كان خوانه‌خواسته ئه‌گه‌ر رۆژێك حكومڕانیان بكه‌وێته ده‌ست، دوژمنایه‌تی یه‌كه‌میان به‌رانبه‌ر به‌كورد ده‌بێت. رۆژێك دێت دێته به‌رچاوی كورده‌كان ئه‌زانن به‌به‌عسیشه‌وه، ره‌گه‌زپه‌رسته نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌به‌كان‌و شیعه‌كان‌و كۆمۆنیسته‌كان به‌هه‌مان شێوه نابنه دۆستی كورد، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست ماف به‌كورد ناده‌ن.
ژن‌و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت
له‌كۆتایی یاداشته‌كانیدا، زه‌ڵمی ئاشكرای ده‌كات ژن ده‌توانێت ببێته سه‌رۆكی حكومه‌ت، چونكه "به‌پێی لێكۆڵینه‌وه زانستیه‌كان ده‌ركه‌وتوه ئافره‌ت له‌پیاو عاقڵتره... به‌پێی ئایه‌تی قورئان جیاوازی نییه له‌نێوان پیاو و ئافره‌تدا له‌وه‌رگرتنی پۆسته باڵاكانداو ئافره‌تیش ده‌توانێت ببێته سه‌رۆكی حكومه‌ت".