خۆزگە کوردەکان تورک بونایە!
  2022-07-27       2057       

 ئێرۆل کاتیریسیئۆغڵو

وەرگێڕانی: ئاوێنە

 

نزیكەی 20 ملیۆن كورد لەوڵاتی "تورکیا"دا هەن‌و ئێمە تا ئێستاش وەك ئەوەی بوونیان نەبێت هەڵسوكەوت دەكەین. شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ تەوالێتی لەپارکی ئەنادۆڵ لەئۆکمەیدان دروستکردوەو تابلۆی ئاگادارکردنەوەی بەزمانەکانی وەک تورکی، چینی، ئیسپانی‌و سویدی داناوە بۆ جیاکردنەوەی شوێنی پیاوان‌و ژنان. بەڵام زمانی کوردی لەنێو ئەو زمانانەدا نییە.

 

حکومەت سەرەڕای هەموو ڕەخنەکانمان بەردەوامە لەهاوشێوەی ئەم کارانە. ڕیکلامەکان بەزمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و عەرەبی بڵاودەکرێنەوە، بەڵام زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس بەگونجاو نازانن ریکلام بەزمانی کوردی دەربکەن، هەرچەندە بە کوردی دەدوێن.

 

دەزانی بۆ؟

 

چونکە دەوڵەتی ئێمە دەیەوێت کورد وەک تورک بوونی هەبێت نەک وەک کورد. دەپرسن بۆ؟ چونکە ئەمە وڵاتی تورکەکانە. دەوڵەت تا ڕادەیەک وەک ئەوە وایە بڵێت؛ بەسە، بەسە کوردی، ئەرمەن، عەرەب، هەمویان لەبیر بکە! سەیرکە، وڵاتێکی جوانتان پێشکەش دەکەین. تورکیا! ئەمە وڵاتی تورکەکانە. "خۆشبەختە ئەو کەسەی کە دەڵێت من تورکم!" بڵێ تورک بە! کۆتایی بەم باسانە بێنە!

 

بەڵام زۆربەی کات مرۆڤەکان ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان هەڵنابژێرن. کاتێک مرۆڤ لەدایک و باوکی کورد لەدایک دەبێت، دەبێتە کورد. بۆ شوناسەکانی تریش هەمان شت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەتایبەت کە ئەو سیستەمە بەهایەی کە ئێمە تێیدا دەژین، کە دەوڵەت-نەتەوە دیاری دەکرێت، لەگەڵ جیهانگیریدا بێکاریگەر دەبێت، مرۆڤەکان پێیانباشە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بن کە پێیانوایە نزیکترینن لەشوناس‌و زمان‌و ئایینەکەیانەوە. جۆرێک لەناسنامە کۆیاندەکاتەوە، لەوانەیە لەئەنجامی غەریزەی مانەوە لەجیهانێکی پڕ لەمەترسیدا بێت.

 

بەپێی ماددەی 10ی دەستوورەکەمان هەمومان "هاوڵاتی" ئەم وڵاتەین لەبەردەم یاسا! بەڵام ئەم گوتارەو پێشکەوتین چۆن بەیەکەوە رەوت دەکەن؟ بە تایبەت ئەگەر شوناسی باڵادەستی مێژوویی لەوڵاتێکدا بە بەکارهێنانی ئەم وتەیە فشاری خستبێتە سەر شوناسەکانی تر؟

 

بە واتایەکی تر مادەی ١٠ی دەستورەکەمان قسەیەکی بێمانایە. هیوادارم ڕاستیەکان بڵێن. بەڵام بەو شێوەیە نا. وەک وتم نیشانەی نەبونیانە.

 

هەر لە سەرەتای بابەتەکەدا خەڵک تێدەگەن کاتێک ئەو هەواڵانە دەخوێننەوە کە لەم ڕۆژانەدا لەمیدیاکاندا بوو. لەتورکیا تەنیا تورک یەکسانن. هەندێکی تریش پێگەیەکی یەکسانیان لەگەڵ تورکدا نییە، مەگەر بەخۆیان بڵێن تورک.

 

کورد ئەم ڕاستییە دەزانێت. وە ئەگەر تەنها بزانیت چۆن دەزانن. ئەوان لەشادەمارەکانی خۆیانەوە دەزانن کە کورد بوون لەم وڵاتەدا شتێکە کە دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک چارەی ناوێت.

 

پێتوایە ستەمکاری دانانی ئەمیندار لەجیاتی سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراو نابینن، کەواتە هەدەپە چی بەسەر دێت؟

 

هەروەها منیش وازم لە کوردبوونی خۆم هێنا. ئەوە ڕاستییەکە، کەسێکی خەڵکی ترابزۆن کە لەئەستەنبوڵ لەدایکبووە، دەڵێت "چاوەڕێ بن ئەوەی بەسەر کورددا هاتووە راست‌و دروست نییە، ئەگەر بتەوێت ئەم وڵاتە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە بێت، کێشەکە ئەوەیە کە دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت"، دەتوانرێت پرسی کورد پەراوێز بخرێت. لەڕاستیدا من ٧-٨ ساڵ لەمەوبەر ئەم کارەم کرد، دوای ئەو شەوەی لە بەرنامەکەی ئەحمەد هاکان باسی پشتگیری هەدەپەو چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کوردم کرد، کاتێک کەسێک لەهەمان کەناڵەوە قسەی بۆ کردم‌و وتی: "ئاوی تۆیان خستۆتە لیستی ڕەشەوە، جارێکی تر لەم کەناڵانەوە دەرناکەویتەوە". تێگەیشتم. بێگومان لەو کاتەوە نزیکەی هەموو هەفتەیەک بانگهێشتی کەناڵەکان کراوم و چیتر ناتوانم لەهیچ کەناڵێکدا دەربکەوم، بەڕاستی وابوە، لەو کاتەوە بۆ هیچ کەناڵێک بانگهێشت نەکراوم.

 

"ژوری باوەڕپێهێنانیان دامەزراند!" ئەوانەی لەڕێگەی چیرۆکی ستەمکلێکردنەوە هاتنە سەر دەسەڵات، ناتوانن هیچ هاوسۆزییەک نیشان بدەن کاتێک باس لە کورد دەکرێت. به‌رده‌وام به‌ده‌نگی "تیرۆر" سێبه‌ری خۆیان به‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی كورددا دەدەن‌و ئه‌و تێڕوانینه‌ دەخولقێنن كه‌ ئه‌و ستەم کردنە لەکورد بونی نییه‌.

 

حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بەڕای ئێوە چی دەکەن، لەکاتێکدا کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان وا دەکەن؟

 

لە ڕاستیدا، ئەوانیش مەیلی لەبیرکردنی کوردو زمانی کوردییان هەیە. زمانی کوردی لادەبەن لەسەر ئەو تابلۆیانەی کە هۆشدارییان تێدایە بۆ جیاکردنەوەی شوشتنی نێرو مێ لەپارکەکاندا، لەگوتاری سیاسی خۆشیاندا بایەخی پێنادەن.

 

بەڵام سەرباری ئەوەش، ناتوانین دیموکراسی لەم وڵاتەدا ببینین بەبێ گەڕاندنەوەی کەرامەتی شکاوی گەلی کوردو پۆزش هێنانەوەو داوای لێبوردن لەسەر ئەوەی بەرامبەریان کراوە.

 

پێت وایە من هەڵەم؟

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×