لەماوەی ساڵێکدا دو برا لەسوید دەکوژرێن
  2019-07-06       3460       

ئا: ئاوێنە


رۆژ شەماڵ، راپەرێكی تەمەن 23 ساڵی ناسراوی كورد بو بەزمانی سویدی گۆرانی دەوت، یەكشەممەی رابردو لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەشاری ستۆكهۆڵم تەقەی لێكراو كوژرا.


"براكەم، ئەو ژیانەی هەمانە زۆر كورتە"!

ئەمە دێڕی گۆرانییەكی رۆژ شەماڵە بەبۆنەی كوژرانی برا گەورەكەیەوە، كە ساڵی رابردو لەستۆكهۆڵم كوژرا.

ئێوارەی یەكشەممەی رابردو، رۆژ شەماڵیش لەبەهاری تەمەنیدا كوژرا.

كاتێك رۆژ‌و سەگەكەی لەماڵ دێنەدەر بۆ پیاسە كردن، ماتۆرسوارێك تەقەیان لێدەكات‌و دەیانكوژێت، پاشان بەخێرایی شوێنی روداوەكە بەجێدەهێڵت.

ئەم تەقە كردنە لەرۆژ لەئێوارەی یەكشەممەدا، سێهەم تەقەكردن بو كە لەماوەی یەك رۆژدا لەپایتەختی سوید روبدات‌و سێ‌ قوربانی لێبكەوێتەوە.    

دراوسێیەكی رۆژ،  كە روداوی تەقە كردنەكەی بەچاوی خۆی بینیوە، دەڵێت "وێنەی بكوژەكە لەكەلەسەرما ون نابێت، كە تەقەكانی كرد كوژراوەكە لەتاو ژیانی دەستی بەرزكردەوەو هاواری كرد نا، نا، نا".


دەشڵێت "چەند شەوە خەو نەچوەتە چاوم، وێنەی بكوژەكە لەمێشكما دێت‌و دەچێ‌‌و دەڵی تەق تەق تەق، هاواری گەنجەكەش لەكەلەسەرما دەزرنگێتەوە".

میدیاكانی سوید ئاماژە بەژان‌و ئازاری دایكی ئەم دو كوڕە كوردە دەكەن كە لەباس كردن نایەو چۆن دو جگەرگۆشەی لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا لەسوید گیانیان لەدەست داوە.


رۆژ شەماڵ، كە بەزمانی سویدی گۆرانی راپی وتوەو بینەری گۆرانیەكانی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی یوتیوب زیاتر لەملیۆنی تێپەڕاندوە، زۆربەی گۆرانیەكانی وەك میدیاكانی سوید دەڵێن پەیوەندی بە"بازرگانی كردن بەمادەی هۆشبەرو تاوان‌و توندوتیژیی"ەوە بوە.

لەكلیبێكیدا رۆژ بەچەكی قورس‌و فیشەكلەغ‌و هێڵەكی دژە گولەوە دەردەكەوێ‌، هەرچەندە خۆی لەتوندوتیژییەوە نەگلاوەو تەنها لەكاری هونەرییدا بەكاری هێناون. وەك دیاكۆی ئامۆزای رۆژ رایگەیاندوە.

دیاكۆ دەڵێت "هەمو ئەوانەی لەدوای خۆی بەجێهێشت، ئەو تەنها شەیدای مۆسیقا‌و گۆرانی بو".

ساڵی رابردو، رۆخ شەماڵی برای رۆژ سی گولە نرا بەملییەوەو لەستۆكهۆڵم كوژرا. میدیاكانی سوید ئاماژە بەوە دەكەن ئەم دو برایە لەکێشەی کۆمەڵایەتییەوە تێوەگلاون كە ساڵی 2014 رویداوەو لەلایەن پۆلیسیشەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە.


پاش سێ‌ روداوی تەقەكردن كە لەرۆژی یەكشەممەدا لەپایتەختی سوید رویدا، پۆلیسی ئەو وڵاتە پشكنین‌و لێكۆڵینەوەیەكی چڕی ئەنجام دا، رۆژی دوشەممە رایگەیاند كە بەتۆمەتی كوشتنی رۆژ شەماڵ، پیاوێكی تەمەن 25 ساڵیان دەسگیركردوە.


پۆلیس راشیگەیاند "چەند بەڵگەیەك هەن كە وادەكات گومان لەم دەستگیركراوە بكەین، بەڵام هێشتا لەقۆناغی سەرەتای لێكۆڵینەوەكانداین".


میدیاكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كەسی گومانلێكراو لەسالانی رابردودا چەندین تاوانی تری ئەنجامداوەو ئەندامی یەكێك لەگروپە تاوانكارییەكانە، كە بەشێوەیەكی رێكخراو كاری تاوانكاری ئەنجامدەدەن.

 

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا ١٦ گەنجی كورد لەسوێد كوژراون، بەڵام كوژرانی رۆژ دەنگدانەوەی زیاتر بوو، لەبەرئەوەی یەکێک بو لەڕاپەڕە ناودارەکانی ئەو وڵاتە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×