ئا: بارام سوبحی
"ئه‌مریكا پێیوایه سه‌ربه‌خۆیی بۆ كورده‌كانی عێراق ده‌بێته مایه‌ی پشێوی ناوچه‌كه‌و مه‌ترسی دروست ده‌كات له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له‌داهاتودا". ئه‌مه به‌شێكه له‌بروسكه‌یه‌كی باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق، كه له‌دوتوێی كتێبی كورد‌و ئه‌مریكادا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
كتێبی (كورد‌و ئه‌مریكا: په‌ره‌سه‌ندنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌كورده‌كانی عێراق له 1918 - 2006)، ده‌قی دكتۆرانامه‌كه‌ی شیرین فوئاد مه‌عسومه، ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن رزگار عومه‌ر عه‌لی كراوه‌ته كوردی‌و خانه‌ی وه‌رگێڕان له‌سلێمانی بڵاویكردۆته‌وه.
واشنتۆن‌و فه‌رامۆشكردنی كورد
له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا، نوسه‌ر پشتی به‌بروسكه‌و به‌ڵگه‌نامه فه‌رمیه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، بیره‌وه‌ری‌و یاداشتی گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌مریكا، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد به‌ستوه. نوسه‌ر، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ئه‌مریكا له‌دوای ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردو، بایه‌خی به‌وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داوه، ئه‌مه‌ش دوای دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌ناوچه‌كه‌و فراوانبونی ململانێی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا له‌ناوچه‌كه. بایه‌خدانی به‌دۆزی كوردیش له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گشتی ئه‌مریكادا بوه سه‌باره‌ت به‌و وڵاتانه‌ی كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه. نوسه‌ر ده‌ڵێت "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هیچ گرنگیه‌كی نه‌دا به‌مه‌سه‌له‌ی كورد. ته‌نانه‌ت ئه‌رشیفی ئه‌و وه‌زاره‌ته له‌پێش ساڵانی چله‌كانه‌وه، هیچ باسێكی ئه‌وتۆی كوردی تێدانیه".
به‌بڕوای نوسه‌ر هه‌ر له(1918 - 2006) سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌كورد هیچ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی. هێڵی سه‌ره‌كی ئه‌م سیاسه‌ته تائێستاش هه‌ر بریتی بوه له‌كاركردن له‌چوارچێوه‌ی حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زیدا. ره‌نگه هه‌ندێك گۆڕانكاری رویدابێت به‌رانبه‌ر به‌سه‌ركرده كورده‌كان، چونكه "چیتر واشنتن ناتوانێت رێگه‌یان پێنه‌دات بگه‌ن به‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی، كورده‌كانیش چیتر رازی نابن هه‌ر له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی پله دو پله سێوه پێشوازیان لێ بكرێت. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مریكا له‌وه تێگه‌یشت كه ناتوانێت چیتر كورد پشتگوێ بخات، چونكه هه‌ر ئه‌و پشتگوێ خستنه‌بو كه له‌رابردودا بوه هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین كاره‌ساتی مرۆیی به‌سه‌ردا بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له(1975و 1991) رویدا".
بارزانی: شیوعیه‌كان‌و ئه‌مریكا
یه‌كێك له‌كاراكته‌ره سیاسیه دیاره‌كانی كورد له‌كۆتایی په‌نجاكانه‌وه تا ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردو، مه‌لا مسته‌فای بارزانی رابه‌ری شۆڕشی ئه‌یلول بوه، كه هه‌وڵێكی چڕوپڕی داوه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا. بۆیه به‌شێكی زۆری لێكۆڵینه‌وه‌كه تایبه‌ته به‌باسی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بارزانی.
نوسه‌ر، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات له‌دوای چونی بارزانی بۆ یه‌كێتی شۆڤیه‌ت، ئه‌مریكیه‌كان زیاتر گومانیان لێ‌كرد، گومانه‌كه‌ش زیاتر له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت كه باڵێكی ماركسی له‌ناو پارته‌كه‌ی بارزانیدا هه‌بو. بۆیه له‌مانگی ئه‌یلولی (1962)دا بارزانی، هه‌وڵێكی زۆری‌دا سه‌رنجی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌لای كوردا راكێشێت، نوێنه‌رێكی نارد بۆ باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا، تا داوای پشتگیری ئه‌مریكا بكات بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد، ته‌نانه‌ت بارزانی له‌نامه‌یه‌كدا به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داب‌و هه‌رچی ئه‌ندامی شیوعی هه‌یه له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا نه‌یهێڵێت، له‌به‌رامبه‌ر پشتگیری ئه‌مریكادا بۆ كورد. به‌ڵام ئه‌مریكیه‌كان هێنده مه‌سه‌له‌كه‌یان به‌لاوه گرنگ نه‌بو كه ته‌نانه‌ت ناوی نوێنه‌ره كورده‌كه‌ش بنوسن. چونكه ئه‌وان پێشتر وه‌ها بڕیاریاندابو كه "كورده‌كان گه‌لێكن له‌ناو خۆیاندا رێكخراو نین، هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ ده‌توانن هه‌مو سه‌ركه‌شیه‌كانیان دابمركێننه‌وه".
یه‌كپارچه‌یی عێراق باشترین چاره‌سه‌ره
سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌كورد له‌نوسینێكی ره‌سمیدا ئاماژه‌ی پێكراوه، كه تیایدا ئه‌مریكا كێشه‌ی كورد به‌كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی عێراق ده‌زانێت‌و پێیوایه ده‌بێت له‌ناوخۆدا چاره‌سه‌ر بێت، پشتگیری جموجۆڵی كوردیش له‌دژی حكومه‌تی ناوه‌ندی ناكات. ئه‌مریكا پێیوایه پاشه‌ڕۆژو خۆشی‌و گه‌شه‌كردنی كورده‌كانی عێراق‌و ئێران‌و توركیا، به‌نده به"گه‌شه‌و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌وه كه تێیدا ده‌ژین".
له‌ساڵی (1961)دا ئه‌مریكا رێنمایی سه‌فاره‌ته‌كه‌ی كرد له‌عێراق، كه نامه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانیه‌وه به‌بارزانی بگه‌یه‌نێت، رێنمایی باڵێوزخانه‌كه‌شی كرد سه‌باره‌ت به‌و خاڵانه‌ی كه پێویسته له‌گه‌ڵ كوردا باس بكرێن، كه بریتی بون له‌وه‌ی بۆ كورد واباشتره ببنه به‌شێك له‌ده‌وڵه‌تی عێراق، نابێت حه‌زه‌كانی كورد كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق‌و ئه‌مریكا دروست بكات.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: له‌ڕاستیدا سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر به‌كورد تا روخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تیش، به‌شێك بو له‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مریكا گرتبویه به‌ر له‌دژی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كه پێی ده‌گوترا سیاسه‌تی ئیحیتوا.
نامه بۆ كه‌نه‌دی
كاتێك كه‌نه‌دی بوه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، بارزانی نامه‌یه‌كی بۆ نارد‌و داوایكرد پشتگیری ئۆتۆنۆمی بۆ كورد بكات. به‌ڵام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه رێنمایی ئه‌وه‌یدا وه‌ڵامی نه‌درێته‌وه، چونكه "ده‌بێته هۆی تێكچونی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غداو واشنتۆن"، به‌ڵكو "ته‌نها كونسڵی ئه‌مریكا له‌ته‌برێز به‌زاره‌كیی وه‌ڵامی دایه‌وه كه‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نامه‌كه‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتوه"، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار بو كه به‌كورد بوترێت نامه‌كه‌ی گه‌یشتۆته شوێنی مه‌به‌ست.
له‌قاهیره‌وه بۆ واشنتۆن
له‌درێژه‌ی هه‌وڵه‌كانیدا بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ئه‌مریكاوه، بارزانی له(2/6/1964)، شه‌وكه‌ت عه‌قراوی‌و لوقمان بارزانی ده‌نێرێت بۆ قاهیره‌و له‌وێ چاویان به‌به‌رپرسێكی نوسینگه‌ی سه‌فاره‌تی ئه‌مریكا ده‌كه‌وێتت، نوێنه‌ره‌كانی بارزانی رایده‌گه‌یه‌نن ده‌یانه‌وێت به‌نوێنه‌رایه‌تی بارزانی بچنه واشنتۆن‌و دۆزی كورد بۆ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا رون بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان داوای كۆمه‌ك له‌ئه‌مریكا بكه‌ن. به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌مریكا توند‌و راشكاوانه بو: ته‌نها به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌توانن ئه‌و كۆمه‌كه به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مریكا ئاماده‌نیه له‌ڕێگه‌ی لایه‌نی سێیه‌مه‌وه هاریكاری كورد بكات.
ویلایه‌تی (52) ئه‌مریكا
دوای نائومێدبون له‌هه‌وڵه‌كه‌ی قاهیره، بارزانی له(12/4/1965) شه‌مسه‌دین موفتی‌و مه‌سعود بارزانی كوڕی ره‌وانه‌ی باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌تاران ده‌كات، ئه‌م دو نوێنه‌ره‌ش داوای كۆمه‌كی مادی‌و سه‌ربازی له‌ئه‌مریكا بۆ شۆڕشی كورد ده‌كه‌ن. به‌گوێره‌ی بروسكه‌یه‌كی باڵێوزخانه‌كه كه ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كردوه، تیایدا هاتوه: بارزانی پێی خۆشه ناوچه‌كانی ئه‌وان وه‌ك ویلایه‌تێكی دیكه‌ی ئه‌مریكا ته‌ماشا بكرێت، واته كوردستان بكرێته ویلایه‌تی (52)هه‌مینی ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها بارزانی پێی باشه سه‌رچاوه نه‌وتیه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كانه‌وه به رێكه‌وتنێكی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كورده‌كانی عێراقدا به‌ڕێوه‌ببرێن.
دوای گه‌یشتنی بروسكه‌كه‌ش، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به‌م جۆره وه‌ڵامیدایه‌وه: یاخیبونی كوردان كێشه‌یه‌كی ناوخۆییه‌و ئه‌مریكا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا نیه. باڵێوزخانه‌ش ئاگاداركرایه‌وه كه هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و نوێنه‌رانه‌دا نه‌كات كه بارزانی ده‌یاننێرێت.
دوای سه‌ردانی نوێنه‌ره‌كانی بارزانی، له (30/10/1965) باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا بروسكه‌یه‌ك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌كات‌و تیایدا هاتوه "ئه‌مریكا پێیوایه ئۆتۆنۆمیه‌كی فراوان، یاخود سه‌ربه‌خۆیی بۆ كورده‌كانی عێراق ده‌بێته مایه‌ی پشێوی ناوچه‌كه‌و مه‌ترسی دروست ده‌كات له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له‌داهاتودا".
نامه‌كه‌ی مه‌حمود عوسمان
بارزانی له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه له‌ساڵی (1967) مه‌حمود عوسمان نامه‌یه‌كی بارزانی ده‌بات بۆ ئه‌مریكا، نامه‌كه داوای له‌ئه‌مریكا ده‌كرد ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌كاربهێنێت بۆ په‌له‌كردن له‌گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێكی كۆتایی‌و عادیلانه بۆ دۆزی كورد له‌عێراقدا. وه‌ڵامی ئه‌مریكیه‌كانیش به‌زاره‌كی ئه‌مه بو "ئه‌مریكا له‌روانگه‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه‌وه گرنگی به‌كورد ده‌دات، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه به‌رده‌وامبونی ناردنی كۆمه‌كه خۆراكێكانه بۆ كورده لێقه‌وماوه‌كان".
بارزانی‌و كۆرۆلۆن
دوای ئه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانی بارزانی نه‌یانتوانی خواسته‌كانی به‌دیبهێنن، بارزانی خۆی له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری (1971) توانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تۆماس كۆرۆلۆن گه‌وره كاربه‌ده‌ستی سیاسی له‌باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌یروت دروست بكات، به‌ڵام واشنتۆن جه‌ختی له‌سه‌رئه‌وه كرده‌وه كه "كۆرلۆن ته‌نها گوێی بۆ بگرێت‌و هیچ رێنمایی‌و ئامۆژگارییه‌كی پێنه‌دات، چونكه ده‌ترسان هه‌ر رێنمایی‌و ئامۆژگارییه‌ك به‌سیاسه‌تی ره‌سمی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر به‌خۆیان یان به‌عێراق لێكبده‌نه‌وه".
شای ئێران‌و بارزانی
له‌هه‌وڵێكی دیكه‌دا، له‌مانگی حوزه‌یرانی (1972) ئیدریس بارزانی‌و مه‌حمود عوسمان ده‌چنه واشنتۆن‌و له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مریكی كۆده‌بنه‌وه. له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌وه د. مه‌حمود ده‌ڵێت "ریچارد هێڵمزی یاریده‌ده‌ری كیسنجه‌ر زۆر به‌ڕاشكاوی پێیوتین بۆیه رازیبوه پێشوازیمان لێ بكات، چونكه شای ئێران داوای له‌حكومه‌ته‌كه‌مان كردوه كه یارمه‌تی ئێمه بدات".
هه‌رچه‌نده ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی شای ئێرانه‌وه كۆمه‌كی به‌شۆڕشی كوردی ده‌كرد، به‌ڵام بارزانی به‌جیم هۆگلاندی واشنتۆن پۆستی وتبو "ئێمه متمانه‌مان به‌شا نییه. من بڕوا‌و متمانه‌م به‌ئه‌مریكایه. ئه‌مریكا هێزێكی له‌وه گه‌وره‌تره كه پشت له‌گه‌لێكی بچوكی وه‌ك كورد بكات‌و خیانه‌تی لێ بكات". به‌ڵام دواتر مه‌لا مسته‌فا به‌وته‌ی هاوه‌ڵه‌كانی بێت ته‌واو روخا، چونكه هه‌رگیز باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد ئه‌مریكا پشت بكاته كورد. نوسه‌ر ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه بارزانی ئاگاداری ئه‌و گه‌مه دیبلۆماسیه نه‌بو كه له‌چه‌ند وڵاتێكدا به‌ڕێوه‌ده‌چو".
دوای رێكه‌وتنی نێوان شای ئێران‌و سه‌دام، بارزانی له (19/3/1975) بانگه‌وازێكی فریاكه‌وتنی نارد بۆ كیسنجه‌رو به‌ڵێنه‌كانی وه‌بیرهێنایه‌وه، به‌ڵام كیسنجه‌ر وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. كاتێك به‌ڕێوه‌به‌ری (CIA) له‌واشنتن پرسیاری له‌كیسنجه‌ر كرد، وه‌ڵامی دایه‌وه "ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری كارێكی مسیۆنه‌ری نیه".
بۆچی بارزانی نه‌چو بۆ ئه‌مریكا؟
نوسه‌ر ئاشكرای ده‌كات بارزانی له‌چه‌ندین بۆنه‌دا ئاواتی خۆی ده‌ربڕیوه كه سه‌ردانی ئه‌مریكا بكات، به‌ڵام به‌رده‌وام به‌بیانوی سه‌لامه‌تیه‌وه نه‌یانهێشتوه. نوسه‌ر ده‌ڵێت "حكومه‌تی ئه‌مریكا هیچ كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كی ره‌سمی له‌گه‌ڵ كورده‌كانی عێراقدا نه‌بوه. هیچ كاتێكیش نه‌یویستوه په‌یوه‌ندییه‌كی ره‌سمی له‌گه‌ڵ ئه‌وان‌و هیچ كوردێكی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت. هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه‌كیش هه‌بوبێت به‌نهێنی‌و له‌سه‌ر ئاستێكی نزم بوه. كه كورده‌كان داوایانده‌كرد چاویان به‌به‌رپرسه ئه‌مریكیه‌كان بكه‌وێت، به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك ره‌تیانده‌كرده‌وه‌و داوایان لێده‌كرد له‌گه‌ڵ سكرتێری دوهه‌م یاخود جێگرێكدا كۆببنه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌ژماره‌یه‌ك نوسراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یاندا ئاماژه‌ی پێكراوه".
قوربانی‌و به‌رژه‌وه‌ندی
له‌ساڵانی هه‌شتاكاندا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوان حكومه‌تی ئه‌مریكاو كوردا روینه‌دا، هه‌رچه‌نده له‌م ده‌یه‌یه‌دا كورد دوچاری شاڵاوه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفال‌و هه‌ڵه‌بجه بوه‌وه. ئه‌مه‌ش "به‌كورتی‌و كوردی به‌ڵگه‌یه‌كی زیاتر بو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مریكا هیچ گرنگیه‌كی نه‌ده‌دا به‌قه‌زییه‌ی كوردی، چونكه پێگه‌یانی ده‌خسته مه‌ترسیه‌وه‌و توشی روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی نه‌خوازراویشی ده‌كردن".
سیاسه‌تی فه‌رامۆشكردنی كورد له‌نه‌وه‌ده‌كانیشدا تاڕاده‌یه‌ك به‌رده‌وام بو، به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له (16/4/1991) جۆرج بوشی باوك ده‌یڤد ماكی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه راسپارد به ئۆپۆزسیۆنی عێراقی رابگه‌یه‌نێت "ئه‌مریكا نه یه‌ك دۆلار، نه یه‌ك سه‌رباز، بۆ پاراستنی كورده‌كان به‌كارناهێنێت".
نوسه‌ر ده‌ڵێت "به‌ر له (1990) ئه‌مریكا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ كوردانی عێراقدا نه‌بوه، هه‌مو په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌گه‌ر هه‌بوبێت له‌ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سێهه‌مه‌وه بوه".
نوسه‌ر، هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات مه‌سعود بارزانی هیچ كات له‌پیلانه‌كانی (CIA) به‌شداری نه‌ده‌كرد، له‌لایه‌كه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی متمانه‌ی پێیان نه‌بو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی نائومێدببو له‌و هه‌مو بێده‌نگی‌و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی واشنتن له‌به‌رانبه‌ر سه‌دام حسێن. جگه له‌و جاروبار بۆردومانانه نه‌بێت، كه زیاتر مه‌به‌ست لێی سه‌رنجڕاكێشانی میدیاكان بو نه‌ك گۆڕینی رژێمی عێراق.
ده‌رباره‌ی قۆناغی دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ساڵی (2003)و په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد‌و ئه‌مریكا، د.شیرین ده‌نوسێت: ئێستا كورده‌كان به‌هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا وه‌سفده‌كرێن.. به‌ڵام ناتوانرێت هه‌مان شت به‌رانبه‌ر به‌ئه‌مریكا بوترێت، چونكه ئه‌وان هاوپه‌یمانی كورد نین‌و ئه‌وان هێشتا كورده‌كان وه‌ك به‌شێك له‌عێراق ته‌ماشا ده‌كه‌ن. به‌ڵام وه‌ك به‌شێكی ده‌سته‌مۆترو بێ كێشه‌تر.