ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی: بڕیاری راگرتنی ئەم ئاڕاستەی حوكمڕانییەی هەرێممان داوە
  2022-11-08       986       

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، ئەمڕۆ سێشەممە، كۆبوەوەو لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، یەكێتی لەگەڵ راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی كوردستانە بەجۆرێك تاكڕەوی و مۆنۆپۆلی حوكمداری نەمێنێت و حكومەتی هەرێم بۆ هەمو خەڵكی كوردستان بێت نەك جیاكاری و جیاوازی بكرێت. جەختیشدەكاتەوە كە "یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستەی حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی."

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە هۆڵی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی، كۆبونەوەی ئاسایشی خۆی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبونەوەکەدا "دەستخۆشی لە یەک دەستی و یەک ئیرادەیی سەرکردایەتی یەکێتی کرد کە بوە مایەی سەرخستنی بەرنامەی تیمی یەکێتی لە بەغدا و جێگیرکردنی داخوازییەکانی کورد، بەتایبەتی کە شوێن دەستی یەکێتی بەکارنامەی حکومەتی دەوڵەتمەدار محمد شیاع سودانییەوە دیارە."

جەختیشی کردەوە کە "سیاسەتی یەکێتی سیاسەتێکی دروستە بەوەی بەغدا سەنگەری یەکەمی پاراستنی عیراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ و تەوافقییە، هەرئەوەش  بنچینەی پرۆسەی سیاسی عیراقە." وتیشی: هەر ئەوە ئیرادەی یەکێتییە و دڵنیابن ئەو ئیرادەیە سەردەخەین.

بەپێی راگەیەندراوەكە، کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەروا لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستانیش هەڵوەستەی کرد کە "یەکێتی لەگەڵ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی کوردستانە بە  جۆرێک تاکڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوکمداریی نەمێنێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمو خەڵکی کوردستان و هەمو شار و ناوچەکان بێت، نەک جیاکاری و جیاوازی بکرێت. هەربۆیە یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستەی حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازکرد.

کۆبونەوەکە ئەمڕۆ ٨/١١/٢٠٢٢ بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی بەڕێوەچو، تایبەت بو بە گفتوگۆکردن لەسەر هەڵوێستەنەگۆڕەکانی یەکێتی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دوای پێکهێنانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی حوکمڕانی و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان.

سەرۆک بافڵ لە کۆبونەوەکەدا دەستخۆشی لە یەک دەستی و یەک ئیرادەیی سەرکردایەتی یەکێتی کرد کە بوە مایەی سەرخستنی بەرنامەی تیمی یەکێتی لە بەغدا و جێگیرکردنی داخوازییەکانی کورد، بەتایبەتی کە شوێن دەستی یەکێتی بەکارنامەی حکومەتی دەوڵەتمەدار محمد شیاع سودانییەوە دیارە.

جەختیشی کردەوە کە سیاسەتی یەکێتی سیاسەتێکی دروستە بەوەی بەغدا سەنگەری یەکەمی پاراستنی عیراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ و تەوافقییە، هەرئەوەش  بنچینەی پرۆسەی سیاسی عیراقە. گوتیشی: هەر ئەوە ئیرادەی یەکێتییە و دڵنیابن ئەو ئیرادەیە سەردەخەین.

کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەروا لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستانیش هەڵوەستەی کرد کە یەکێتی لەگەڵ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی کوردستانە بە  جۆرێک تاکڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوکمداریی نەمێنێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمو خەڵکی کوردستان و هەمو شار و ناوچەکان بێت، نەک جیاکاری و جیاوازی بکرێت. هەربۆیە یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستە حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەسەر کۆبونەوەکانی وەفدی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان قسەی کرد کە بۆ بەرچاوڕونی و راوێژیی پێویست بو لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانمان تا لە هەڵوێستە دروست و نیشتمانییەکانی یەکێتی ئاگادار بن.

بەشێکی تری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ تەرخانکرابو بۆ گفتوگۆ لەسەر کاروباری ناوخۆیی حزب و ئۆرگانەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×