بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: عێراق 100 ملیۆن دۆلاری بە کڕینی درۆن داوەو درۆنەکان نافڕن
  2022-10-06       795       

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق هیچ درۆنێکی نییە، ئەگەر هەشیبێت لە دەستی حەشدی شەعبی دایە و ئێران پێیداون. دەشڵێت، عێراق بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار گرێبەستی بۆ کڕینی درۆن کردوە، بەڵام درۆنەکان نافڕن.

ئاوێنە: لیوا ئەحمەد عارف ئامێدی، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە روداوی راگەیاند"لە دوای ساڵی 2003، چەند بڕیارێکی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا سەپێندراون، عێراق تەنیا مافی ئەوەی هەیە چەکێک بکڕێت بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی بەهێز بکات، مافی ئەوەی نییە چەکێک بکڕێت بتوانێت هێرشی پێ بکات".

سەبارەت بە بابەتی پێدانی درۆن بە هێزەکانی پێشمەرگەو رێگریکردن لەو بابەتە لە لایەن عێراقەوە، نوێنەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق وتی"عێراق تاوەکو ئێستا هیچ درۆنێکی نییە، ئەگەر هەشیبێت بە دەستی حەشدی شەعبییەوەیە کە ئێران پێیانی داوە."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد"عێراق گرێبەستی لەگەڵ وڵاتێک کردوە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار، خۆم لەو کۆبونەوەیە ئامادەبوم، بەڵام هیچ یەکێک لەو درۆنانە نافڕن".

بە بڕوای ئەحمەد عارف، ئەگەر یەکێک ئێستا بەدواداچون بۆ ئەو گرێبەستانە بکات کە عێراق بۆ کڕینی چەک کردویەتی"عەقڵ و لۆژیک و خەیاڵ پێشبینی بۆ ناکات، بۆ نمونە گرێبەستێک دەکەن بۆ کڕینی چەند تۆپهاوێژێک کە بەهاکەی ناگاتە سێ بۆ چوار ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەوان دێن و دو سفری بۆ زیاد دەکەن و دەبێتە 30 ملیار".

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×