قەتەر بە١٠ ملیار دۆلار پشتیوانی لەئەردۆغان دەکات پێش هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکەی تورکیا
  2022-11-25       1608       

ئا: ئاوێنە

 

تورکیا پشتیوانییەکی گەورەیی دارایی قەتەر بەدەستدەهێنێت کە بەهاکەی دەگاتە 10 ملیار دۆلار، پێش کۆتایی ئەمساڵ 3 ملیار دۆلاری لێوەردەگرێت، دانوستانەکانی قەتەرو تورکیا هاوکاتە لەگەڵ دانوستانێکی دیکە کە تورکیا لەگەڵ شانشینی سعودیە سەبارەت بەوەرگرتنی 5 ملیار دۆلار کە دەخرێتە ناو بانکی ناوەندی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لەسەقامگیری لیرە.

 

قەتەر خوازیاری پشتیوانیکردنە لەئەردۆغانی هاوپەیمانی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکەی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کە بە گرنگترین هەڵبژاردن دادەنرێت بۆ داهاتووی سیاسیی ئەردۆغان‌و ئاکەپە، لەکاتێکدا تورکیا ڕوبەڕوی دۆخێکی دارایی سەخت بوەتەوە، ئەمەش دوای زنجیرەیەک داڕمان دێت کە بەر لیرەی تورکی کەوتەوەو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەراورد بەلیرە ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردوەو لەمساڵی ٢٠٢٢دا بێ وێنە بوە.

 

ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ دۆحەو ڕیاز گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا هەوڵدەدات بە کەمترین زیان لێی دەربچێت، لەکاتێکدا خۆی و پارتی دەسەڵاتداری دادو گەشەپێدان لەساڵی ٢٠٠٢ەوە ئامادەکاری دەکەن بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا کە بڕیارە لەحوزەیرانی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

 

قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ئەو سەرکوتکردنە چڕانەی کە لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردوەکەی تەموزی ٢٠١٦ەوە بەدوای خۆیدا هێناوە، کاریگەری لەسەر پێگەی جەماوەریی‌و چانسی پارتەکەی لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا هەبوە.

 

ئەردۆغان ئاڕاستەی سیاسەتەکانی دەرەوەی خۆی لەدوژمنایەتی‌و پێکدادان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو گۆڕیوە بۆ ئاشتەوایی‌و هیوادارە لەو ڕێگەیەوە پێش هەڵبژاردنەکان وڵاتەکەی لەقەیرانی دارایی دەرباز بکات، کە ئەمەش یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ داهاتووی سیاسی خۆی.

 

یەکێک لە بەرپرسانی تورکیا ڕایگەیاندوە کە قەتەر پارەیەکی زۆروزەبەند تەرخان دەکات بۆ تورکیاو هەردوو سەرکردەی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و میری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردوە.

 

ئەم سپۆنسەرکردنە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی یەدەگی دراوی بیانی بۆ پشتگیریکردن لەسیاسەتی دارایی ئەردۆغان کە بریتییە لەکەمکردنەوەی ڕێژەی سودی بانکی، لەگەڵ ڕێوشوێنی دیکەی هاندان، سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان‌و دابەزینی نرخی لیرە.

 

هاوکات لەگەڵ دورکەوتنەوەی  وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ وەبەرهێنان لەتورکیا، ئەنقەرە ڕوی لەوڵاتانی "دۆست" کرد بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دەرەکی بۆ پشتیوانی لەسیاسەتەکەی‌و پاڵپشتیکردنی لیرە لەڕێگەی گەیشتن بەهاوسەنگی لەنێوان خواست‌و خستنەڕووی دراوە بیانییەکان.

 

لە ئێستاوە گرێبەستی ئالوگۆڕ لەنێوان بانکی ناوەندی تورکیاو هاوتا قەتەرییەکەیدا کراوە کە لە سەرەتادا بەهای 5 ملیار دۆلار بووە، بەرپرسی بانکی ناوەندی تورکی رایگەیاندوە "دانوستانەکان لەگەڵ قەتەر بۆ دابینکردنی سەرچاوەی نوێ بۆ تورکیا گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی، پێشبینی دەکرێت بەلایەنی کەمەوە هەشت ملیار دۆلار بێت، بەڵام ئەگەری هەیە بگاتە دە ملیار دۆلار".

 

قەتەر پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ تورکیا هەیە، ئەنقەرە پاڵپشتی دۆحەی کرد کاتێک سعودیە، ئیمارات، بەحرەین‌و میسر لەساڵی 2017 بایکۆتیان کرد بەهۆی ناکۆکییەکەوە کە سەرەتای ساڵی ڕابردو یەکلایی کرایەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی دارایی سعودیە سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، تورکیا لە گفتوگۆدایەو گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی لەگەڵ ڕیاز سەبارەت بە دانانی پێنج ملیار دۆلاری سعودیە لە بانکی ناوەندی تورکیا.

 

وەزارەتی گەنجینەو دارایی تورکیاش رایگەیاندوە کە ئەنقەرەو ڕیاز نزیکبوونەتەوە لەڕێککەوتن لەسەر وەبەرهێنانی پێنج ملیار دۆلار، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، ئەم ڕێکەوتنە پێشبینی دەکرێت بەمزووانە واژۆ بکرێت، لەچوارچێوەی نزیکبوونەوەی نێوان ڕیازو ئەنقەرەدا، دوای چەندین ساڵ جیاوازی توند لەنێوانیاندا.

 

هەروەها ڕێککەوتنەکە بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ سەرۆک ئەردۆغان دادەنرێت کە سەرەتای ئەمساڵ گەڕایەوە بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئابورییان لێوەربگرێت.

 

نورەتین نەباتی وەزیری دارایی تورکیا سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ وەرگرتنی هاوکاری لەسعودیە، قەتەرو ئیماراتی عەرەبی.

 

پێشتر ئەردۆغان بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، ڕەنگە بەمنزیکانە یەدەگی فەرمیی دراوی بیانی وڵاتەکەی بۆ 130 ملیار دۆلار بەرزبێتەوە، بە بەراورد بە بەرزترین ئاستی کە لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا تۆمارکرابوو، کە 117.5 ملیار دۆلار بوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×