ئیمان بە جلی قوتابخانەوە كوژرا
  2022-10-17       1687       

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

ئیمان ئەحمەد، لە وانەی پێنجەمدایە كاتێك باوكی دەچێت بە شوێنیدا و بە پاساوی هاتنی میوان دەیگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنەوەدا و پێش ئەوەی جلوبەرگی قوتابخانە بگۆڕێت، "دوو فیشەك بە سنگیەوە دەنێت".

روداوەكە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، 17ـی تشرینی یەكەمی 2022، لە گەڕەكی شورتەی ناوەندی قەزای كفری بووە و بەوتەی كەسوكاری ئەو كچە قوتابییە، كە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزانیش جەختی لێدەكاتەوە؛ باوكی تۆمەتباری سەرەكییە.

ئیمان تەمەنی 14 ساڵە، خوێندكاری حەوتی بنەڕەتییە لە خوێندنگەی سیروان لە كفری.

"ئەمڕۆ (دوشەممە) لە وانەی پێنجەم باوكی چوە ئیمانی بەپەلە لە قوتابخانە هێناوەتەوە بۆ ماڵەوە، ئەوەندە پەلەی بووە نەیهێشتووە كچەكەم جانتاكەی بهێنێت، كە گەیشتونەتە ماڵەوە كوشتویەتی" كازیوە عاسی، دایكی كوژراوەكە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو دەڵێت كاتێك گەیشتوەتە شوێنی روداوەكە و "بینیم فیشەك بە سنگی كچەكەمەوەیە" بوراوەتەوە.

دایكی ئیمان تەمەنی 36 ساڵە، زیاتر لە ساڵێكە ماڵی لە هاوسەرەكەی جیاكردۆتەوە و زیاتر لە مانگێكیشە بە رەسمی جیابونەتەوە، بەهۆی كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتییەوە، لە دوای جیابونەوەش هەردولا هاوسەرگیری دیكەیان كردۆتەوە بۆیە ئیمان و خۆشك و براكانی لەگەڵ باوكیاندا ماونەتەوە.

رائید ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان لە گەرمیان بە (كەركوك ناو)ـی وت "باوكی ئیمان رۆیشتووە لە خوێندنگە كچەكەی هێناویەتیەوە بۆ ماڵ و پێیوتووە بێرەوە میوانمان هەیە، بەڵام هەر بەجلی قوتابخانەكەوە كوشتویەتی و دوو فیشەك بە سنگیەوە نراوە".

بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی، شایەتحاڵ و كەسوكاری ئەو كچە، لەكاتی روداوەكەوە ماڵی باوكی ئیمان چۆڵ بووە، چونكە باوەژنی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی باوكی خۆیی، منداڵەكانی دیكەش، خوشك و براكانی ئیمان، هەمویان لە قوتابخانە بون.

"لە شوێنی روداوەكە كڵاشینكۆف و قەوانی فیشەك دۆزراوەتەوە، بەڵام ماڵەكە چۆڵ بووە، نە باوەژنی ئیمان، نە باوكی و نە خوشك و براكانیشی لێ نەبووە" بەوتەی رائید ئەیوب.

ئیمان كچی گەورە و دووەم منداڵی خێزانەكەیەتی، سێ خوشك و دوو برای دیكەی هەیە، هەمویان لەیەك دایكن.

"مێردەكەم زۆر خراپ بوو بۆیە جیابومەتەوە، تا گەیشتە ئەوەی خیانەتی لێدەكردم، دواتر ژنی هێنا و خەرجی نەدەكردین كاتێك منداڵەكانم لابوو، بۆیە بڕیارمدا منداڵەكانی پێبدەمەوە" دایكی ئیمان بەدەم هەنسكی گریان و لەڕێی تەلەفۆنەوە بۆ (كەركوك ناو) قسەی كرد.

كازیوە وتی "منداڵەكانم دەهاتن بۆ لای من و شەویش دەمانەوە، كچەكەم دەیوت باوكی خۆشی ناوێن .. باوكیان زۆر خراپ بوو لەگەڵیاندا، بە سوندە لێیدەدان، قسەی ناشرینی پێدەوتن، شێتبون بەدەستیەوە، هەفتە نەبوو لە مافەكانی مرۆڤ و توندوتیژی خێزانی و پۆلیس شكاتی لێنەكەن".

(كەركوك ناو) نەیتوانی لە باوكی ئەو كچە و كەسانی نزیكی هیچ زانیاریی و لێدوانێك وەربگرێت.

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس باوكی ئیمان وەك تۆمەتباری سەرەكی داواكراوە بەڵام تائێستا دەستگیرنەكراوە و شوێنی نازانن.

عەلی جەمال، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەشی ئەو كچە شوێنی فیشەكی پێوەیە... لەئێستادا باوكی هەڵاتووە، بەوپێیەی كە باوكی هەڵاتووە گومانمان وایە هەر خۆی كچەكەی كوشتبێت و بكەری تاوانەكە بێت، تائێستاش دەستگیرنەكراوە".

هەروەها رونیكردەوە، دۆسیەكە رەوانەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی كراوە، چونكە كێشەكە خێزانییە و پێشتریش ئەو دۆسیەیە لای ئەوان بووە، بەوپێیەی دایك و باوكی كچە كوژراوەكە ناكۆكی لەنێوانیاندا هەبووە.

باوكی ئیمان تەمەنی 37 ساڵە، پێشتر سێ جار سكاڵای لەسەر تۆماركراوە كە دوانیان لەلایەن هاوسەری پێشوی (دایكی ئیمان) و یەكێكیان لەلایەن خودی كچەكەی؛ ئیمان-ـەوە بووە.

"دایكی ئیمان بە تۆمەتی خیانەتی زەوجی پێشتر دوجار سكاڵای دژی هاوسەرەكەی هەبووە و بەهۆیەوە هاوسەرەكەی ماوەیەك لە زیندان بووە، تا دواتر گەیشتۆتە جیابونەوە و دوو هەفتەش لەمەوبەر، ئیمان لەگەڵ باپیری (باوكی دایكیدا) هات و سكاڵای دژی باوكی و باوەژنی تۆماركرد، بە تۆمەتی لێدان و توندوتیژی" بەوتەی رائید ئەیوب حەسەن.

وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان دەڵێت لەسەر ئەو سكاڵایە باوكی ئیمان دەستبەسەركرا، بەڵام ئیمان-ـی كچی، لێی خۆشبوو، لە سكاڵاكەی پاشەكشێی كرد و بەهۆیەوە باوكی ئازادكرا.

تەرمی ئیمان هەر ئەمڕۆ بۆ پشكنین و لێكۆڵینەوە لە پزیشكی دادوەری بوو تا دواتر لە كفری بەخاكبسپێدرێت.

"ئیمان-ـی كچەزام پێشتر هاتەلام و بە گریانەوە وتی باپیرە چیتر تەحەمولی باوكم ناكەم چونكە زۆر لێمدەدات، كێشەم بۆ دروستدەكات و خەرجیمان ناكات، داوایكرد لەگەڵیدا بڕۆم تا سكاڵای لەسەر بكات، منیش لەبەرئەوەی شەو بوو، لەگەڵیدا رۆیشتم و لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سكاڵای دژی باوكی كرد" بەوتەی عاسی محەمەد، باپیری ئیمان (باوكی كازیوە).

عاسی بە (كەركوك ناو)ـی وت "دواتر كچەزاكەم لە باوكی خۆش بوو، بۆیە لە زیندان ئازادكرا و دوای هەفتەیەك ئەمڕۆ یەكسەر خەبەریان پێداین كە لەناو ماڵەكەیاندا كچەكەی كوشتووە".

دایكی ئیمان سورە لەسەر دەستگیركردنی هاوسەری پێشوی و سكاڵا تۆماردەكات.

"كوڕە گەورەكەم وتی دایكە كاتێك لە قوتابخانە هاتمەوە شایەتحاڵەكان وتویانە تەقە كراوە و باوكت رایكردووە، دواتر دەركەوتووە خوشكەكەی بە فیشەك كوژراوە، جگە لەوەش تۆماری كامێرای چاودێری هەیە كە باوكی رادەكات، من داوادەكەم باوكیان لە سێدارەبدرێت، وەك چۆن جەرگی منی سوتاند".

لە هەرێمی كوردستان، كوشتنی كچان و ژنان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە سزاكەی زیندانی هەتاهەتایی تا لەسێدارەدانە و بكوژەكانیش بەپێی یاسا هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×