هاوسەرۆکی هەدەپە: پێویستە ئۆپۆزسیۆن بزانێت ئەگەر پشت بکەنە ئێمە بەرامبەر ئەردۆغان دەدۆڕێن
  2022-12-16       1146       

ئا: ئاوێنە

 

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت، تا ئەندازەیەک لەوە دڵنیاین کە ئەو کاندیدەی لە هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆکایەتیی تورکیا لەلایەن پارتەکەیانەوە پشتیوانیی دەکرێت سەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن پشت بکەنە هەدەپە ئەوا ئەردۆغان سەردەکەوێتەوە.

 

مەتحەت سنجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ” فاینەنشاڵ تایمز”ی بەریتانی رایگەیاند، تا ئەندازەیەک لەوە دڵنیان کە ئەو کاندەیدە لەهەڵبژاردنی داهاتوی تورکیادا دەردەچێت کە پارتەکەیان پشتیوانیی دەکات، ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئەگەر لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بکەونە دانوستانی ئاشکرا لەگەڵیان و ڕێکبکەون، ئەوە دەکرێت هەدەپە پشتیوانیی کاندیدەکەیان بکات.

وتیشی، تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە لە چوارچێوەی بیرکردنەوە فاشیستیەکەی خۆی بێتە دەرەوە کە دەوڵەت دایڕشتوە، ئەردۆغانیش لەڕوبەڕوبونەوەى ئۆپۆزیسیۆندا گرفتێکى ئەوتۆی نییە، چونکە ئۆپۆزیسیۆن لەیاریگای خۆیدا یاریی دەکات.

هاوسەرۆکى هەدەپە ئاماژەی بەو سکاڵایە کرد کە لە دژی هەدەپە تۆمارکراوەو هەڕەشەى داخستنى لەسەرە، باسی لەوە كرد، ئامانجی سەرەکیی لەو سکاڵایانە بریتییە لە لەناوبردنی بونی پارتە سیاسییە کوردییەکان و ڕێگرییکردن لەو توانا گەورەیەی هەیەتی لە چونەپاڵ دینامیکییەتی سیاسیی تورکیا، پێشیوایە کە هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە بردنەوەی ئەردۆغان و کوتلەکەی ئاسان دەکەن.

هەروەها هاوسەرۆکی هەدەپە ئەوەی خستەڕو، ئەگەر هەدەپە داخرا، ئەوە پلانیان هەیە لەڕێگای دروستکردنی پارتێکی نوێوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ دا بکەن. وتیشی، تەنانەت ئەگەر هەدەپە داشبخرێت، لەناو ناچن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×