"ئاسایشی سلێمانی 8 هاوڵاتییە دەستگیرکراوەکەی باكور ئازاد بكەن"
  2022-10-21       1461       

ئا: ئاوێنە

 

رێکخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئەو هەشت هاوڵاتییەی باكوری كوردستان كە دوێنی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران ئەندامی ئەوانن و داوا دەكەن بەپەلە ئازادبكرێن، بە پێچەوانەوە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن، دەشڵێن: "ئەم ڕەشبگیرییە وەک ڕەشبگیرییەکانی دەوڵەتی تورکە دژی کورد."

 

رۆژی هەینی، لەبەردەم نوسینگەی خۆیان لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لە دژی دەستگیرکردنی هەشت ئەندامیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا.

موسا خالد لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا بەناوی ڕێکخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا وتی: دوێنێ ئاسایشی سلێمانی کاتژمێر ٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ، هێرشیان کردوەتە سەر نوسینگەی ڕێکخراوەکەمان و چوار ئەندامی میزۆپۆتامیایان دەستگیرکردوە، هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڕێمان سەروەت ئاکدەنیز و چونەتە سەر دوکانی هاوڕێمان محەمەد سۆیلەمەز و بەگشتی هەشت ئەندامی ڕێکخراوەکەمانیان دەستگیرکردوە.

وتیشی"ئەم ڕەشبگیرییە سیاسییە و خزمەتی گەلی کورد ناکات."

ئاماژەی بەوەشدا "بەهیچ جۆرێک ئەم کارە قبوڵ ناکەین و هەڵوێست لە دژی نیشاندەدەین، ئەم ڕەشبگیرییە وەک ڕەشبگیرییەکانی دەوڵەتی تورکە دژی کورد، ئەوەی دوێنی لە سلێمانی ڕویداوە هەمان سیاسەتی دەوڵەتی تورکە، ئێمە کەسانی سیاسین و ناسنامەمان دیارە، ئێوە ئەگەر ئاسایشی گەلی کوردن و خزمەتی گەلی کورد دەکەن، ئەم ڕەشبگیرییە لەپێناو چی دەکەن، لەپێناو دڵخۆشکردنی دەوڵەتی تورک دەیکەن؟"

لەکۆتاییشدا ئاماژەی بەوەدا، "کۆتاجار ئاسایش بەئێمەی وت تا بەیانی هاوڕێکانتان ئازاد دەکەین، بەڵام ئازادنەکراون بۆیە دەستبەجێ داوادەکەین کە هاوڕێکانمان هەرئەمڕۆ ئازادبکرێن، هەتا هەمو هاوڕێکانمان ئازاد نەکرێن بە چالاکی جۆر بە جۆر بەردەوامدەبین لە ناڕەزایەتی."

ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، لەگەڕەکی عەلی ناجی سلێمانی بۆمبێکی دەستی بەئۆتۆمبێلێکدا تەقیەوە کە باره‌گاى حزبێكى توركمانى لێیە، ئۆتۆمبێلەکە لەجۆری تۆیۆتا فۆرچنەرەو بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو کەس بریندار بون".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×