پڕۆژەی ئەردۆغان: تێکشکاندنی کورد لەهەمو شوێنێک  
  2022-07-23       3081       

ئا: ئاوێنە

 

تورکیا بۆنەیەک، روداوێک، شوێنێک نییە کە نەیقۆزێتەوەو بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کورد بەکاری نەهێنێت، ئەردۆغان خوازیارە لەڕێگەی لەشکرکێشی‌و تێکشکاندنی کوردەوە، وەک "قارەمانی نەتەوەیی تورکیا" دەربکەوێت.

 

ئەم رۆژانە تورکیا بەهەمو هێزو توانای سەربازی‌و سیاسی‌و ئابوری‌و دیبلۆماسییەوە کار لەسەر تێکشکاندنی کورد لەهەمو بەرەیەک‌و‌ لەهەمو شوێنێکی کوردستان‌و جیهاندا دەکات.

 

تورکیا دەستەودامێنی هەمو هێزە گەورەو بچوکەکانی رۆژئاواو رۆژهەڵات دەبێ بۆ ئەوەی لەدژایەتی‌و تێکشکاندنی کوردا هاوکارو پشتیوانی بن.

 

جەنگی ئۆکرانیا رودەدات، تورکیا هەوڵدەدات لەڕیگەی دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی روسیاوە، کار لەسەر تێکشکاندنی رۆژئاوای کوردستان‌و دەست واڵاکردنی بۆ هێرشکردنە سەر باکوری سوریا بکات. دوای ئەوەی لوتكەی ناتۆ لەمەدرید رێگەی ئەوەی بەتورکیا نەدا خوازیاری بو، كه بەهیوا بو ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی توركیا لەباكوری سوریا بنوێنێ‌و دامەزراندنی "ناوچەیەکی ئارام" بۆ پەنابەرانی سوری پەسەند بکات، ئەردۆغان بەئەندازەیەک بێزارو توڕە بو کە لەلوتکەی تاراندا وەک بەشێک لەهاوکێشەی میحوەری دژ بەئەمەریکاو رۆژئاوایی روسیا و ئێران دەرکەوت، تا تیشکی سەوزی ئەو دو وڵاتە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر باکوری سوریا بەدەستبهێنێت، بەڵام لەتارانیش بەدەستبەتاڵی گەڕایەوە ئەنقەرەو پشتیوانی تاران‌و مۆسکۆی مسۆگەر نەکرد.

 

هەرچەندە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەتاران، ئەردۆگان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی‌ ئێرانییەکان، باسی پژاک-ی ورژاندو "پژاک"و پەکەکەو پەیەدەو یەپەگەی خستە خانەی "تیرۆر"ەوەو وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی‌و یەکپارچەیی خاکی هەردو وڵات ناویبردن.

 

ئەردۆغان سەرباری ئەو هەمو ناڕيزاییانەش، هێشتا سورە لەسەر هەڕەشەکانی‌و دەڵێت "هیچ هێزێک رامان ناگرێت لەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ چونە مەنبەج‌و تەل رەفعەت‌و ناوچەکانی دیکەش ئەنجام بدەین‌و (پاکیان) بکەینەوە لەشەڕڤانانی کورد"!

 

ئەمە لەکاتێکدایە لەوەتەی پارتی یه‌کێتی دێموکرات )پەیەدە) له‌ساڵی 2014ەوە ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری لەرۆژئاوای کوردستان دامەزراندوە، "کانتۆن‌"ەکانی بە بەردەوامی لەژێر فشارو لەشکرکێشی‌و هەڕەشەی سوپای تورکیادان.

 

سویدو فینلاند، لەوپەڕی باکوری ئەوروپا لەترسی لەشکرکێشییەکانی پوتین بۆ سەر ئۆکرانیا، دەیانەوێ ببنە ئەندامی ناتۆ، تورکیاو ئەردۆغان ئەم خواستە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی کوردی تیا بکەن بەئامانج‌و روبەری ئازادی‌و چالاکی کورد لەو دو وڵاتەدا سنوردار بکەن.

 

تورکیا بەو مەرجە رەزامەندی لەسەر بون بەئەندام بونیان دەنوێنێت کە ئەو دو وڵاتە هاوکاری ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی پەیەدەو یەپەگە لەرۆژئاوای کوردستان نەکەن‌، هاوکات هەر کوردێک لەو دو ولاتەدا هاوکاری پەکەکەی کردو تورکیا داوای کرد رادەست بکرێت یان دیپۆرت بکرێتەوە.

 

لەباکوری کوردستان، جگە لەوەی دیارترین سەرکردەکانی کورد خراونەتە زیندانەوە، ئەردۆغان پارتی دیموکراتی گەلانی کورد (هەدەپە)ی کردوەتە ئامانج‌و دەیەوێ چالاکییەکانی لەڕێگەی دادگاوە قەدەغە بکات، لەبەرئەوەی رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لەداڕشتنی هاوسەنگییە ناوخۆییەکان‌و دیاریکردنی ئاراستەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتی تورکیادا.

 

هەدەپە تا ئێستا توشی هەراسانکردن‌و دەستگیرکردنی سەرکردەکانی، سەرۆک شارەوانیەکان، میدیاکاران‌و لایەنگرانی بوەتەوە، وا چاوەڕوان دەکرێ بەتۆمەتی پشتیوانیکردن لە"تیرۆر"، فشارەکان لەسەری لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کە لەحوزەیرانی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێ زیاتر بن.

 

لەباشور وەک بەشێک لەچاودێران دەڵێن "تورکیا بوە بەکەڵەگا"، رۆژ نییە، درۆنەکانی، فڕۆکەکانی، تٶپخانەکانی هاولاتیان‌ نەکەنە ئامانج‌و بەهۆی ئەم لەشکرکێشیانەوە گیان لەدەست نەدەن. تورکیا لەڕوی ئابورییەوە دەستی گرتوە بەسەر نەوت‌و چاوی لەسەر غازەکەشیەتی‌و هەرێمیشی کردوە بەپاشکۆی ئابوری خۆی‌و بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی، ئەمە جگە لەوەی دەیان بنکەی سەربازی‌و هەوالگری لەهەرێمدا دامەزراندوە.

 

لەپڕۆژەی تورکیادا هەمو کوردێک بەوانەشەوە کە خزمەتیان دەکەن دەبێت تێکبشکێنرێن، لەبنەڕەتدا رقی ئەستوری تورکیا بەرامبەر بەپەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پەکەکە لەساتەوەختێکی میژویی هەستیاردا سەریهەڵداو رێگری لەم تێکشکاندنەو بەدیهێنانی خەونە شۆڤێنییەی دەسەڵاتدارانی تورک گرت‌و کوردی لەناو تورکیادا لەلێواری مردن گەڕاندەوە.

 

ئێستا لەگەڵ ئەم ململانێ مێژویی‌و شەڕە دێرینەدا کە دەیان ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە بەرامبەر بەکورد دەکرێت، ئەردۆغان گرنگی بەهیچ پرسێک نادات هێندەی گرنگیدانی بە بەردەوامبونی سەرۆکایەتییەکەی، ئەو بەر لەهەر شتێک چاوی لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە کە لەبەهاری داهاتودا ئەنجام دەدرێت، لەو پێناوەدا ئەردۆغان پێویستی بەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەیە لەدژی کورد بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک "پاڵەوانێکی نەتەوەیی"، بەتایبەتی کە راپرسییەکان دەریدەخەن هەلبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتو لەبەرژەوەندی ئەو نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×