پێكدادان لەنێوان هێزەكانی ئێران و تاڵیباندا رویدا
  2021-12-01       1268       
چەكدارێكی تاڵیبان لە مەرزی ئیسلامی قەلعەی نێوان ئێران و ئەفغانستان، 19ی ئۆكتۆبەری 2021

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، گرژی و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی تاڵیبان و پاسەوانی سنوری ئێراندا لە ناوچەیەكی سنوریی نێوان هەردو وڵات رویدا. سەرچاوە ئێرانییەكان و وتەبێژی تاڵیبان دەڵێن: پێكدادانەكە لەئێستادا كۆتایی هاتوە.

ئاوێنە: ئەحمەد واسیق، وتەبێژی تاڵیبان بە بی بی سی وتوە، پێكدادانەكەی نێوان هێزەكانی تاڵیبان و پاسەوانی سنوری ئێران لە ویلایەتی "نیمروز" رویداوەو بەرپرسانی ئەفغانستان خەریكی وەرگرتنی وردەكاری پێكدادانەكەن و هێشتا هۆكارەكەی دیار نییە.

هەروەها بیلال كەریمی، یەكێك لە وتەبێژانی تاڵیبان لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە ئێستادا پێكدادانەكە كۆتایی هاتوە.

هاوكات ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی لە هەواڵێكدا دوپاتیكردۆتەوە كە پێكدادانەكە كۆتایی هاتوە.

چەند سەعاتێك لەمەوبەر ئاژانسی "ئاماج"ی ئەفغانی ڤیدیۆیی پێكدادانەكەی نێوان هێزەكانی تاڵیبان و پاسەوانانی سنوری ئێرانی بڵاوكردەوە.

ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەدابو كە چەند بنكەیەكی هێزەكانی پاسەوانی سنوری ئێران كەوتونەتە دەست هێزەكانی تاڵیبان.

هەروەها ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی نزیك لە سوپای پاسداران رایگەیاند، پێكدادنەكە لە ناوچەی "شەغالەك"ی ئەو ویلایەتی نیمروز رویداوە.

ویلایەتی نیمروزی لە رۆژئاوای ئەفغانستان هاوسنورە لەگەڵ ناوچەی سیستانی سەربە پارێزگای "سیستان و بەلوچستان"ی ئێران.

بەڵام ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی رەتیكردۆتەوە هیچ بنكەیەكی سنوریی ئێران كەوتبێتە دەست هێزەكانی تاڵیبان.

هەندێك لە هەواڵەكان كە پشتڕاست نەكراونەتەوە باس لە بونی زیانی گیانی لە پێكدادانەكەدا دەكەن.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×