شه‌ممه‌, 17 ی ئایار , 2025
"رۆژی 7ی ئەم مانگە دادگای فیدرالی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بڕیار دەدات"
  2022-09-01       588       

پارێزەرى سکاڵایەکى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریداوە 15 سکاڵاى تایبەت بەو پرسە بکات بە یەک پاکێج و سێ رۆژى هەفتەى داهاتو وردبینى بۆ دۆسێکان دەکات. دەشڵێت، رۆژی 7ى ئەیلولیش دوابڕیار لەو بارەوە دەدات.

 ئاوێنە: دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا 7ى ئەیلول دوابڕیار لەبارەى ئەو سکاڵایانەوە بدات کە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق پێشکێشى کراون. باسی لەوەش دەکات کە لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى دادگەکەدا نوێنەرى یاسایی سەرۆکى پەرلەمان ئامادە بو و، بە تەلەفۆنیش لەگەڵ نوێنەرانى یاسایی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران قسە کرا. 

 عەلى مەولا، پارێزەرى سکاڵایەکى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق کە ئامادەى دانیشتنى دادگەکە بو، بە روداوی وت "لە کۆبونەوەى ئەمڕۆدا نوێنەرى یاسایی سەرۆکى پەرلەمان ئامادە بو، بەڵام لە رێگەى تەلەفۆنەوە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانى یاسایی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران کرا. بڕیاردرا 15 سکاڵاى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەکبخرێن کە نزیکن لە یەکەوە. سکاڵاکەى ئێمە و نەسار روبەیعى، ئەمیندارى گشتیى رەوتى سەدریش یەکخران".

عەلى مەولا، پارێزەری ئەو سکاڵایەیە کە لە مانگى ئایارى رابردودا هادى سەلامى، پەرلەمانتارى سەربەخۆى عێراق لە دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق تۆماریکردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.

 ئەو پارێزەرە ئاماژەى بەوەدا کە کارکردنى دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى سکاڵاکانى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان ناوەستێت و رۆژانى 4،5،6ى ئەیلول وردبینی لە دۆسێکاندا دەکرێت و کۆبونەوەی رۆژی 7ى ئەیلولیش تایبەت دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسییەکە. وتیشى: "بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە زەحمەتە، چونکە لە ساڵى 2005ـەوە یەکەمجارە سکاڵایەکى لەو جۆرە بچێتە ئەو دادگەیە بۆ مەبەستی بڕیاردان لەسەری".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×