سەڵاحەدین بەهادین بۆ پلاسخارت: هەڵبژاردنێکی بێگەرد زامنی پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێم
  2022-05-25       562       

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد زامنی پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێم، ئەوەش پێویستی بە میکانیزمی کردەیی و یاسای هەڵبژاردنی دروست و ئیرادەی سیاسی بەهێز هەیە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە سەڵاحەدین بەهادین و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەمینداری گشتی یەکگرتو رایگەیاند: وەکو یەکگرتو بە سوپاس و رێزەوە لە هەوڵەکانی نەتەوەیە کگرتوەکان دەڕوانین بەتایبەت کە لە دوایین راپۆرتی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پێشتریش مەترسی و هەڕەشەکانی سەر پرۆسەی سیاسی هەرێم و عێراقی خستۆتەڕو.

ئاماژەی بەوەشداوە كە پڕۆسەی سیاسی عێراق و گەیشتنی بە بنبەست، هەروەها دۆخی سیاسی و ژیانیی هەرێم، تەوەری سەرەکی دیداری نێوان یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بو .

سەڵاحەدین بەهادین، "دۆخی سیاسی عێراقی بە ترسناک لەقەڵەم داوە کە بەپێی تەوقیتاتی دەستوری تا ئێستا نەتوانراوە پرسی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی وەزیران یەکلابکرێتەوە."

هەروەها وتوشیەتی"تەنیا بە گفتوگۆی سیاسی و تەوافوقی نیشتیمانی ئەو گرێ ئاڵۆزەی پرۆسەی حوکمڕانی دەکرێتەوە."

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتو رایگەیاند"هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی بەدەر نین لە کاریگەری نەرێنی قەیرانەکانی  حوکمڕانی، ئێمە لە یەکگرتو پێمان وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد زامنی پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێم، ئەوەش پێویستی بە میکانیزمی کردەیی و یاسای هەڵبژاردنی دروست و ئیرادەی سیاسی بەهێز هەیە. نەتەوەیەکگرتوەکان دەتوانن رۆڵی کارا و  کاریگەری ئیجابی بگێڕن. هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد، ئومێد دەگەڕێنێتەوە بۆ هاوڵاتیان بەرامبەر بە پرۆسەی سیاسی هەرێم ."

بەپێی راگەیەندراوەكە جینین پلاسخارت، خۆشحاڵی خۆی بەو سەردان و دیدارە راگەیاند و لە وتەکانیدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان گفتوگۆی سیاسی بە چارەسەر دەزانێت بۆ شکاندنی بنبەستی سیاسی.

 هەروەها راشیگەیاند بڕیارە لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە و پێکەوە تاوتوێی چارەسەری پرسە سیاسییەکان بکەین.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×