فەرماندەیەكی پێشوی سوپای پاسداران لەبارەی مەرگی ژینا ئەمینی: بەپێی راپۆرتی پزیشكی زەبر بەر سەری كەوتوە
  2022-09-29       1602       

ئا: ئاوێنە

 

فەرماندەیەكی باڵای پێشوی سوپای پاسداران لە تۆمارێكی دەنگیدا ئاشكرایدەكات كە بەپێی قسەی سەرچاوە باوەڕپێكراوەكانی پزیشكی دادیی ئێران، هۆكاری بێهۆشبون و مەرگی ژینا ئەمینی، ئەوە بوە كە زەبر بەر كاسەی سەری كەوتوە.

 

محەمەد باقر بەختیار، كە لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراقدا، یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران بوە، لە تۆمارێكی دەنگیدا رایگەیاندوە، حكومەتی ئێران هەوڵی بەلاڕێدابردنی راستی مەرگی ژینا ئەمینی داوە.

 ئەو فەرماندە باڵایەی پێشوی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی قسەی چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو كە ئاگاداری راپۆرتی پزیشكی دادی بون لەبارەی مەرگی مەهسا ئەمینی، وتویانە، بەپێی راپۆرتەكە لەدوای گواستنەوەی ژینا بۆ نەخۆشخانەی كەسرا، لەدوای پشكنینی سەرینی و بەهۆی "خوێنبەربونی ناوەكی"، سپڵیان دەرهێناوە بۆ ئەوەی دۆخی جێگیرببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە زەبر بەر كاسەی سەری كەوتوە، ژینا بێهۆش بوەو گیانی لەدەستداوە.

محەمەد باقر بەختیار هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەگەر حكومەتی "عەقڵێكی تەندروستی هەبوایە" بەكاری دەهێناو بەرپرسیارێتی ئەو روداوەی دەگرتە ئەستۆ و داوای لێبوردنی دەكرد كە بەوەش رەنگە "كاردانەوەی كەمتر یەخەی بگرتنایە."

گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، كچە كوردی 22 ساڵەی خەڵكی سەقز، لەدوای دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ئاكاری تارانەوە، ناڕەزایەتی سەراسەری بەرفراوانی لە ئێران لێكەوتەوە كە ئەو ناڕەزایەتییانە پشتیوانییەكی بەرچاوییان لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبونی دو هەفتە بەسەر گیان لەدەستدانیدا، هێشتا دەسەڵاتدارانی ئێران بەڕەسمی هۆكاری مەرگی ژینا ئەمینیان رانەگەیاندوە.

فەرماندە باڵاكەی پێشوی سوپای پاسداران، لە تۆمارە دەنگییەكەدا قسەكانی "بەناوی خوای ستەملێكراوان و خوای تۆڵەكەرەوە لە ستەمكاران" دەستپێكردوە، مەرگی ژینا ئەمینی بەراورد كردوە بە مەرگی گوماناوی چەندان كەسایەتی دیكە لە ئێران و وتویەتی: حكومەتی هیچ كاتیك بەرپرسیارێتی مەرگی ئەو كەسانەی هەڵ نەگرتوە.

محەمەد باقر بەختیار، جەختی كردۆتەوە كە حكومەتی ئێران بە پاساوی "سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان" بەدوای سەركوتكاری و دابەشكردنی كۆمەڵگەوەیە.

وتوشیەتی"شەرمەزارم كە سەردەمانێك بە ئاواتەوە لەگەڵ مانەوەی ئەم رژێمەدا بوین."

ئەوەشی وتوە"ناڕەزایەتییەكانی خەڵك راستەوخۆ رویان لە رابەر(خامەنەیی)ە، دروشمەكانیان دژی رابەرن. خەڵك ئێوەیان ناوێ. لەمە تێبگەن."

بەرلەو قسانەی محەمەد باقر بەختیار-یش گروپێكی هاككەر، بەڵگەیەكیان لەبارەی مەرگی مەهسا ئەمینی بڵاوكردەوەو تێیدا لەزاری شایەتحاڵەكانەوە هاتوە كە بینویانە كچێك لەكاتی بردنی بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس، بەرگری كردوەو لەكاتی كێشمەكێشدا سەری بەر شۆستەی كەنار شەقامەكە كەوتوە. بەڵام میدیای ئێران دەستبەجێ ئەو بەڵگەیەی بە "ساختە" ناوبرد.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×