"شاژن بەئارامی لەکۆشکی بارامۆڵ کۆچی دواییکرد"
  2022-09-08       1370       

ئا: ئاوێنە

 

ئێوارەی پێنجشەممە ٨ی ئەیلول، هەواڵێک دنیای پڕ کرد، دوای ئەوەی کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند "شاژنە ئێلیزابێز بەئارامی لەکۆشکی بارامۆڵ کۆچی دوایی کرد".

 

شاژنە ئێلیزابێزی دوەم لەتەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی  70 ساڵ شاژنی بەریتانیا بو، کە بەدرێژترین ماوەی پاشایەتی دادەنرێت لەمێژوی ئەو وڵاتەدا.

 

 خێزان‌و کەسوکاری شاژن لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە چوون بۆ کۆشکی بارامۆل، چونکە پزیشکەکان نیگەران بون لەباری تەندروستی شاژنە ئێلیزابێز، ئەم کۆشکە لەسکۆتلەندا دوا شوێنی نیشتەجێبوونی شاژن بوو.

 

بەپێی نەریتی خێزانی پاشایەتی، چارڵس فیلیپ، کوڕە گەورەی شاژن لە تەمەنی 73 ساڵیدا راستەوخۆ دەبێتە پاشای شانشینی بەریتانیاو 14 وڵاتی دیکە لەوانەش ئوسترالیا، کەنەداو نیوزیلاند.

 

ئێلیزابێزی دوەم لەساڵی ڕابردووەوە چالاکی‌و سەردانەکانی کەمکردبوەوە بەهۆی نەخۆشییەوە، دوا دیداری فەرمی ئەو لەگەڵ لیزا تراس، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بوو، دوو ڕۆژ پێش مردنی. وێنەی ئەم دیدارەی کە نەخۆشی‌و ئازارەکانی بەباشی نیشان دەدا، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوە جێی مشتومڕ.

 

ئەلیزابێسی دووەم دوای ساڵێک و پێنج مانگ لە هاوسەرەکەی، شازادە فیلیپ کە تەمەنی ٩٩ ساڵ بوو کاتێک کۆچی دوایی کرد، کۆچی دوایی کرد.

 

بڕیارە لیزا تراس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەبۆنەی کۆچی دوایی شاژن وتارێک پێشکەش بکات، بەپێی پرۆتۆکۆلەکان، یەکەم کاردانەوەی حکومەت بۆ کۆچیدوایی پاشاو شاژن دەبێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە ئەنجام بدرێت.

 

 ئەلیزابێسی دووەم لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا چووە سەر تەختی پاشایەتی دوای مردنی لەناکاوی باوکی بە ناوی جۆرجی شەشەم.

 

لەماوەی درێژخایەنی شاژنیەتی ئێلیزابێزی دوەم، پانزە سەرۆک وەزیران حوکمڕانی بەریتانیان کرد، هەمو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای وینستن چەرچڵ لەلایەن ئێلیزابێزی دوەم راسپێردرابون بۆ پێکهێنانی حکومەت.

 

ئێلیزابێزی دوەم دەستبەکاربوونی چواردە سەرۆکی ئەمریکا لەهاری ترومانەوە تا دەگات بەجۆ بایدن، سەرجەم سەرۆکەکانی کۆماری پێنجەمی فەرەنسا ببینی لەدیگپلەوە بگرە تا دەگات بەئیمانۆیل ماکرۆن.

 

چاوی بەزۆرێک لەکەسایەتییە گرنگەکانی نیوەی دوەمی سەدەی بیستەم‌و سەرەتای سەدەی بیست و یەک کەوت، لەوانە نیلسۆن ماندێلا، سەرۆکی خەباتی دژی ئاپارتاید لەباشووری ئەفریقا، میخائیل گۆرباچۆڤ دوا سەرکردەی یەکێتی سۆڤیەت، پاپا جۆن پۆلسی دوەم رابەری پێشوی کاسۆلیکەکانی جیهان، ئیندیرا گاندی سەرۆکوەزیرانی پێشووی هیندستان، جۆن کێنێدی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاو هایلی سلاسی دوایین ئیمپراتۆری ئەسیوپیا.

 

لەماوەی درێژخایەنی دەسەڵاتی ئەودا، ئینگلتەرا بەچەندین هەورازو نشێودا تێپەڕی: لەخۆشگوزەرانی زلهێزێکی گەورەی جیهانییەوە تا دەگاتە داڕمانی ئیمپراتۆریەتێک کە هەرگیز خۆر لەسەر خاکەکەی ئاوا نابێت.

 

ئێلیزابێزی دوەم خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزو زەردەخەنەیەکی ناوازەی سیحرئامیز بوو کە بەلای هاوڵاتیانییەوە جێی ستایش‌و سەرنجڕاکێش بو، بەکۆچیدوایی ئەو، قۆناغێکی مێژوویی بەریتانیا کۆتایی هات، بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا بەم بۆنەیەوە رایگەیاند "مردنی شاژنە ئێلیزابێز هەمومانی هەتیو خست".

 

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە شاژنە ئێلیزابێزی دوەم بووە خاوەنی درێژترین ماوەی پاشایەتی لەوڵاتەکەیداو ژمارەی پێوانەیی شاژنە ڤیکتۆریای تێپەڕاند.

 

کچە گەورەکەی جۆرج شەشەم کاتێک لەساڵی ١٩٢٦ لەدایکبوو، بڕیار نەبو بچێتە سەر تەختی پاشایەتی، چونکە باوکی کوڕە گەورەی جۆرجی پێنجەمی پاشای ئەوکاتی بەریتانیا نەبو، بەڵکو ئێدواردی هەشتەم، مامی ئێلیزابێزی دوەم گەورەترین منداڵی ئەوکاتی پاشا بو، بەمیراتگری تەخت‌و شازادەی جێنشینی بەریتانیاش دادەنرا. ئێدواردی هەشتەم دوای مردنی باوکی وەک چاوەڕوان دەکرا چوە سەر تەختی پاشایەتی، بەڵام دوای کەمتر لە ساڵێک بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ مەعشوقەکەی بکات ناچار بو دەست لەکاربکێشێتەوە.

 

ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو کە بوە هۆی ئەوەی جۆرجی شەشەم (باوکی ئێلیزابێزی دوەم) لە ساڵی ١٩٣٦دا بچێتە سەر تەختی پاشایەتی، ئەمەش چارەنوسی ئێلیزابێزو مارگریت، خوشکە بچوکەکەی گۆڕی.

 

شازادە ئێلیزابێز وەک گەورەترین منداڵی پاشا لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی دوەمی جیهانی دەستیکرد بە بەشداریکردن لەکۆبوونەوە گشتیەکان، هەروەها لەجەنگی دوەمی جیهانیدا بەشداری لەخولێکی سەربازیی تایبەت بەژنان لەبەریتانیادا کرد.

 

میراتگری تەختی پاشایەتی بەریتانیا لەتەمەنی 21 ساڵیدا، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دوەمی جیهانی لەگەڵ فیلیپ ماونتباتن کە شازادەی پێشوی یۆنان‌و دانیمارک بو، هاوسەرگیری کرد. هاوسەرگیرییەک کە تا مردنی شازادە فیلیپ لەبەهاری ٢٠٢١دا بۆ ماوەی ٧٣ ساڵ بەردەوام بوو. ئێلیزابێزی دوەم لەگەڵ شازادە فیلیپ چوار منداڵی بووە "شازادە چارڵز، شازادە ئان، شازادە ئەندرۆو شازادە ئێدوارد".

 

شازادە چارڵز، یەکەم منداڵیان بووە، لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایکبووە، کە ساڵێک دوای هاوسەرگیری دایک‌و باوکی. دوای شاژنیەتی دایکی لەساڵی ١٩٥٢، وەک شازادەی جێنشینی شانشینی یەکگرتوو ناسێندرا.

 

یەکێک لەگرنگترین روداوەکانی ژیانی ئێلیزابێزی دوەم لەساڵی ١٩٥٢ رویدا، کاتێک لە ٦ی شوباتی ١٩٥٢ لەگەڵ شازادە فیلیپ لەکینیا بوو، باوکی لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان‌و کێشەی تەندروستی دیکەوە کۆچی دوایی کرد.

 

بەم شێوەیە شازادە ئەلیزابێس لەنیوەی ڕێگادا گەشتەکەی بەجێهێشت‌و وەک شاژنی بەریتانیا گەڕایەوە لەندەن.

 

شاژنی بەریتانیا لەماوەی چەندین دەیەی پاشایەتیدا سەدان سەردانی فەرمی بۆ وڵاتە جیاوازەکان ئەنجامدا، یەکەم شاژن‌و پاشای بەریتانیا بو کە لەسەردەمی پاشایەتیدا سەردانی ئوسترالیاو نیوزلەندای کرد، ئەو نەك هەر شاژنی بەریتانیا، بەڵكو شاژنی چەند وڵاتێكی دیكەش بو لەوانە كەنەداو ئوسترالیاو نیوزلەندا.

 

شاژنە ئێلیزابێزی دوەم لەماوەی پاشایەتی خۆیدا چەندین نەریت و داب‌و نەریتی کۆنی لەبنەماڵەی شاهانەی بەریتانیادا گۆڕی. بەدوای داهێنانی نوێدا دەگەڕا لە بواری پەیوەندی نێوان بنەماڵەی شاهانەو خەڵکی ئاساییدا.

 

بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا لە ماوەی دەیان ساڵی پاشایەتی شاژنە ئێلیزابێزی دوەمدا روبەڕوی چەندین روداوو سکاندال بونەوە، یەکەم ئاڵنگاریی بۆ ئێلیزابێزی دوەم وەک شاژنی شانشینی یەکگرتوو، خواستی شازادە مارگرێتی خوشکی بو بۆ هاوسەرگیری کردن لەگەڵ ئەفسەرێکی پێشووی هێزی ئاسمانی بەریتانیا لەساڵی ١٩٥٣، بەپێی یاساکانی کەنیسەی ئەنگلیکانی ئینگلتەرا، قەدەغە بوو ئەندامێکی بنەماڵەی شاهانە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکات کە پێشتر هاوسەرگیریی کردبێت‌و جیابوبێتەوە لەهاوسەرەکەی.

 

هەروەها جیابوونەوەی چەند منداڵێکی ئەلیزابێسی دووەم لەهاوسەرەکانیان لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردو، وەڵامی بنەماڵەی شاهانە بەرامبەر بەمردنی شازادە دیانا لەساڵی ١٩٩٧، بڕیاری شازادە هاری‌و مێگان مارکلی هاوسەری بۆ پاشەکشەکردن لەئەرکە شاهانەیەکان لە ساڵی ٢٠٢٠داو پاگەندەیان سەبارەت بەوەی بنەماڵەی شاهانە پێش لەدایکبوونی منداڵەکەیان کاردانەوەی رەگەزپەرستانەیان هەبوە، بونە مایەی رەخنەگرتن لەبنەماڵەی شاهانە لەسەردەمی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم.

 

یەکێک لەگرنگترین ئاستەنگەکان بۆ دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتی لەدەیەکانی ڕابردودا لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا رویدا، شازادەی جێنشینی بەریتانیا چارڵزو هاوسەرەکەی شازادە دیانا کە لەلای خەڵک زۆر خۆشەویست بوو، لەلێواری جیابوونەوەدا بون، روماڵی میدیاکان سەبارەت بەناکۆکییەکانی ئەو دوو هاوسەرەو پەیوەندیی شازادە چارڵز لەگەڵ کامیلا پارکەر کە ئەو کاتە خۆشەویستی بو، وێنەی تەواوی دامەزراوەی پاشایەتیی خستە ژێر پرسیارەوە.

 

ئێلیزابێزی دوەم، کەسایەتی گەورەو کاریگەرو سەرنجڕاکێش‌ بو هەم بۆ بنەماڵەی شاهانەو خەڵکی بەریتانیاو هەم سەرکردەکانی جیهانیش، کە ٧٠ ساڵە لەگەڵ روداوە گرنگ‌و هەژێنەرەکانی جیهاندا دەژی، پەیجی تویتەری بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا لەزاری چارڵزەوە دەڵێت "کۆچی دوایی دایکی ئازیزم، شاژن ئێلیزابێزی دوەم، گەورەترین خەم‌و پەژارەیە بۆ من‌و هەموو ئەندامانی خێزانەکەم".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×