شه‌ممه‌, 17 ی ئایار , 2025
هاتوچۆی هەرێم: ئێستا ژمارەی ئۆتۆمبێلە تۆماركراوەكان گەیشتۆتە نزیكەی دو ملیۆن ئۆتۆمبێل
  2022-03-28       494       

ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پلاندانان و ئامار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی هه‌رێم رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو 1/3/2022، زیاتر لە 500 روداوی هاتوچۆ لە هەرێم رویانداوەو بەهۆیانەوە 50 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە. دەشڵێت، ئێستا لە هەرێم ژمارەی ئۆتۆمبێلە تۆماركراوەكان نزیكەی دو ملیۆن ئۆتۆمبێلە "واتا‌ بۆ هه‌ر سێ كه‌سێك ئۆتۆمبێلێك هەیە."

ئاوێنە: ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پلاندانان و ئامار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی هه‌رێم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی رەسمی حكومەتی هەرێم رایگەیاند"ساڵی پار چوار هەزار و 120 روداوى هاتوچۆ لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان رویان داوە کە بە هۆیەوە 623 هاوڵاتی گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە حەوت هەزار و 137 هاووڵاتیش بریندار بون."

ئاشكراشیكردوە كە "لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا رۆژی 1/3/2022، 552 روداوى ئۆتۆمبێل لە سەرتاسەرى هەرێم ڕویان داوە کە بە هۆیەوە 50 هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوەو 889 هاوڵاتیش برینداربونە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە مانگانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 هەزار ئۆتۆمبێل تۆماردەكرێن "بۆیە شتێكی ئاساییە چەند ژمارەی ئۆتۆمۆبێلەكان زیاد بێت ژمارەی ڕوداوەكانیش زیاد دەبێت، بە زیادبونى ئەم ڕێژە ئۆتۆمبێلەش کە دێنە سەر شەقامەكان، ڕوداوەکان بە شێوەیەکى ئەوتۆ زیادیان نەكردوە. ئێمە بەردەوام لە پلانماندا بوە، كە هەوڵ بدەین ژمارەی ئۆتۆمبێل زیاد نەبێت و لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەكانی پەیوەندیدار کارمان لەسەر ئەوە کردوە کە گواستنەوەی گشتی دابین بكرێت."

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆی هەرێم ئاشكراشیكردوە كە "ئێستا له‌ كوردستان، ژماره‌ی ئۆتۆمبێله‌ تۆماركراوه‌كان ملیۆنێک و 985 هەزار و 727 ئۆتۆمبێلن‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆره‌، واتا‌ بۆ هه‌ر سێ كه‌سێك ئۆتۆمبێلێك هەیە."

وتوشیەتی"بە داخەوە تا ئێستا گواستنەوەی گشتیی وەكو پێویست نییە و لە ساڵانی هەشتاكان گواستنەوەی گشتی لە ئێستا پێشكەوتوتر بو."

ئەوەشی خستۆتەڕو "پێمان باشە حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان گرنگییەكی تەواو بە گواستنەوەى گشتى بدەن و سود له‌و پێشكەوتنە جیهانییە وه‌ربگرن و لەبرى زیادبونى ئۆتۆمبێل، کار لەسەر دانانى میترۆ و شەمەندەفەر و پاسى پێشکەوتو بکەن، کە بەداخەوە ئێستا ساڵانە ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئۆتۆمبێل لە كوردستان تۆمار دەكرێت، بە شێوەیەك تەنیا لە ساڵی 2021 زیاتر لە 128 هەزار ئۆتۆمبێل لە كوردستان تۆمار كراون."

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×