راکان جبوری: هەر بەپارێزگاری کەرکوک دەمێنمەوە
  2022-11-12       1144       

ئا: ئاوێنە

 

راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت رایگەیاند، بەبێ رێكاری یاسایی یاخود تاوەكو ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناكرێت گۆڕانكاریی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكدا بكرێت و لە پۆستەكەی لادرێت، چونكە وەك خۆی دەڵێت "من بەشێوەیەكی یاسایی نەك بە رێككەوتنی سیاسی، پارێزگاری كەركوكم".

 

راكان جبوری، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عێراق لەبارەی لادانی لە پۆستەكەی، رایگەیاند"من بەشێوەیەكی یاسایی نەك بە رێككەوتنی سیاسی پارێزگاری كەركوكم، من جێگری پارێزگارێكی هەڵبژێدراو بوم و بەشێوەیەكی یاسایی پۆستی پارێزگارم وەرگرتوە."

 

ئاماژەی بەوەشداوە كە "لەو رێككەوتنە سیاسییەی هەیە هیچ بڕگەیەك نییە بۆ گۆڕینی پارێزگار، بەڵكو پێكهێنانی لیژنەیەك هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی كاری پارێزگارە بەوەكالەتەكان و پاشان بڕیاردان لەبارەیانەوە".

 

راكان سەعید جبوری، لە ئۆكتۆبەری 2017دا لەدوای گەڕانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و پاشەكشێی پێشمەرگە لەو ناوچانە، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق كرایە پارێزگاری كەركوك بەوەكات كە پێشتر جێگری پارێزگار بو.

 

راكان جبوری لەمیانی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ میدیای رەسمی عێراق جەختیشی كردەوە كە بەبێ رێكاری یاسایی یاخود تاوەكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، ناكرێت لە پۆستەكەی لادرێت.

 

راکان جبوری، کە لەهەڵبژاردنەکەی ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١ی عێراق وەک ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا، سوێندی یاسایی نەخواردو بڕیاریدا دەستبەرداری کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق بێت و لەپۆستی پارێزگاری کەرکوک بمێنێتەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەدوای ساڵی 2003ەوە تاوەکو روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 پۆستی پارێزگاری کەرکوکی بەڕێوەدەبرد، لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی عێراقیشدا بەردەوام جەخت لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە دەکاتەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حزبەکەی جەماوەریترین حزبی پارێزگاکەیەو لەهەمو مو هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین دەنگ و کورسی بەدەستهێناوە، بۆیە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە مافی خۆی دەزانێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×