ئایا مەسعود بارزانی، ئەدهەم  بارزانی بەپیاوی ساواک‌و ئیتیلاعات ناودەبات؟
  2022-10-30       2596       
مەسعود بارزانی - ئەدهەم بارزانی

ئا: ئاوێنە

 

مەسعود بارزانی دەڵێت "یەکێک لەخزمە نزیکەکانم ببووە پیاوی ساواک‌و دوای روخانی شاش بەردەوام بوو لەگەڵ ئیتیلاعاتی ئێران‌و تا ئێستاش هەر بەردەوامە"، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو خزمە نزیکەی بهێنێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەمدواییە مەسعود بارزانی رێگەی لەهاتنەوەی ئەدهەم بارزانی لەئێرانەوە بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی گرتوەو ئێستا لەشاری سلێمانییە.

 

شێخ ئەدهەم بارزانی کە نەوەی شێخ ئەحمەدی بارزان‌و ئامۆزای مەسعود بارزانییە، یەکێکە لەکەسایەتییە دیارەکانی ناو بارزانییەکان‌و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بوەو لەهەشتاکانی سەدەی رابردوشدا سەرکردەی حزبوڵای شۆڕشگێڕی کورد بوە، پاش ئەوەی ماوەیەکە بەئاشکراو نهێنی رەخنە لەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان‌و چۆنیەتی مامەڵە کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ روداوەکاندا دەگرێت، ڕێگریی لەهاتنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان لێدەکرێت‌و دواجار ڕاستەوخۆ لەئێرانەوە دەچێتە بەغداو لەوێشەوە بۆ سلێمانی‌.



پێش ئەوەی ئەدهەم بارزانی شوێنی نیشتەجێبونی خۆی لەمەسیف بەرەو ئێران بەجێبهێڵێت رایگەیاند بو کە "بەتەواویی نیگەرانە لەئەمنیەتی خۆی‌و ماڵ‌و مناڵەکانی"، کە بەفەرمانێک تەواوی کادرو ستاف‌و پاسەوانە تایبەتەکانی ئەدھەم بارزانی سەحب کرابونەوە بۆ زێرەڤانی.

 

ئەدهەم بارزانی کە بەردەوام رەخنە لەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەگرێ‌و لەبەرامبەریشدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران‌و خاوەنی خانوییەکیشە لەشاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران‌‌و گرژی‌و شەڕو ئاڵۆزی کەوتنە ناو شاری شنۆو شارەکانی رۆژهەڵاتەوە، دەیویست لەڕیگەی مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەفەرمانی مەسعود بارزانی رێگری لێکرا.

 

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکتێبە نوێکەیدا "بەرگی چوارەمی – بارزانی‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد"، سەبارەت بەدو روداوی حەفتاکان‌و هەشتاکانی سەدەی رابردو لەدو شوێندا بەبێ ئەوەی ناوی کەسەکە بهێنێت ئاماژە بەیەکێک لەخزمە نزیکەکانی دەکات کە پێشتر پیاوی ساواک‌و ئێستاش پیاوی ئیتیلاعاتە.

 

مەسعود بارزانی سەبارەت بەحزبوڵای شۆڕشگێڕی کورد کە ئەدهەم بارزانی سەرکردەی بوە، دەنوسێت "ژمارەیەک لەبەرپرسانی ئێران لەژێر چاودێریی راستەوخۆی مەحمودی هاشمی‌و زولقەدردا، رێکخستنێکیان بەناوی حزبوڵا دامەزراندو هەموو جۆرە یارمەتییەکیان داو وایان لێکدابوەوە کە حزبوڵڵا دەبێتە بەدیل‌و ئەلتەرناتیڤی پارتی. لەناو حزبوڵڵاشدا دوو بۆچوون هەبوون، بەشێکیان وایان زانی ئێمە ئاگاداری بابەتەکەین‌و ئەمە دابەشبوونی ڕۆڵەکانە (کە وا نەبوو فڕی بەسەر ڕاستییەوە نەبوو)، کاتێکیش زانییان ئەم رێکخستنە بۆ دژایەتیکردنی پارتییە، زۆربەیان وازیان هێناو کشانەوە. ژمارەیەکی تر لەپێناو دەستخستنی پارەو پلە بەدوایان کەوتن‌و بەشێکی تریش بەڕاستی نیازێکی خراپیان هەبوو دژی پارتی، بەڵام سەرنەکەوتن، کاتێک ئێران هەستی کرد کە کاریگەرییان وەک پێویست نییە هیوای پێیان نەماو دواتر توانەوە".

 

لەبەشێکی دیکەی ئەم کتێبەشدا دەڵێت "ئیبراهیم گاباری کە کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لەلایەن عەدنان دەباغ وەزیری ناوخۆی سوریاوە لەشاری کەرەج سەردانی کردم‌و پەیامێکی زارەکیی حکومەتی سوریای لەڕێگەی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەوە پێ راگەیاندم کە ئامادەن بۆ دروست کردنی پەیوەندی لەنێوان پارتی‌و سوریا".

 

بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک ئیبراهیم گاباری دوای دو سێ رۆژ دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ دیمەشق لەڕێگەی فڕۆکەخانە ساواک دەستگیری دەکەن. پاشان مۆبینی گەورە بەرپرسی ساواک‌و یەکێک لەڕاوێژکارانی نەسیری سەرۆکی ساواک، تەلەفون بۆ مەسعود بارزانی دەکات کە لەکەرەجەوە بچێت بۆ تاران‌و پاش گەیشتنی بەئوتومبێلێکی جام تاریک دەیبەن بۆ شوێنێکی نەزانراو کە ئیبراهیم گاباری تیا بەند کراوە. لەوێ بەرپرسانی ساواک ئاگاداری مەسعود بارزانی دەکەنەوە واز لەچالاکی‌و کاری سیاسی بهێنێت چونکە لێی قبوڵ ناکرێت‌و پێیدەڵێن ئیبراهیم گاباری بۆ هاتوەو لەماڵی کێ بوە؟ ئەویش دەڵێ پەیامی زارەکی عەدنان دەباغی پێبوەو لەماڵی من بوەو هەرچی بوە من لێی بەرپرسم. پاش ئەوەی تا دوانزەی شەو بەبێ ئاوو خواردن ساواک دەیانهێڵنەوە، ئازادیان دەکەن.

 

بارزانی دەڵێت "زۆرم پێخۆش بو بزانم ئیبراهیم گاباری چۆن گیرا؟ هەرچەندە هاتنەکەی بەنهێننی نەبوو، بەڵکو بەپاسپۆرتی سوری‌و بەشێوەیەکی ئاسایی‌و یاسایی لەفڕۆکەخانەی دیمەشقەوە هاتبووە تاران. دواتر بۆم دەرکەوت کە یەکێک لەخزمە نزیکەکانمان هەواڵی بۆ ساواک بردبوو بەگرتنی دابوو. چونکە بەداخەوە ببووە پیاوی ساواک‌و دوای روخانی شاش بەردەوام بوو لەگەڵ ئیتیلاعاتی ئێران‌و تا ئێستاش هەر بەردەوامە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×