دەربارەی ڕۆمانی نیشتمانی سارا
  2022-07-11       427       

 ئاسۆ بیاره‌یی

١

دەبێت شەرم لە باو و باپیرانی خۆمان بکەین، داوای لێبوردن لە جووەکانی کوردستان بکەین، بۆ؟

کە دەستم بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە (نیشتمانی سارا) نایابە کرد، زوو ویستم بگەمە کۆتایییەکەی، هەرچەندە سەرەتا و کۆتایییەکەی بە ستەم دژی جوو و کورد دەست پێ دەکات، ستەمێک کە جووەکان لە دێر زەمانەوە پێ وەی دەناڵێنن و فرە جاریش کورد ئەوە ستەمەی لەلایەن داگیرکەرانەوە بەرکەوتووە و تا ئیرۆش بەردەوامی هەیە، ستەمێک بەداخەوە کورد تێیدا بەشدارە و هەستیشی پێ نەکردووە و ئەزموونیشی لێ وەرناگرێت، بگرە خۆی چەکێکی ژەهراوی ئەو ستەمەیە. سەرانی وەک سەڵاحەدینی ئەیووبی و شێخ و کۆلاکەکان و پاشایەکی لۆکاڵی سەر بە تورکیای وەک شێخ مەحموودی حەفید، ئامرازێکی لەناوی بردنی دۆزی کورد و سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان بوون و...

لە ڕووی مێژوویییەوە، ئەم ڕۆمانە نایابترین وێنای کۆمەڵگەی کردووە و توانیویەتی زیرەکانە بە تێر و تەسەلی باسی کۆمەڵگەی کورد و بەتایبەتی شاری سلێمانی و دۆخی ژیانی هەمەلایەنەی نەک تەنیا جووەکان، بگرە کورد و کەمە نەتەوەکانی دیکەش پێناسەیەکی تەواوی ئاستی هۆشیار و گەشەکردنەکان بخاتە ڕوو.

ئەم ڕۆمانە، سەرباری ستەمی خوێناوی و پاکتاوی نەژادی جووەکان لە لایەن ئیسلامی سیاسی ئیخوانییەوە، جا ئیدی عەرەبی بووبێت یان تۆرانی، بەڵام بوێرانە دەستی خستووەتە سەر برینەکان کە بۆ چی و چۆن جووەکانیان لە نیشتمانی خۆیان (کوردستان) بێ بەری کردووە، چۆن کوردیش بەشدارێکی کارا بووە لەو ستەمە. نووسەر ئەوەی سەلماندووە کە کورد بۆ چی نەبووەتە خاوەنی نیشتمانێکی سەربەخۆ، چۆن بووەتە دار دەستی ئیسلام و بە پان تورکیزمی عوسمانیی فریوی داوە، چۆن شێخ مەحموود لە پێناوی بەهەشتی عەرەب و تورک سەری کوردستانیش خواردووە و جووەکانی کوردستانیش تووشی گەورەترین لە ناوبردن کردووە.

ڕەفتاری سەربازی تورک و کوردە موالییەکانی عوسمانلی دەر حەق بە جووەکانی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٠٨ وە:

* ل ١٦ باوکم بەردەوام دەیگوت، خوێندن بە زمانی تورکی، زیانی تەنیا بۆ منداڵانی ئێمەی جوو نییە، بگرە بۆ منداڵانی کوردە موالییەکانیش زۆر زەرەرە، تورک بەو جۆرە زمان و کولتووری ئێمە دەسڕێتەوە..

* ل٢٥- ٢٦ کاتێک لە قەراتی هەولێر ئاشکرا بووین، کە جووین ئاوا مامەڵەمان لەگەڵ کرا: ئەدی پێمان نەگوتن ئەو ڕۆژە لە ماری خۆتان نەێنە دەرێ (مەبەست ڕۆژی مەولوودی پێغەمبەرە)، فرەیەکمان دار کاری کراین...

* ل ٣٤ بە موسڵمان بوونمان هەموو بێ ڕەوشتی و ناشیرینەکانمان چاوپۆشی دەکرێن

* ل ٤٠ شێخوڵاکان زۆر لە ئێمە خەڵکی ئاسایی جیاوازترن، خودا ئەوانی بە تایبەتی خولقاندووە و تەنیا گون و هەوسی پێ داون، کێرەکەی بۆ ئەو دونیا هەڵگرتوون

* ل ٤٠ حەسەن لە ترسی خودا بۆ لای تورکەکان گەڕاوەتەوە

* ل ٥٠ مەلاکان چاو ساغ و دار دەستی تورکەکان بوون، ماڵ بە ماڵ لەگەڵیان دەگەڕان، ئەو کەسانەی دەگیران ڕەوانەی سەربازگەکانی مووسڵ و کەرکووک دەکران، ئەو ماڵانەی دوو ژەم خواردنیان هەبووایە، ژەمێکیان تاڵان دەکرد..

٢

ئایین ئەو چەکە ڕۆحییەیە کە ڕیشەی بۆ وردترین مولولەی مرۆڤ دەکێشێت و ئەندێشەکانی بیرکردنی ئینسان لە سنوورێکی گۆشەگیردا داگیر دەکات، بەرگرییەکی خۆسەری تێدا دروست دەکات و دەیکاتە سەحابەیەکی سابیر و بەردەوام ئامادەی جیهادە. ئیدی بۆ سەیرە سەدان داعشی مرۆڤکوژ بەرهەم دەهێنرێت..

نووسەر ئەو تابلۆ خوێناوییەی سەرەوە بە جوانتری شێواز لەم ڕۆمانە نایابەدا وێنا دەکات:

* ل ٥٦ مەلاکان چاو ساغ و دار دەستی تورکەکان بوون، ماڵ بە ماڵ لەگەڵیاندا دەگەڕان... گەلێک جار مامە سلێمانم بە من و یاقوبی کوڕی دەیگوت، خۆتان لە چاوی مەلا و شێخەکان بپارێزن... زۆربەی خەڵکی شار و لادێی کوردستان خۆیان لە لەشکری شێخ مەحمووددا ناونووس کردبوو... چەند ڕۆژێک سەرباری پەتای تاعوون، مەلاکان خەڵکیان بۆ غەزا هان دەدا...

* ل١٢١-١٢٢ کاتێک گەیشتینە بەر دەرگای شێخ (نووسەر مەبەستی شێخ مەحموودە)، یەکێک لە دەر گاوانەکان لێی پرسین ئێوە جوولەکەن؟ بەڵێ! یەکێک لە پاسەوانەکان هاتە بەردەممان و یەکێکی تریان خێرا ڕووی لوولەی تفەنگەکەی تێ کردین، کابرایەکی سمێڵ ڕەشی باڵا بەرز پێی وتین: ئەمری جەنابی شێخ حەسەن ئێوەی جوو ڕووی ئەم مەجلیسەتان نییە...

* ڵ ٢٠٩ ساڵی ١٩٥١ بە فەرمانی وەزارەتی ئەوقاف، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە، کەنێسەتەکان داخراون و دوای سێ ساڵ زۆربەیان کرانە مزگەوت و مجێوەریان بۆ دەستنیشان کرد، تەنانەت ناوەکانیشیان گۆڕا. کە نیسەکەی گەرەکی جوولەکان ناو نرا مزگەوتی شێخ عەباس..

میتۆدی پاکتاوی نەژادی جووەکانی باشووری کوردستان (بڕوانە ل ١٩١-٢٠٩)، هەمان نەخشە پیلانی هۆلۆکۆست لە ئەڵمانیا و پۆڵەندە، ئەردۆغانی تۆرانیش کە شاری عەفرینی داگیر کرد، یەکەم هەنگاو سڕینەوەی فەرهەنگی کوردی بوو و بە گۆڕینی سیمانی نیشتمانی کورد لە ماوەیەکی کورتدا دەست پێ کرد. ئەوە با ڕژێمی عەروبەی عێراق و سووریا بوەستن کە ناوی زۆربەی ناوچە و شارەکانی کوردستان گوڕی، بۆ نموو کەرکووک تەئمیم و کۆبانێ بە ڕأس العین. ئیخوانەکانی باشووری کوردستانیش کە کۆپییەکی ئاکەپەی تۆرانین، هەمان شێوازی ئەردۆغانیان بۆ سڕینەوەی فەرهەنگی کوردی لە باشوور ئەمڕۆ دەست پێکردووە، کەوتوونەتە وێزەی زمانی کوردی و ناونانی عەرەبی و تورکی لە منداڵانی کوردستان.

نووسەر ڕاست دەکات، نەدەبوو شێخ و مەلاکان، بەتایبەتی شێخ مەحموود بۆ مسۆگەرکردنی بەهەشتی تورک و عەرەب دژی نەتەوەکەی خۆی بێ و بەرامبەر چەوسانەوەی جووەکانی هەڵوێستی نەبێت، بەڵکوو شوێنکەوتووانی بخاتە خزمەتی دەوڵەتێکی ستەمکاری وەک تورک و دواتریش دژایەتی جووەکانی کوردستان، کە پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵگەی کوردی بوون.

بەداخەوە ئەگەر کەمێک میلی دەمژمێری دیرۆکی عێراق بۆ دواوە بسووڕێنین، دەبینین شۆڤێنییە عەرەبەکان و بە تایبەتی حیزبی بەعس لە عێراق هەمان ستەمی لە کوردی فەیلی کرد، دواتر پرۆسەی پاکتاوی نەژادی لە هەڵمەتەکانی ئەنفالدا ساڵی ١٩٨٨ و بەرزانی و دواتر هەمان شوێنکەوتووانی ئایین، سەدان مرۆڤی بێ تاوانیان لە شنگال لە ناو برد و ئافرەتەکانیان لە بازاڕی سەبا فرۆشتن، (بڕوانە ل ١٩١، میشێل عەفلەق: کوردەکانی سووریا و عێراق کۆسپێکی گەورەن لەبەردەم یەکێتی نیشتمانی عەرەبی)...

ڕۆمانی نیشتمانی سارا، بۆ خۆی گەنجینەیەکی بەنرخە، لێوان لێوە لە بەڵگەی مێژوویی و سەلماندنی پێکهاتە ڕەسەنەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری نیشتمان، لە هاووڵاتی جوو، کورد، گاور و ئەرمەنی.

٣

من وەک کوردێک قێز لەو کوردە ناسیۆنالیستانە دەکەمەوە کە لەتەک عەرەبەکان، تاوانی پاکتاوی نەژادی جووەکانیان لە باشووری کوردستان ئەنجام داوە، بە تایبەتی لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر، ئەوە مێژوویەکی ڕەشە بە ئاسانی سپی ناکرێتەوە، ئێ ناکرێت مرۆڤ خۆی دیل بێ و دیلیش لە ناوبەرێت...

جوو و کورد یەک خاڵی هاوبەشی گرنگیان هەیە، هەردووکیان دووچاری پاکتاوی نەژادی و قڕان بوونەتەوە، جیاوازییەک گەورەی نێوان جوو و کورد ئەوسە، کورد خۆی بەشدارە لە ئەنفالی خۆ، بوونی پتر لە ٤٠٠ هەزار جاش و ٣٠٠ هەزار بەعسی و نەبوونی هیچ پرۆسەیەکی دادگایی بۆ تاوانباران، گەورەترین خاڵی لاوازی نەتەوەی کوردە. جووەکان تاکوو ئەمڕۆ لە هەر کونجێکی دونیا تاوانبارێکی ئەڵمانیا هەبێت، یان نازی دەستی خوێناوی بێ بە کوشتنی جووەکان، بێ سزا وازی لێ ناهێنن...

ڕەنگە هەندێک کوردی نەتەوەیی، یان لایەنگری حیزبەکان، نووسەری ئەم ڕۆمانە بەوە تاوانبارەکەن کە کورد ناشیرین دەکات. بەڵام مێژوو ون نابێت و دەبێت ڕووە تاڵییەکانیش بخرێتە ڕوو، ئەوەش بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەیان:

* ل ٢١٦ -٢١٧ ڕەفیق شاباز بەردەوام باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن جووەکان ستەم لە فەلەستینییەکان لە شاری حەیفا دەکەن. ئەو شابازە سمێڵێکی هیتلەریانەی دانابوو..ئەو ناسیۆنالیستانە بە توندی دژی شیوعییەکانیش دەجووڵانەوە..

ل ٢٣٣-٢٣٥ ئەو هەموو گەڕەکە جووانەی شارەکانی کوردستان وێران و تاڵانکران، خوانەکا نووسەرێک یان ڕۆشنبیرێک هەڵوێستی هەبێت. ڕۆژنامەیەکی وەک ژین، هۆنراوەی دڵداری گۆران و ئەحمەد هەردی بڵاو کردەوە...

* ل ١٧٢ لە بەینی بازیان و دێ لێژەدا جەردە، هاتبوونە سەر ڕێگای یەعقووب کە ئامۆزای باپیرە خایم بوو، ڕووتیان کردبووە و دوای کوشتنێکی دڵڕەقانە کەلوپەل و پارەکەیان بردبووە...

نووسەر بوێرانە دەیان تاوانی کوردی (بە تایبەتی چەتەی هەمەوەندی) خستووەتە ڕوو، کە جووەکان چەند خوێن ساردانە لەلایەن کوردە موسڵمانەکانەوە کوژراون...

* ل ٣١٣ کاربەدەستانی میری دەشیانویست خەڵکی شار بەدەستی خۆیان ئاسەواری جووەکان لەسەر نەخشەی شارەکانییان بسڕێنەوە... پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە هەموو گۆڕێک جوو زێڕ و زیوی تیایە... خەڵکی شاری سلێمانی وەک هی شارەکانی دی بە پاچ و خاکەنازەوە دەهاتن یەک یەک گۆڕەکانیان هەڵدەدایەوە... ئەم دێرۆکە ڕەشە، بۆردوومانی گۆڕستانی گەریلاکانی یەپەگەی بیر خستمەوە کە چۆن فڕۆکەی ئێف ١٦ تورکی ناتۆ، بۆمبی بەسەردا دە باران، بەتایبەتی لە شارەکانی گرێ سپی و عەفرین و بگرە قەندیلیش... ئەوە بەجێ گەیاندنی پرۆژەی بەغدای ساڵی ١٩٥٢ بوو پاکتاوی نەژادی جوو لە کوردستان عێراق) بڕوانە هەمان ل

سووکایەتی و ئەتککردنی جوو لە عێراق، بە تایبەتی لە بەشە عەرەبییەکەی عێراق گەیشتبووە ئەوپەڕی دڕندەیی، بڕوانە (ل ٣٢٦-٣٢٧)..ئەو ڕۆژە یووسف حەمۆ خۆی لە ماڵ نابێت، عەرەبە دژە زایۆنیستەکان سەری سوهام حەمدانی ژنی دەتاشن و مەمکی دەبڕن و بە درەختی حەوشەکەیانەوە هەڵی دەواسن... هەمان ڕەفتاری تۆرانییەکان دەر حەق بە کچە زیندانییەکان وەک ساکینە و سەدان زیندانی دی...

من دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، پتر ئەو ڕاستییەم لا بەهێزتر دەبێت، کە ئایینی عەرەب، پتر ١٤٠٠ ساڵە، کاریگەرترین چەکی کوشندەی ئینسانەکانە، خودی عەرەب لە مێژە بۆ تەعریب کردن و تاڵانکردنی گەلانی دی بەکاری هێناوە، تۆرانییەکان لەو باشتر، فارسیش پانشیعیزمی لێ دروست کردووە. گەیشتوومە ئەو باوەڕەی عێراق برینێکە دەبێت، لە ڕیشەوە ڕەگەکانی هەڵبکەنرێن و پارچەپارچە بکرێت... ئایینی عەرەب گەورەتین زەبری لە ئاشتەوایی نێوان گەلانی ناوچە داوە...

٤

لەو جۆرە ڕۆمانانەدا، وەکی ئەمەی نیشتمانی سارا، (خەوی پساوەی قەندیل و گوڵ ئەستێرەکان کوژانەوە)ی کەریم کاکەی قەراتی هەولێرێ، (کوڕەزاکەی زیتۆ)ی حەمەفەریق حەسەن، بیرەوەرییەکانی عاسی ئەحمەد، (خەون لەسەر زەمینی شێرە پەڕۆکان)ی سەبا ئەحمەد لە هەڵەبجە، ڕۆمانەکانی شێرزاد حەسەن، (تەونی جاڵجاڵۆکە)ی شاد ڕەوان حەکیمی کاکە وەیس لە کەرکووک..هتد دیرۆکی نیشتمانێکی چەند پارچە دەبینیم کە بەداخەوە هێندە کەرتبووگە، ئەو لەت بوونە دەروونی تاک و پێکهاتەکانیش چەند قاژکردوە، گشتێکیان تێدا بەدی ناکەم بۆی یەکبوونی نیشتمان و ئاشتەوایی گشتی بدا، پێکەوە لکاندن ساڕێژکردنەوەی ئەو سەر بردە و دیاردە تاڵانە سانا نییە.

* ل ٢٠١٩ هەورامییەکان فریای جووەکان کەوتن: کۆمەڵێک هەورامی بوونە ڕزگارکەری گەڕەکی جووەکان کە ناسیۆنالیستەکان دەیانویست هێرش بکەنە سەر جووەکان و کنێسەتەکەیان تێک بدەن.. (ئەرێ لالۆ گیان ئێوە چ کارەن و لە کوێوە تەشریفتان هێناوە، چۆن بە فریادڕەسی ئێمەی زەبوونەوە هاتن؟ ئێمە سۆفی خوداوەندین لە هەورامانەوە وە دەنگی نزاکانی ئێوەوە هاتگین...) بڕوانە هەمان لاپەڕە!

نیشتمانێک هێندە خوێنی لێ بتکێ، هێندەش پێکهاتەکانی ناکۆک و دژە یەکبن، ئەزموون وەرنەگرن، بێ گومان دەیان جاریش دیکەش تووشی نەهامەتی و نشستی دەبێت. ئاخۆ وێنە خوێناوییەکانی ئەو نیشتمانە، ئەو نیشتمانەی سارا و کە زێدی من و هەزاران کورد و پێکهاتەکانی دیکەیە، تاکەی وادەبێ؟

لە نیشتمانەکەی سارا، شەڕە بەردی گەڕەکەکان ناو شاری سلێمانیم بیر دەکەوێتەوە، بدەلێیت سبەینێیەکی نزیکە، لە بەرچاومە لەگەڵ کوڕانی گەڕەک، بەرەیەکی شەڕە بەردمان دژی گەڕەکی کانێسکان و مەجید بەگ فرە جار بەرپا دەکرد، جاری وا هەبوو، گڵۆپی سەر جادە و پەنجەرەی ماڵان و باڵندەکانیش لە ڕەفتاری شەڕخوازی ئێمە ڕزگاری نەدەبوو.

بەڵێ ڕەفتاری شەڕخوازی و زۆران و کین هەڵگرتن و گەلەکۆمە! نووسەری ڕۆمانی سارا هەموو ئەو تابلۆیانە بە جوانی بۆ خوێنەر کێشاوە و ناسینەوەیانی ئاسان کردووە. من پەنجە لەسەر ڕەفتاری جەنگەران (شەڕانگێزی بە هەورامی) ئەو پێکهاتانە کۆمەڵگە و تاکەکانیان دادەنێم و هەڵوێستە دەکەم، دەپرسم بۆ چی هێندە ڕیشەکانی لە هەستی تاکەکاندا ڕۆچووە، مەبەست لە پێکهاتەکانی عێراقە؟ هاندەرەکان چین؟ ئایا هۆکاری سەرەکییان ئابوورییە، یان دەستتێوەردانی سیاسییە؟ ئەوەش یێ ئەدی ڕۆڵی تاکی چەس؟

لەم ڕۆمانەدا، هەست دەکەم نووسەر پێگەی هەمەلایەنی جووەکانی لە باشووری کوردستان، بەتەواوەتی شی نەکردووەتەوە، ڕاستە گەڕەک و بازاڕ و پیشەیان دیارە، بەڵام ئەگەر جوو ئایین بێ، بۆ چی بۆ نموونە وەک ئێزدییەکان یان کاکەیییەکان ئاوێتەی کۆمەڵگەی کوردی نەبوون؟

نووسەری ئەوەی ڕوون نەکردووەتەوە کە چۆن بزووتنەوەی زایۆنیزم زیانی بە جووەکانی دونیا گەیاندووە، ئایا ئەوە تەگبیرە نەخشەی زلهێزەکان بووگە کە جووەکانی هەموو دونیا لە فەلەستین کۆ بکەنەوە؟ یان تەنیا دژایەتی موسڵمان و عەرەبی ناسیۆنالیست و عوسمانییەکان بووە؟

دەبارە دەستخۆشی لە نووسەر دەکەم و هیوادارم هێندەی دی خامە بەپیت و خەرمان بێ!

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×