ئا: ئاوێنە
به‌ده‌نگی ٨٠ په‌رله‌مانتاری پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان‌و پێكهاته‌كان، یاسای به‌رده‌وامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ده‌رچوێندرا، به‌وه‌ش بۆ جاری هەشتەم په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی خۆی درێژكرده‌وه.
یه‌كشه‌ممه ٢٠٢٢/١٠/٩، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئاماده‌بونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دانیشتنی ژماره (١١)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی چوارەم له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چو.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه، كه بریتیبو له‌دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای بەردەوامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه، ڕاپۆرتی ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساكه خرانه ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكران، پاشان كۆی یاساكه خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی ٨٠ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنه‌كانی پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان‌و پێكهاته‌كان په‌سند كرا.
هه‌ریه‌ك فراكسیۆنەکانی كۆمەڵ، یەكگرتوو، بەشێك لەفراكسیۆنی گۆڕان، ئازادی‌و پەڕلەمانتارانی سەربەخۆ بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كه‌ی پەڕلەمانی كوردستانیان كرد‌و فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ به‌شداری له‌دانیشتنه‌كه‌دا كرد، به‌ڵام دژی یاساكه وه‌ستایه‌وه‌و ده‌نگی پێنه‌دا.
یاسای به‌رده‌وامبونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌سێ مادده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه، دوای تێپه‌ڕاندنی یاساكه، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، "مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنی یاساكه ڕێگریكردنه له‌دروستبونی بۆشایی یاسایی‌و به‌رجه‌سته‌كردنی پره‌نسیپی به‌رده‌وامیی دامه‌زراوه ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان-عێراق، هه‌روه‌ها گه‌ره‌نتیكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان له‌به‌رده‌وامیی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانداو بۆ ته‌واوكردنی ڕێكسازییه یاسایی‌و كارگێڕی‌و هونه‌رییه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك‌و بێگه‌ردو جێمتمانه‌و ده‌سته‌به‌ركردنی تۆماری بایۆمه‌تریی پاك‌و بێگه‌ردو ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی سیاسیی له‌بارتر بۆ هێنانه‌دیی یه‌كڕیزی و كۆده‌نگیی نیشتیمانی له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌پیاده‌كردنی مافه‌كانی خۆپاڵاوتن‌و ده‌نگدان‌و فه‌راهه‌مكردنی هه‌لومه‌رجی ڕكابه‌ریی یه‌كسان له‌نێوان هه‌موواندا."
به‌پێی یاسا‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، رۆژی 6ی 11ی ئەمساڵ ماوه‌ی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ده‌هات، هه‌رچه‌نده بڕیاربو لەمانگی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی‌و پارتییەوە هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامنه‌دراو بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
تائێستا پەرلەمانی كوردستان هه‌شت جار بەهۆكاری شەڕی ناوخۆ‌و ناكۆكییه سیاسه‌كانی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوە.