دوایین ئاماری بڵاوبونەوەی پەتای كۆلێرا لە هەولێر ئاشكراكرا
  2022-06-22       420       

هێمن قادر، جێگرى پارێزگاى هەولێر ئاشكرایكرد، تاكو ئێستا نزیکەی ٥٠ حاڵەتی پشکنین هەبوەو لەوانەش تەنها چوار كەسیان پشتڕاست کراونه‌تەوە کە توشی کۆلێرا بون.

ئاوێنە: هێمن قادر، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێم دڵنیایی دایە هاوڵاتیان كە "ئاوی هەولێر تا ڕاددەیەکی زۆرباش پاکە و بۆ خواردنەوە دەشێت."

سەبارەت بە ئامادەكارییەكانیش لەڕوی پزیشكییەوە بۆ روبەڕوبونەوەی پەتاكە هێمن قادر وتویەتی"له‌ شاری هه‌ولێر دو سەنتەری گەورە دەکرێنەوە کە یەکێکیان نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتە و ئەوەی تریش لە ڕۆژئاوای هەولێرە، ئەگەر هاتو حاڵەتی نەخۆشییەکە زۆر بو لەوێ پێشوازیان لێدەکرێت."

وتوشیەتی"هەروەها ئەو کەسانەی هەڵگری نیشانەکانی پەتای کۆلێران، لە هەمان کاتدا بۆ دەوروبەری هەولێریش لە بنکەکانی تەندروستی داوا کراوە بە پێی پێویست یارمەتیان دەدەین لە دابینکردنی پێداویستییەکان، بۆ نمونە (موغەزی)، چونکە نەخۆش لەو کاتەدا توشی وشکی دەبێت بەهۆی (سکچون و ڕشانەوە)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕاسپێردراوە ئەو پێداویستییانە ئامادە بکات و ئەگەر هەر کەموکوڕییەکی هەبێ داوا لە پارێزگا بکا بۆ ئەوەی بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت لە هەمو بوارەکان وەک پێداویستی پزیشکی، بۆیە پێمان باشە لە هەمو قەزاو ناحیەکان و لە کۆمەڵگه‌کان نەخۆش لە شوێنی خۆی چارەسەر بکرێت و ئەوەی پێویستە لە ئاو و داودەرمانی تەواوی پێ بدرێت."

لەبارەی دوایین ئامارەكانی پشكنین و توشبوانی كۆلێراش، جێگری پارێزگاری هەولێر وتویەتی"نزیکەی ٥٠ حاڵەتی پشکنین تا ئێستا هەبوە، بەڵام ئەوانەی پشتڕاست کراونه‌تەوە کە توشی کۆلێرا بون تەنیا ٤ کەسن کە هەردو نیشانەی سکچون و ڕشانەوەیان بە یەکەوە هەبوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێستا پشکنینەکان بەردەوامن لەوانەیە ئەو ڕێژەیە بەرز ببێتەوە یان هەروەک خۆی بمێنێتەوە، تا لە تاقیگە پشتڕاست نەکرێتەوە ناتوانین بڵێین ئەوە نه‌خۆشی کۆلێرایە، چونکە تێکەڵاوییەک هەیە لەنێو حاڵەتەکاندا هەندێک کات بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا یان تێکەڵاوی لەگەڵ کەسانی تر توشی سکچون یان ڕشانەوە دەبن مەرج نییە ئەوانە توشبوی کۆلێرا بن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×