سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان بردنەوەی لەبەرامبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بەیکلایی ناودەبات لەئەگەری خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا.
ئاوێنه: لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سەلاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، “ئەگەر وەک کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لەهەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا خۆم کاندید بکەم بەسەر ئەرۆغاندا سەردەکەوم تەنانەت لەزیندانیشەوە”.
دەمیرتاش دەڵێت، “گەل پێیانوایە ئەم حکومەتە ساختەیە، بۆیە پێویستە گەل لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە سەربکەوێت”.
دەمیرتاش داوای لە حکومەتی ئێستا کردووە دووربکەوێتەوە لە دەسەڵات و ویستی گەل و جەختیشیکردووەتەوە کە “بەدڵنیایی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئۆپۆزسیۆن سەردەکەوێت”.
پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەتیکردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پێشوەخت و بەرلە کاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجامبدرێت.
لە هەڵبژاردنی ڕابردووی سەرۆکایەتیی تورکیا سەلاحەدین دەمیرتاش لەزیندانەوە خۆی کاندید کرد و یەکێک بوو لە کێبڕکێکارە سەرەکییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا.